Arbil
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی عێراق راپۆرتێكی له‌باره‌ی چالاكییه‌كانییه‌وه له شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا بڵاوكردووەتەوە کە چه‌ندین ئاماری گرنگ له‌خۆده‌گرێت.
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی عێراق له دووتوێی 52 لاپه‌ڕه‌دا، راپۆرتی شه‌ش مانگی ئه‌مساڵی خۆی بڵاوكرده‌وه كه تایبه‌ته به رۆژی یه‌كه‌می 2019 تاوه‌كو 30ی مانگی حوزه‌یرانی 2019، راپۆرته‌كه له حه‌وت به‌ش و دوو پاشكۆ پێكدێت.
پۆخته‌ی راپۆرتی ده‌سته‌كه باس له‌وه ده‌كات كه له شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا، هه‌زار و 939 كه‌س ره‌وانه‌ی دادگا كراون، 34 فه‌رمانی هێنانه به‌رده‌م دادگا و ده‌ستبه‌سه‌ركردن و گرتن بۆ وه‌زیره‌كان و ئه‌وانه‌ی له پله‌ی وەزیردان ده‌رچووه.
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی عێراق كه ده‌سته‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆییه و سه‌ربه ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه، كه‌سایه‌تی سه‌ربه‌خۆی دارایی و كارگێڕیی هه‌یه و لێكۆڵینه‌وه له پرسه‌كانی گه‌نده‌ڵی له عێراق ده‌كات، ئه‌وه‌یشی ئاشكراكردووه كه نۆ هه‌زار و 571 ئاگاداركردنه‌وه و هه‌واڵ پێدان و دۆسیه‌ی تاوانیان چاو پێداخشاندووه‌ته‌وه، دوو هه‌زار و 89 یان ئاگاداركردنه‌وه بوون، دوو هه‌زار و 699 یشیان هه‌واڵ و چوار هه‌زار و 738 یشیان دۆسیه بوون.
ژماره‌ی ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌شی كه ره‌وانه‌ی دادگاكانی تاوان و كه‌تن كراون، هه‌زار و 939 كه‌س بوون كه پێنج كه‌س له‌وانه پله‌ی وه‌زیریان هه‌بووه، هاوكات ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌شی كه ره‌وانه‌ی دادگا كراون له‌وانه‌ی پله تایبه‌تن 100 كه‌سن.
به‌پێی زانیارییه‌كان، ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی عێراق، دوو هه‌زار و 317 كه‌س ده‌بن، بوودجه‌ی ته‌رخانكراو بۆ ده‌سته‌كه له ساڵی 2019 بریتی بووه له 59 ملیار و 636 ملیۆن دیناری عێراقی (نزیكه‌ی 50 ملیۆن دۆلاری ئه‌مریكی).
ئاژانسی ئانادۆڵو به‌دواداچوونی بۆ ناوه‌ڕۆكی راپۆرته‌كه‌ی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی كردووه و بۆی ده‌رده‌كه‌وێت کە ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی عێراق له میانی شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا، دوو هه‌زار و 89 دۆسیەی ئاگاداركردنه‌وه‌یان له‌باره‌ی هه‌بوونی گه‌نده‌ڵییه‌وه هه‌بووه.
ژماره‌ی كه‌یسه‌كانی تاوانی تۆماركراو له نیوه‌ی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ چوار هه‌زار و 783 كه‌یس بوون، دوو هه‌زار و 912یان ته‌واوبوون، هه‌روه‌ها ژماره‌ی ئه‌و فه‌رمانی ده‌ستگیركردنانه‌ی له شه‌ش مانگی یه‌كه‌مدا ده‌رچوون بریتی بوون له 857 فه‌رمان، 407 یان جێبه‌جێ كراون، سه‌باره‌ت به پۆستی ئه‌وانه‌شی فه‌رمانی ده‌ستگیركردنییان هه‌یه 8یان وه‌زیرن، 46یان پله تایبه‌ت و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیین.
