Heman Husseın Yaseen
09 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 11 کانوونی دووەم 2020
هەولێر - AA
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت کە ھەژمارێکی تایبەت بۆ مووچەخۆران و زیندانییانی سیاسیی دەکرێتەوە بۆ ئەوەی ھەموو شایستە داراییەکانییان تیادا بپارێزرێت.
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئامانج رەحیم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "بەپێی پڕۆژەیاسای چاکسازی، مووچەخۆر و زیندانییانی سیاسسی ھەژمارێکیی بانکییان بۆ دەکرێتەوە و ھەموو شایستە داراییەکانییان دەپارێزرێت".
ئامانج رەحیم گوتیشی: "یەکێک لە بڕگەکانی کۆبوونەوەکەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بوو بە خانەنشیان و بڕیاردرا لەو برە پارەیەی کە دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەولەویەت دەبێت بۆ خانەنشینان بێت و کەمترین مووچە بەرزبکرێتەوە و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بڕیاری پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاساکە بکرێت".
رۆژی ١٢/١٢/٢٠١٩ پڕۆژەیاسای چاکسازی لە خانەنشینی مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە ھەرێمی کوردستان کە لە ١٩ ماددە پێکھاتووە گەیشتە پەرلەمانی کوردستان و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و دوێنێش ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم مەبەستە کۆبووەوە و بڕیاریشە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاساکە بکات.