Dahuk
دهۆك - AA
یه‌كه‌مین فێستیڤاڵی پەتاتە لە پارێزگای دهۆک بە دەستپێشخەری بەڕێوەبەرایه‌تی گشتی کشتوکاڵی پارێزگاکە و هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی دهۆک و هەروەها پاڵپشتی کۆنسوڵخانەی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان، دەستی پێكرد.
سه‌رۆكی لیژنه‌ی ڕێكخستنی یەکەمین فێستیڤاڵی پەتاتە لە دهۆک پرۆفیسور ڕافائیل شليمون تۆما ڕایگه‌یاند: "له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا، له سنووری پارێزگای دهۆك زۆر گرنگی به به‌رهه‌می په‌تاته ده‌درێت، له ڕێی پرۆژه‌یه‌ك كه به هاوبه‌شی کۆلێژی زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵییەکان زانکۆی دهۆك، ڕاهێنانی پێشكه‌وتوو سه‌باره‌ت چۆنییه‌تی چاندنی په‌تاته، به هه‌شت هه‌زار جوتیار و زیاتر له ٧٠٠ ئه‌ندازیاری كشتۆكاڵ كراوه".
ڕافائیل شليمون تۆما گوتیشی: "له سنووری پارێزگای دهۆك ڕووبه‌ری چاندنی زەوی به په‌تاته و توێی په‌تاته ڕۆژ بۆ ڕۆژ له‌گه‌شه‌كردندایه. ئه‌گه‌ر به‌رهه‌می په‌تاته له ساڵی ٢٠١٤ له سنووری پارێزگای دهۆك به‌راوردی ئێستا بكه‌ین، له‌و ساڵه‌دا به‌رهه‌می په‌تاته ١٠٤ هه‌زار تۆن بوو، له ساڵی ٢٠٢٣ به‌رهه‌می ساڵانه‌ی په‌تاته گه‌یشتووه‌تە ٥٤٨ هه‌زار تۆن، له ساڵی ٢٠٢٥ به‌رهه‌می ساڵانه‌ی په‌تاته گه‌یشته زیاتر له ٨٠٠ هه‌زار تۆن".
له فێستیڤاڵی پەتاتە لە پارێزگای دهۆك ٥٠ کەپر بۆ نمایش‌کردنی بەرهەمەکان ئامادەکراون، زیاتر لە ١٠ جووتیار، ١٥ کۆمپانیا و چەندین ڕێستۆرانت لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارن و ماوەی سێ ڕۆژ دەخایەنێت.
لەمیانی کردنەوەی فێستیڤاڵەکەدا پارێزگاری دهۆک عه‌لی ته‌ته‌ر لە گوته‌یه‌كدا، بەناوی خەڵکی پارێزگاکەوە سوپاسی پشتیوانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە بەردەوام لەگەڵ حکوومەتی هۆڵەندا پشتیوان و ڕێخۆشکەر بوون بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەکەیان کە بریتییە لە پشتیوانی بەرهەمی پەتاتە لە هەرێمی کوردستان. هەروەها سوپاسی حکوومەتی هۆڵەندا و وەبەرهێنەرانی ناوچەکە و سەرجەم ڕێکخەرانی فیستیڤاڵەکەی کرد. دووپاتیشی لە پشتیوانی حکوومەتی هەرێم بۆ ئەو کەسانە کردەوە کە لە بواری کشتوکاڵیدا کار دەکەن و دەستخۆشی لە سەرجەم جووتیارانی ناوچەکە کرد.
ئاماژەی بەوەشدا: "بەرهەمی پەتاتە لەسەر ئاستی هەرێم لەسەدا ٧٥ و لەسەر ئاستی عێراق لەسەدا ٦٥ی لە پارێزگای دهۆکە، شارەزایانی ئەو بوارە توانیویانە لە پارێزگای دهۆک دوو جۆری توێی پەتاتە دروست بکەن، پەتاتەکانی پارێزگاکه‌ی دهۆكیش بۆ دەرەوەی وڵاتیش ڕه‌وانه ده‌كه‌ین".
کۆنسوڵی گشتی هۆڵەندا لە هەولێر ئەدریان ئایسلستاین، خۆشحاڵی خۆی ده‌ربری لە ئاماده‌بوونی له یەکەمین فێستیڤاڵی پەتاتە لە دهۆک، سوپاسی پارێزگاری دهۆک و بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی دهۆک و زانکۆی دهۆک و سەرجەم ئەو لایەنانەی کرد کە هاوکار بوون لە ئامادەکردنی ئەم فێستیڤاڵە.
ئایسلستاین له لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کشتوکاڵ بۆ ئاسایشی خۆراک و ژیان و دەرفەتەکانی کار زۆر گرنگە و چاندنی پەتاتە ڕۆڵێکی گرنگی گێڕاوە لە بەدەستهێنانی ئەم خاڵانەدا. کەرتی گشتی و تایبەتی هۆڵەندی هاوکاری گەشەسەندنی کەرتی پەتاتەیان لە دهۆک کردووە. ئەو پەیوەندییەی کە چەندین ساڵ لەمەوبەر لەم بوارەدا دروستمان کرد، ئێستا پەرەی سەندووە بە مەبەستی بەرهەمێکی باشتر و کوالیتییەکی بەرزتر".
هودا فارس جانۆ یه‌كێك له به‌شداربووانی فێستیڤاڵه‌كه له لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوو جۆری په‌تاته‌مان له فێستیڤاڵی پەتاتەی پارێزگای دهۆک نیشانداوه، جۆرێكیان ناوی یوسف كه بۆ کوڵاندن به‌كاردێت، ئاتراش بۆ فێنگه‌ر و جبس به‌كاردێت، ئه‌م به‌رهه‌می هی هه‌رێمی كوردستانه، لێره ده‌چێندرێت".
فه‌نه‌ر فه‌رهاد جوتیارێكی كۆمه‌ڵگای شاریایه لە سنوورى قەزای سێمێل، باس له‌وه ده‌كات له چاندنی په‌تاته‌دا سوودی له درۆنی کشتوکاڵی وه‌رگرتووه و له لێدوانێكی دا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "چه‌ندین درۆنی كشتۆكاڵیم هێناوه بۆ ڕشاندنی په‌تاته، كه زیاتر له دوو ساڵه له هه‌موو شاره‌كانی هەرێمی كوردستان ئه‌و كاره ده‌كه‌م، هه‌روه‌ها ڕشاندنی دەرمان بۆ هه‌موو جۆره ده‌رمانێكی كشتۆكاڵی".
