Abdullah Shukur
15 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 16 تشرینی یەکەم 2016
ریزە
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "نیازی ئەوەمان نییە کە لە باشیک بچینە دەرەوە. تا چارەسەرکردنی کێشەی مووسڵ ئێمە لەو شوێنەین".سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بەشداری لە رێوڕەسمی کردنەوەی ساڵی ئاکادیمی ٢٠١٦-٢٠١٧ لە زانکۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان کرد.ئەردۆغان رایگەیاند کە تورکیا لە بواری پیشەسازی بەرگری کاری باشی کردووە و گوتیشی: " ھاتووینەتە ئاستێک کە دەتوانین ھێلیکۆپتەری خۆمان دروست بکەین، بەڵام ھەوڵیاندا بەم ھێلیکۆپتەرانە ئێمە بۆردومان بکەن و ئێمە بکوژن. بابەتەکە ئەوەیە کە پێویستە بیرو بۆچوونەکان بگۆڕین. بۆ ئەمەش پێویستمان بە شۆڕشی رۆشنبیریی ھەیە. پێویستە چاکسازی لە بواری رۆشنبیریدا ئەنجام بدەین".
ئەردۆغان گوتیشی: "باوەڕ بەخۆمان دەکەین. رێگە نادەین دوو سێ چەکداری پەکەکە، تورکیا دابەش بکەن. رێگە نادەین چوار یان پێنج چەکداری داعش ئێرە دابەش بکەن. ئەمانە پەیوەندییان بە ئیسلامەوە نییە. ئەمانە مسوڵمان نین. ئەمانە ئاینە جوانەکەی ئێمە پیس دەکەن. پەیەدە و یەپەگە پاشماوەی پەکەکەن و کەسانێکیش لە پشت ئەوانەوەن. چەکیان بۆ فڕێدەدەنە خوارەوە".
ئەردۆغان لەبارەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ رایگەیاند کە تورکیا ناتوانێت خەڵکی مووسڵ بۆ چارەنووسی خۆیان بەجێبھێڵێت و کەسانێک دەیانەوێت، ئەو شارە لە خەڵکەکەی وەربگرنەوە و بیدەن بە کەسانێکی دیکە. راشیگەیاند کە ئەوان ئەمە قبوڵ ناکەن و جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەبێ خەڵکی مووسڵ لە شارەکەی خۆیان بژین.ئەردۆغان لەمبارەیەوە زیاتر گوتیشی: "داعش دزەی کردووەتە ئەم شوێنە. بەداخەوە ھێزەکانی ھاوپەیمانان دەڵێن "تورکیا پێویستە مۆڵەت لە حکوومەتی ناوەندی عێراق وەربگرێت بەمەبەستی بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنی مووسڵ"، منیش لێرەوە بە ھێزەکانی ھاوپەیمانان دەڵێم کە کاتێک تورکیا بنکەی سەربازیی باشیکی دامەزراند، حکوومەتی ناوەندی عێراق ھات و داوای لە ئێمە کرد کە ئەم کارە ئەنجام بدەین. ئێستاش دەڵێن دەبێ تورکیا لە باشیک بچینە دەرەوە. بەڵام تورکیا نیازی ئەوەی نییە لە باشیک بچیتە دەرەوە. تا چارەسەرکردنی کێشەی مووسڵ ئێمە لەو شوێنەین. لە تەلەعفەریش ٤٠٠ ھەزار تورکمان ھەیە و نیوەیان شیعی و نیوەیان سوننین. بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە لەو شوێنەین".