ئابووری, عێراق, رەمەزان مانگی رەحمەت و بەرەکەت

"مانگی ڕەمەزان کاریگەری لەسەر ھاتنی گەشتیاری بیانی نابێت بۆ بەشدارییان لە جەژنی نەورۆز"

Heman Hussein Yaseen  | 20.03.2024 - نوێکردنەوە : 22.03.2024
"مانگی ڕەمەزان کاریگەری لەسەر ھاتنی گەشتیاری بیانی نابێت بۆ بەشدارییان لە جەژنی نەورۆز"

Arbil

هەولێر - AA

دوای چەندین ساڵ، بۆ یەکەمجار جەژنی نەورۆز دەکەوێتە ناو مانگی پیرۆزی ڕەمەزان و ئەمەش وا دەکات کە یادەکانی نەورۆز جیاوازتر لە ساڵانی پێشوو بکرێتەوە.

دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان-عێراق، ئامادەکاری کردووە بۆ ئەوە پێشوازی لە گەشتیاران بکات بۆ جەژنی نەورۆز و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەکەش پێشبینی دەکات ژمارەی گەشتیارانی بیانی لە چاو ساڵانی ڕابردووەوە بەرزدەبێتەوە.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان-عێراق، ئیبراھیم عەبدولمەجید بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''لەوەتەی دامەزراوەی گەشتیاری لە حکوومەتی ھەرێم ھەیە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری گەشتیاری، ئەمە یەکەمجارە جەژنی نەورۆز دەکەوێتە ناو مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، بۆ ئێمە ساڵێکی ئەزموونی دەبێت و بەرچاو ڕوونیمان دەبێت بۆ ئەوەی لە ساڵانی داھاتوو بتوانین بەشێوەیەکی دروست مامەڵە لەگەڵ ھاوکاتبوونی نەورۆز و مانگی ڕەمەزان بکەین".

ئیبراھیم عەبدولمەجید گوتیشی: "سەرەڕای ئەوەی کە نەورۆز دەکەوێتە ناو مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، بەڵام ئێمە لەسەرەتای مانگەوە دەستمان بە ئامادەکارییەکانی خۆمان کردووە، بەو پێیەی لە مانگی ئادار گەشتی گەشتیاران بۆ ناو سرووشتە، بۆیەش لەگەڵ دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم کۆبوونەوەیەکمان ئەنجامدا و جەختمان لە پاراستنی ژینگەی شوێنە گەشتیاران کردووەتەوە و سەرجەم بنکە گەشتیارییەکانیشمان بۆ ئەم مەبەستە ڕاسپاردووە".

لەبارەی چالاکییەکانی جەژنی نەورۆزەوە، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێم، ئیبراھیم عەبدولمەجید گوتی: "چالاکییەکان جیاوازترن لە ساڵانی ڕابردوو، ئەمساڵ کاتی ئەنجامدانی چالاکییەکان دەکەوێتە دوای بەربانگ و، لە سەرجەم شارەکان چالاکی کولتووری، فێستیڤاڵی خواردن و نمایشکردنی ھونەری کارەدەستییەکان و بەرھەمە ناوخۆییەکان ئەنجام دەدرێت، ھەروەھا ئاگری نەورۆز لە قەزای ئاکرێ دەکرێتەوە".

بەھۆی ئەوەی جەژنی نەورۆز دەکەوێتە ناو مانگی پیرۆزی ڕەمەزانەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر ھاتنی گەشتیاران بە گشتی دەبێت، بەڵام بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێم جەخت لەوە دەکاتەوە کە ھاتنی ڕێژەی گەشتیارانی بیانی کەم نابێت و لەمبارەیەوە ئیبراھیم عەبدولمەجید گوتی : "بێگومان مانگی ڕەمەزان کاریگەری لەسەر گەشتیارانی ناوخۆ دەبێت و ئەمساڵ ڕێژەکە زۆر دابەزیووە، بەڵام بۆ ھاتنی گەشتیارانی بیانی، ئەوا ژمارەکان کەم نەبووەتەوە، بەو پێیەی ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکان ھەیە، ئەو زانیارییانەی بەردەستن بریتییە لەوەی ئەمساڵ گەشتیارێکی زۆری بیانی بۆ بەشداریکردن لە جەژنی نەورۆز دێنە ھەرێمی کوردستان".

بەپێی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێم، ساڵی ڕابردوو ٧ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار گەشتیار سەردانی ھەرێمی کوردستانییان کردبوو، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەکەش خەجت لەوە دەکاتەوە کە مەبەستیان ئەوەیە ئەمساڵ ئەم ڕێژەیە بەرز بکەنەوە.

بەیانی پێنجشەممە ٢١ی ئادار، یەکەم ڕۆژی جەژنی نەورۆزە، دەستپێکی ئەم مانگە بە مانای نەمانی سەرما و سۆڵە و ژیانەوەی سرووشتە، ھەرچەندە ئەمساڵ کەشوھەوا نالەبارە و ماوەی دوو ڕۆژە لە ھەرێمی کوردستان بارانە و پلەکانی گەرما دابەزیوون بەڵام نەورۆز بە یەکەم رۆژی بەھار دادەنرێت.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın