Dlshad Saifaalddin Ahmed
26 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2017
سلێمانی ـ AA
سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، غالب محەمەد رایگەیاند، بە ھۆی ھێرش و پەلامارەکانی ھێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا بۆ سەر پارێزگای کەرکووک و ناوچەکانی تر، ھەرێمی کوردستان لە رووی وزەوە گەورەترین زیانی بەرکەوتووە و بە پێی بەدواداچوونەکان زیاتر لە ٦٠ لەسەدی ئەو بیرە نەوتیانەی ھەبوون و ئەو یەدەگی نەوتەی ھەرێمی کوردستان ھەیبوو، ئێستا لە دەستی داوە و ھەمووی لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقیدایە.
غالب محەمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بە ھۆی کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانە لە لایەن ھێزە عێراقییەکانەوە، زیاتر لە ٥٣٥ بیرە نەوتی کەوتووەتە دەست حکوومەتی عێراقییەوە، بەو ھۆیەوە ئاستی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان زۆر کەمی کردووە و لە ٨٠٠ ھەزار بەرمیلەوە بۆ ٢٠٠ ھەزار دابەزیوە، بەو بڕەش ناتوانین بەشی بەرھەمە ناوخۆییەکانیشی لێ دابین بکەین".
سەرۆکی لیژنەی وزەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کە لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕانە، ھەروەھا گوتی: "ئەوەی ھەیە ئەوەمان نیشان دەدات کە حکوومەتی ھەرێم سیاسەتێکی شکستخواردووی ھەبووە لە ئیدارەدانی نەوت و غازدا، کاتی خۆی رایگەیاندبوو کە بە بێ نەوتی کەرکووک ئاستی بەرھەمی نەوت دەگەیەنێتە یەک ملیۆن بەرمیل، بەڵام ئێستا بە نەوتی کەرکووکیشەوە نەیتوانی بگاتە ئەو ئاستە و کەرکووکیشی لەدەستدا".
غالب محەمەد باسی لەوەش کرد، بە ھۆی ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاستی ھەناردەکردنی نەوتی زۆر کەمی کردووە و داھاتی فڕۆکەخانە و دەروازەکانیشی لەدەستداوە، بەو ھۆیەوە توانای دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی نییە، ئەو گوتی: "کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان توانای دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی نەبێت و مووچە نادرێت، پێویستە داوا لە بەغدا بکەین بۆ دابینکردنی مووچە بە پێی دەستوور".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، پێشتر چەندین یاداشت و داواکاری بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان ئاراستەی حکومەت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردووە، بەڵام وەڵامی داواکارییەکاینان نەدراوەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش داوا دەکات چیتر داواکارییەکانیان ئاراستەی حکوومەتی ناوەندی بکەن و لە رێگەی ئەوانەوە پێداویستییەکانی شاری سلێمانی دابین بکەن.
ئەم گوتانەی ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، دوای کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و بڕیاردان لەسەر بەرزکردنەوەی یاداشتێک بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی مووچە و بوودجە و پێداویستییەکانی سلێمانی، لە یاداشتەکەدا ١٥ رۆژ دیاری کراوە بۆ وەڵامدانەوەیان، بە پێچەوانەوە وەک خۆیان رایانگەیاندووە ئەوکات پەنا بۆ رێکاری تر دەبەن.