سياسەت, ئابووری

گوتاری نێچیرڤان بارزانی لە پێشانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گەشتیاری

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی: "داوا لە دەزگا ئەمنییەکان و لە ھەموو دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ھەرێم دەکەم کە بەردەوام ئەوپەڕی ھاوکاری نیشان بدەن. مامەڵەیەکی کوردستانییانەی نەرم وخۆش پێشوازی لە میوانانی ئازیزی کوردستان بکەن"

Heman Hussein Yaseen Yaseen  | 17.03.2019 - نوێکردنەوە : 18.03.2019
گوتاری نێچیرڤان بارزانی لە پێشانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گەشتیاری

Arbil

هەولێر - AA

لە میانی کردنەوەی دووەمین پێشانگای رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ گەشتوگوزار لە ھەولێر، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند کە پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری یەکێکە لە کارە لە پێشینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەگەر دۆخی سەختی چەند ساڵی رابردوو نەبووایە ئەوا حکوومەتی هەرێم پلانێکی فراوانی جێبەجێ دەکرد.

بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق، عەبدولئەمیر حەمدانی و ژمارەیەک لە وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، بەرپرسان و پەرلەمانتارانی عێراق و ھەرێمی کوردستان، باڵیۆزان و ديپلۆماتکار و کۆنسول و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە ھەرێمی کوردستان، رێوڕەسمی پێشانگای گەشتیاریی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە ھەولێر بەڕێوەچوو

دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بەشەکانی پێشانگاکەی بەسەرکردەوە گوتارێکی پێشکەش کرد کە تیاییدا جەختی لەوە کردەوە کە ھەرێمی کوردستان خاوەن زەمینەیەکی لەبار و ماددەیەکی خاوی زۆر باشە و پێویستیی گەشتیاری ‌و ژینگەی کۆمەڵایەتیی ئامادە و کۆمەڵگەیەکی خەڵک دۆست و میوانپەروەری ھەیە کە ھەمیشە حەزی لە خۆشی و ژیان، ئارامی و ئاشتەوایییە و گوتی:

"بێگومان ئەگەر دۆخی سەختی چەند ساڵی رابردوو نەبووایە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلانێکی فراوانی بۆ پەرەپێدان و پێشخستنی کەرتی گەشتیاری لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرد، سروشتێکی سەرنجڕاکێش، دەشت و دۆڵ، گرد و شاخ و چیا، چەم و رووبار و کانی و، سەدان شوێنەواری مێژوویی، ھەموو توخمە پێویستەکانی گەشتیاری لە ھەر چوار وەرزەکەی کوردستاندا فەراھەمن. لە ھەموویشی گرنگتر ئامادەیی و ژینگەی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگەی خەڵک دۆست و میوانپەروەری کوردستانە کە ھەمیشە حەزی لە خۆشی و لە ژیان، لە ئارامی و ئاشتەوایییە. خەڵکێکە ھیچ کێشەیەکی لەگەڵ بیر و فەلسەفەی گەشتیاریدا نییە".

نێچیرڤان بارزانی دووپاتیکردەوە کە ھەندێک جار یاسا و رێنماییەکان و رۆتین و رێکارەکان و کارگێرییەکی سست و لەسەرخۆ، وایانکردووە وەبەرھێنەر دوودڵ بێت، یان دوور بکەوێتەوە و نەوێرێت وەبەرھێنان بکات، بۆیە دڵنیایی دا کە حکوومەت لە چوارچێوەی چاکسازییەکانیدا ھەرچی پێویستە بۆ نەھێشتنی کەموکوڕییەکان ئەنجامی دەدات و زەمینەیەکی باشتر بۆ وەبەرھێنان لە ھەموو کەرتەکاندا فەراھەم دەکات، چونکە سیاسەتی حکوومەتی ھەرێم ئەوە بووە رۆڵێکی گەورە بداتە کەرتی تایبەت تا لە ھەموو بوارەکانی ئاوەدانکردنەوە و بونیادنان و برەودان بە ھەموو کەرتەکانی ژیان لە ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی کارا ھاوبەش و بەشدار بێت و لە قۆناغەکانی داھاتووشدا، ئەو بەشداری و ھاوبەشییە بۆ پێشخستنی ھەرسێ کەرتی گەشتیاری، کشتوکاڵ و پیشەسازی، گەورەتر و فراونتر دەکرێت.

