ئابووری

قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ھەرێم و تورکیا

ـ سەرۆکی رێکخراوی یەکێتیی ھاوردە و ناردنکارانی کوردستان، مستەفا عەبدولڕەحمان: "قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا لە ساڵی ٢٠١٨دا، بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە نزیکەی ١٢ ملیار دۆلار"

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 19.02.2019 - نوێکردنەوە : 20.02.2019
قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ھەرێم و تورکیا

As Sulaymaniyah

سلێمانی ـ AA

سەرۆکی رێکخراوی یەکێتیی ھاوردە و ناردنکارانی کوردستان، مستەفا عەبدولڕەحمان لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لە بارەی گرنگی و کاریگەری جێبەجێکردنی بڕیاری پێناسی گومرکی یەکگرتوو لە ھەرێمی کوردستان، ھەڵگرتنی خاڵە گومرکییەکانی نێوان شارەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی، ھەروەھا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستان قسەی کرد.

مستەفا عەبدولڕەحمان گوتی: "یەکخستنی پێناسەی گومرکی لە نێوان عێراق و ھەرێمی کوردستان کە لەم ھەفتەیەدا چووە بواری جێبەجێکردنەوە لەناوخۆدا گرنگی تایبەتی خۆی دەبێت لەوەی بازرگانان و ھاوردەکاران لە گشت سنوورەکانەوە بە شێوەی یەک پاکێج دەتوانن کاڵاکانیان ھاوردە بکەن بۆ ھەرێم، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم پێناسەیە زۆربەی پشتی بەستووە بە رسوماتی گومرکی ھەرێم کە ئەوەش خاڵێکی باشە و رسوماتی گومرکی ھەرێم کەمترە لە عێراق، بەڵام لە ھەندێک کاڵادا پشت بەستراوە بە بەھای گومرکی عێراق بەوەش نرخەکان زیاد دەکات بە تایبەت لە ئۆتۆمۆبێلە مۆدێل بەررزەکاندا".

ئەو گوتی: "بە شێوەیەکی گشتی یەکخستنی پێناسی گومرکی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق ھەموو سنوورەکانی ھەردوولا پێکەوە دەبەستێتەوە و بازرگانان و ھاوردەکاران بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەتوانن لە ھەر سنوورێکەوە بیانەوێت کاڵای خۆیان ھاوردەی ھەرێم و عێراق بکەن".

پێش چەند رۆژێک بڕیاری ھەڵگرتنی خاڵە گومرکییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و شارەکانی تری ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقی چووە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەو خاڵە گومرکییانە ھەڵگیران کە پێشتر لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە داندرابوون و کاریگەری گەورەی لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی دروستکردبوو.

سەرۆکی رێکخراوی یەکێتیی ھاوردە و ناردنکارانی کوردستان لەو بارەیەوە گوتی: "ئەو خاڵە گومرکییانەی حکوومەتی عێراق لە نێوان ھەرێم و عێراق داینابوو کاریگەرییەکی زۆر خراپی ھەبوو لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ھەرێم و شارەکانی تری عێراق، بەلابردنی ئەو خاڵە گومرکییانەش بوژاندنەوەیەک دروست دەبێت لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ھەردوولا بۆ ئەوەی بتواندرێت پێکەوە ببەسترێنەوە و کارخانەکانی ھەردوولا لەگەڵ شارەکانی تر کار بکەن و ئەو نرخانەی بە ھۆی ئەو خاڵە گومرکییانەوە زیاد بووبوون دادەبەزێتەوە و ھەرێمی کوردستانیش زیاتر دەبوژێتەوە".

ئەو ھەروەھا گوتی: "ئاڵوگۆڕی بازرگانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە ساڵی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ کەمتر بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨ تواندراوە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە زیاتر بکرێت، بۆ ئەمساڵ ٢٠١٩ پێشبینی بەرەوپێشچوونێکی باش دەکەین لە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق و وڵاتانی دەرەوە، ھەروەھا ھەرێمی کوردستان بە ھۆی لابردنی خاڵە گومرکییەکانەوە ھاوشێوەی ساڵانی ٢٠١٠ و ٢٠١١ دەبێتە سەنتەرێکی بازرگانی بۆ ناو شارەکانی عێراق".

سەرۆکی یەکێتیی ھاوردە و ناردنکارانی کوردستان باس لەوەش دەکات، لابردنی خاڵە گومرکییەکان کاریگەری گەورەی لەسەر زیادبوونی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی دەرەوە بەتایبەت تورکیا دەبێت و پێشبینی بەرزبوونەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان دەکات، ئەو گوتی: "قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا لە ساڵی ٢٠١٨ دا بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و تواندرا ئاڵوگۆڕێکی بەرفراوان بکرێت بە شێوەیەک قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەو ساڵەدا نزیکەی ١٢ ملیار دۆلار بووە، بۆ ئەمساڵ ٢٠١٩ پێشبینی دەکەین ئەو قەبارەیە بەرزبوونەوەی زیاتر بەخۆوە ببینێت و بگاتە ١٣ تا ١٤ ملیار دۆلار".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن