Zeynep Beyza Kılıç
03 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 03 ئادار 2022
ئەنقەرە - AA
لە بازاڕەکانی جیهاندا نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت گەیشتە ١١٧ دۆلار و ١٦ سەنت.
بەهۆی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا، نیگەرانی لە کەمبوونەوەی خستنەبازاڕی نەوت دروست بووە و ئەمەش وای کردووە نرخی نەوت بەرزببێتەوە بەجۆرێک دوێنێ بەرمیلێک خاوی برێنت رۆژەکەی بە ١١٢ دۆلار و نۆ سەنت تەواو کرد، کاتژمێر ٠٨:٥٤ی بەیانی ئەمڕۆ، نرخەکان بەڕێژەی سەدا ٣،٧٧ بەرزبوونەوەی بەخۆوەبینی و بۆ ١١٧ دۆلار و ١٦ سەنت بەرزبووەوە.
بەم شێوەیەش لە تەمووزی ٢٠١٤ەوە تا ئێستا نەوت بەرزترین نرخی تۆمار کرد.
لە هەمان کاتدا بەرمیلێک خاوی رۆژئاوای تێکساس بە ١١٤ دۆلار و دوو سەنت فرۆشرایە کڕیاران.
سزاکانی رۆژئاوا بۆسەر رووسیا و ئەو سزایانەشی کە ئەگەری هەیە رووسیا لە ئایندەدا بیانسەپێنێت، نیگەرانی لە کەمبوونەوەی خستنەبازاڕی نەوت دروست کردووە و لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەی رووسیاوە تا ئێستا لە ماوەی یەک هەفتەدا، نرخی بەرمیلێک نەوت بە رێژەی سەدا ١٩،٣ بەرزبووەوە و گەیشتە ١١٧ دۆلار.
دوێنێش وەزیرانی نەوت و وزەی ١٣ وڵاتی ئەندامی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک) کە سعوودیە، رابەرایەتییان دەکات لەگەڵ وەزیرانی ١٠ وڵاتی دەرەوەی رێکخراوی (ئۆپیک) کە رووسیا رابەرایەتییان دەکات، کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا زیادکردنی بەرهەمی رۆژانەی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە مانگی نیسانیشدا بەردەوام بێت.