Abdullah Shukur
08 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 09 ئاب 2016
مۆسکۆ
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند "پێویستە زۆر بە روونی ئەوە بڵێم، کە گرنگترین رۆڵگێر لە دەستەبەرکردنی ئاشتی لە سووریا بە پلە یەک وڵاتی رووسیایە. ئێمە وەک تورکیا و رووسیا پێکەوە پێویستە ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین".
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان پێش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر پوتین لە شاری سەنت پیتەرزبورگ لێدوانێکی بۆ کەناڵی دەوڵەتی رووسیا، "رۆسیا٢٤" و ئاژانسی ھەواڵی رووسی "تاس" ی داو.
لە لێدوانەکەدا ئەردۆغان گوتی: "پێویستە زۆر بە روونی ئەوە بڵێم، کە گرنگترین رۆڵگێر لە دەستەبەرکردنی ئاشتی لە سووریا بە پلە یەک وڵاتی رووسیایە. ئێمە وەک تورکیا و رووسیا پێکەوە پێویستە ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین".
ئەردۆغان زیاتر گوتیشی: "لە رۆژی دووەمی رووداوەکانی ھەوڵی کودەتا، بەرێز پوتین پەیوەندی بە منەوە کرد و دژایەتی خۆی بۆ ھەوڵی کودەتا راگەیاند. ئەوان پاڵپشتی خۆیان بۆ ئێمە راگەیاندووە. بەم ھۆیەوەش سوپاسی خۆم بە ناوی گەلەکەمەوە پێشکەشیان دەکەم".
سەرکۆماری تورکیا زیاتر گوتیشی: "ئێمە دەتوانین لەگەڵ رووسیا ھەنگاوێک بھاوێژین. دەمانەوێت سووریا دابەش نەبێت. بەڵام بۆ ئەمەش پێویستە بەشار ئەسەد بخەینە لایەکەوە کە بووەتە ھۆی کوشتنی ٦٠٠ ھەزار کەس. ئەنجامدانی ئەمە لەگەڵ ئەسەد ئەستەمە".
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە درێژەی لێدوانەکەیدا گوتیشی: "لە دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکەکە، ھەشت مانگ تێپەڕی. ئێمە لەگەڵ رووسیا لە بواری ئابووری ئامانجێکی ١٠٠ ملیار دۆلاریمان ھەیە. بەشێک لە پرۆژە گەورەکانمان جێبەجێ نەکرد وەک پرۆژەی "ئاک کیوی"، ئێستا دەرفەتی ئەوەمان دەبێت کە تاوتوێی ئەم پرۆژانە بکەین. لە پەیوەندی نێوان تورکیا و رووسیا لاپەڕەیەکی نوێ دەکرێتەوە. لەمبارەیەوە ھیچ دوو دڵییەکم نییە. دەمەوێ لە کەنەڵەکانی تەلەفزیۆنەوە ئاماژە بەوە بکەم من و بەڕێز پوتینیش ئامادەکاریمان کردووە. لە نێوان ھەردوو وڵات دەستپێکێکی نوێ دەبێت. ئەم سەردانە بە مەبەستی کرانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ ئەنجام دەدرێت".