زۆرترینی ئه‌و تاوانانه‌شی كه فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ تاوانباره‌كان ده‌رچوون بریتی بوون له دزی كه 321 كه‌س بوون، زیان گه‌یاندن به سامانی گشتی 474 كه‌س، سنوور به‌زاندنی فه‌رمانبه‌ران بۆ كاره‌كانیان 187 بووه، به‌رتیل وه‌رگرتن 92 كه‌س، پشتگوێخستن 57 كه‌س بووه، ساخته‌كردن حەوت كه‌س بووه، هی دیكه‌ش 515 كه‌س بووه. له‌پاڵ ئه‌وانه‌شدا له‌و شه‌ش مانگه‌دا، 986 تۆمه‌تبار و حوكمدراو له‌سه‌ر 647 دۆسیه‌ی تاوان لێخۆشبوونی گشتی گرتوونییه‌تییه‌وه.
هه‌ر به‌پێی ئاماره‌كانی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی عێراق كه له راپۆرته شه‌ش مانگییه‌كه‌یدا بڵاویكردووه‌ته‌وه ده‌رده‌كه‌وێت له میانی ئه‌و شه‌ش مانگه‌دا، توانراوه بڕی یه‌ك تریلیۆن و 195 ملیار و 301 ملیۆن دیناری عێراق بگه‌ڕێنرێته‌وه بۆ گه‌نجینه‌ی ده‌وڵه‌ت كه نزیك به یەک ملیار دۆلاری ئه‌مریكی ده‌كات.
ده‌سته‌كه كاری له‌سه‌ر 164 بڕیاری دادگا كردووه بۆ راده‌ستكردنه‌وه‌ی ئیدانه‌كراو و حوكمدراوانی داواكراو له لایه‌ن یاساوه و ئه‌وانیش له ده‌ره‌وه‌ی عێراقن، گه‌ڕانیش به‌دوای 27ی دیكه به‌رده‌وامه بۆ دڵنیابوون له‌وه‌ی له‌ناو عێراقن یان ده‌ره‌وه.
هه‌رچی په‌یوه‌سته به پرسی ئاشكراكردنی سامانه‌وه، ئه‌وا ژماره‌ی ئه‌و فۆرمانه‌ی وه‌رگیراونه‌ته‌وه له میانی شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ له‌وانه‌ی په‌یوه‌ندییان به وه‌زاره‌ت و ده‌سته و لایه‌نه ناپه‌یوه‌سته‌كانن به وه‌زاره‌ت و پارێزگاكانه‌وه گه‌یشتووه‌ته‌وه 18 هه‌زار و 552 فۆڕم، رێژه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه و پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمه‌كه له‌نێو كابینه‌ی وه‌زارییدا 77،3 له‌سه‌د بووه، له‌نێو ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیش 20،6 له‌سه‌د بووه، له كۆی 326 په‌رله‌مانتار ته‌نها 67یان فۆڕمی ئاشكراكردنی سامانیان پڕكردووه‌ته‌وه.
له‌نێو پارێزگاره‌كانیشدا 40 له‌سه‌د بووه، هه‌رچی رێژه‌كه‌یه له‌نێو ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان ئه‌وا جیاوازبووه، پارێزگاكانی كه‌ركووك و موسه‌ننا 100 له‌سه‌د بووه، له‌كاتێكدا له سه‌ڵاحه‌ددین سفر بووه.
له‌باره‌ی حكوومه‌تیشه‌وه ده‌سته‌كه ئه‌وه‌ی ئاشكراكردووه كه 103 كه‌س له وه‌زاره‌ته‌كان كه پشكی شێر به‌ر وه‌زاره‌تی به‌رگریی و ناوخۆی عێراق كه‌وتووه، ده‌ركه‌وتووه جیاوازیی هه‌یه له فۆرمی پڕكردنه‌وه‌ی سامانه‌كانییان و كاری نایاساییان كردووه له‌نێویاندا واژووكردنی گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت و شتی دیكه‌ش. بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن