Zeynep Duyar,Hülya Ömür Uylaş
13 مای,س 2024•نوێکردنەوە: 14 مای,س 2024
ئەنقەرە - AA
وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا، مەهمەت شیمشەک ڕایگەیاند: "بەدەر لەو بینایانەی بوومەلەرزە مەترسیان لەسەر دروست دەکات، بۆ ماوەی سێ ساڵ کڕین و دروستکردنی بینای نوێ ڕادەگرین. ڕێگە بەکرێگرتنی نوێ نادەین، قۆناغ بەقۆناغ کۆتایی بەو کرێیانەش دەهێنین کە ئێستا هەن".
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا و بە بەشداری جێگری سەرکۆماری تورکیا، جەودەت یڵماز و وەزیری گەنجینە و دارایی، مەهمەت شیمشەک، لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار "پاکێجی كەمكردنەوەی خەرجی و کارایی لە کەرتی گشتیی" ڕاگەیاندرا.
وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا شیمشەک، لە گوتارەکەیدا باسی لەوە کرد کە گرنگترین پێشینەی کاریان چارەسەرکردنی کێشەی گرانییە و ڕایگەیاند: "دابەزاندنی هەڵئاوسان بۆ تاک خانەیی کارێکی پێویستە بۆ خۆشگوزەرانیی و گەشەسەندنێکی بەردەوام. سەقامگیری نرخ گرنگترین پێکهاتەی ئەمەیە".
شیمشەک ئاماژەی بەوە کرد کە بەرەنگاربوونەوەی هەڵئاوسان بە چاکسازی بنەڕەتی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سیاسەتی دراو، دارایی و داهات ئەنجام دەدرێت و، باسی لەوە کرد بانکی ناوەندی کۆماری تورکیا هەموو جۆرە ڕێوشوێنێکی لە بواری خۆیدا بۆ دابەزاندنی ڕێژەی هەڵئاوسان گرتووەتەبەر.
وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا شیمشەک، ئەوەیشی خستەڕوو کە بەو پاکێجەی ئەمڕۆ ڕایانگەیاندووە و بەو هەنگاوانەی دیکە کە لەم نزیکانەدا لە سیاسەتی داراییدا دەیانگرنەبەر، هاوکار دەبن لە پرۆسەی کەمکردنەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان.
شیمشەک جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بەم تێڕوانینە "پاکێجی كەمكردنەوەی خەرجی و کارایی لە کەرتی گشتیی"ان ئامادەکردووە، ڕایگەیاند: "لەم قۆناغەدا کە برینەکانی بوومەلەرزەیان ساڕێژکردووە، لە ڕووی کەرتی گشتییەوە دەستیان بە کەمکردنەوەی خەرجی کردووە و خەرجییەکانیشتان خستووەتە ژێر دیسیپلینەوە".
گوتیشی: "بەدەر لەو بینایانەی بوومەلەرزە مەترسیان لەسەر دروست دەکات، بۆ ماوەی سێ ساڵ کڕین و دروستکردنی بینای نوێ ڕادەگرین. ڕێگە بەکرێگرتنی نوێ نادەین، قۆناغ بەقۆناغ کۆتایی بەو کرێیانەش دەهێنین کە ئێستا هەن".
وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا شیمشەک، باسی لەوە کرد کە جگە لە بوارەکانی وەک ئۆتۆمبێلی فریاکەوتی گشتیی، بەرگریی و ئاسایش کە زۆر پێویستن، بۆ ماوەی سێ ساڵ کڕینی ئۆتۆمبێلی نوێ و بەکرێگرتن ڕادەگرن.
ڕاشیگەیاند: "مووچەی دەستەی بەڕێوەبەریەتی کارمەندانی گشتی سنووردار دەکەین. تەنیا لە یەک شوێنەوە دەتوانرێت مووچەی دەستەی بەڕێوەبەریەتی وەربگیرێت، سنووری بەرز بۆ مووچە دادەنێین".
هەروەها شیمشەک باسی لەوە کرد کە جگە لە خەرجی بوولەمەرزە و پێویستەکان، بەڕێژەی سەدا ١٠ دەرماڵەی کڕینی کاڵا و خزمەتگوزاری و سەدا ١٥ دەرماڵەی وەبەرهێنان کەم دەکەنەوە.