Sarmand Hameed
06 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 07 مای,س 2022
ھەولێر - AA
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی رایگەیاند، لە ماوەی پشووەکانی جەژنی رەمەزاندا ۱٤۷ ھەزار گەشتیار سەردانی شاری سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەریان کردووە.
لەو راگەیەندراوەی کە لە بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و بەبازاڕکردن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانییەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەوە خراوەتەڕوو کە بەپێی ئامارە تۆمار کراوەکان، لە رێگەی بازگە و دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەوە، ۱٤۷ ھەزار گەشتیاری شارەکانی عێراق و وڵاتی ئێران و بیانی بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش لە جەژن و رۆژانی پێشتر و دواتری بۆنەکەدا گەشتەکانیان بۆ سلێمانی و سەیرانگا و ھاوینە ھەوارەکانی ئەم شارە ئەنجامداوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە زیاتر لە ٨۰ لەسەدی ئەو رێژەیە گەشتیارانی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بوونە.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە گەشتیاران ھەر لە سەرەتای گەیشتنیانەوە بە شێوەیەکی زۆر گونجاو پێشوازییان لێکراوە، ھەروەک توانراوە وەک پێویست شوێنی حەوانەوەیان لە بنکە گەشتیارییەکانی کەرتی تایبەت دەستبکەوێت.
بەپێی راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی، لە جەژنی رەمەزانی ئەمساڵدا ھاوینە ھەواری دوکان قەرەبالغترین ناوچەی گەشتیاری بووە و زیاتر لە ۱۷۰ ھەزار سەردانیکار و گەشتیار کاتەکانیان لەو ھاوینە ھەوارە بەسەربردووە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی ھەریەک لە ئاسایشی بازگەکان، یەکە کارگیڕییەکان، پۆلیسی ھاتۆچۆ، پۆلیس، بەرگریی شارستانی، تەندروستی، خاوەن مۆڵەتە گەشتیارییەکان، لیژنەکانی گەشتوگوزار کردووە بۆ ماندووبوونیان لە پێشوازیی گەشتیاراندا.