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "ھەرێمی کوردستان تەنها بە ھەبوونی سێ کەرتی بەھێزی گەشتیاری، کشتوکاڵ و پیشەسازی دەتوانێت خۆی لە مەترسی و ئەنجامە خراپەکانی پشتبەستن بە تەنها کەرتی نەوت رزگار بکات. بۆیە دووپاتی دەکەینەوە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ھاوکاری و ئاسانکارییەک پێشکەش دەکات تا رێگای بەردەم وەبەرھێنان لە کەرتی گەشتیاریدا خۆش بکات و وا بکات سەرمایەی زۆر گەوەری بیانی و ناوخۆیی لە کەرتی گەشتیاریی ھەرێمی کوردستاندا بەگەڕ بخرێت. برەودان و پێشخستنی کەرتی گەشتیاری یەکێک لە ئەولەویەتەکانی داھاتووی حکوومەت دەبێت".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نێچیرڤان بارزانی باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدای کرد و گوتی: "ئێمە بە ئومێدەوە دەڕوانینە داھاتووی پەیوندییەکانمان لەگەڵ بەغدا. دەمانەوێت ھەنگاو بە ھەنگاو ھەموو کێشەکانمان لەگەڵ حکوومەتی فیدرالی عێراق لە چوارچیوەی دەستووردا چارەسەر بکەین. ھیوادارین باشبوونی پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا، ھاندەرێکی دیکە بێت بۆ وەبەرھێنەر و سەرمایەداران تاکو دەرفەتی کار و وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان بقۆزنەوە. ئەوان دەتوانن لێرەوە لە ھەرێمی کوردستانەوە بەرەو ناوچەکانی دیکەی عێراقیش ھەنگاو بنێن و سنووری وەبەرھێنانیان فراوانتر بکەن".

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "لە کاتێکدا بەرەو جەژنی نەورۆز دەچین و بە ھەزاران خوشک و برای عێراقیمان لە شار و ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە، ھەروەھا لە سنوورەکانی وڵاتانی دراوسێوە بۆ سەیران و گەشتوگوزار روو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، داوا لە دەزگا ئەمنییەکان و لە ھەموو دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەم کە بەردەوام ئەوپەڕی ھاوکاری نیشان بدەن. لە دەروازە و فڕۆکەخانەکان بە زەردەخەنەیەکی جوان و بە روویەکی گەش و مامەڵەیەکی کوردستانییانەی نەرم و خۆش، بەگەرمی بەخێرھاتن و پێشوازی لە میوانانی ئازیزی کوردستان بکەن".

لە کۆتایی قسەکانیدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشنیازی کرد کە ئەم پێشانگایە ببێتە نەریتێک و ساڵانە پێشانگای هاوشێوە بکرێتەوە و گوتی: "دووبارە بەخێرھاتنی ھەمووتان دەکەم، دەستخۆشی لە دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان دەکەم بۆ کردنەوەی ئەم پێشانگایە. ھیوادارم دەرگایەکی دیکەی وەبەرھێنان لە بواری گەشتیاریدا لە ھەرێمی کوردستان بکاتەوە و زۆر گرێبەست و رێککەوتنی کار و وەبەرھێنانی تێدا ئیمزا بکرێت. پێم وایە گرنگە ئەم پێشانگەیە ببێتە نەریت و پێشەنگەیەکی ساڵانە و بەردەوام بێت".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن