Dlshad Saifaalddin Ahmed
27 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 29 تەمووز 2017
سلێمانی AA
سەرۆكی رێكخراوی یەكێتیی هاوردە و ناردنكارانی كوردستان، مستەفا عەبدولڕەحمان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی رایگەیاند: "لە هەموو بۆنەیەكدا ئاگاداری ئەندامانمان دەكەین كاڵای باش بهێنن و بازاڕەكان پڕ بكەن لە كاڵا و كۆگاكانیان پڕ بكەن، چونكە لە بۆنەكاندا پێویستی و خواست لەسەر کاڵاکان زیاتر دەبێت".
مستەفا عەبدولڕەحمان گوتی: "مەبەستمان لەم لێدوانەی كە داوای هێنانی كاڵامان كردووە، ئەوەیە كاڵایەكی زیاتر بهێنرێنە بازاڕەوە، هەمووان دڵنیا دەكەمەوە كە هیچ كات گرژی لە سنوورەكان روو نادات، ئەوەش لەبەر ئەوەی وڵاتانی دراوسێ بەرژەوەندییان زیاترە لە ئێمە و ساڵانە كاڵایەكی زۆر رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكەن، وڵاتێكی وەك ئێران ئاستی هەناردەكردنی بۆ هەرێم دەگاتە پێنج ملیار دۆلار و توركیاش دەگاتە ١٠ ملیار دۆلار و زۆربەی كارگەكانیان لق و ئۆفیسیان هەیە لە هەرێم هەیە و گرێبەستیان كردووە".
مستەفا عەبدولڕەحمان ئەوەشی گوت: "بازاڕی هەرێم لەم كاتەدا نزمترین نرخی هەیە و دڵنیابن كاڵایەكی زۆر بەڕێوەیە و پێش 20 رۆژ ئەندامانمان ئاگادار كردووە لەم دۆخەدا کاڵا و کەلوپەلی زیاتر بخەنە بازاڕەوە".
سەرۆكی رێكخراوی یەكێتیی هاوردە و ناردنكارانی كوردستان داوای لە ئەندامانی رێكخراوەكەی كرد، بەهیچ شێوەیەك كاڵاكان هەڵنەگرن و نەبنە هۆكاری گران بونی كاڵا و كەلوپەل لە بازاڕەكاندا و ئاماژەی كرد بەوەی هەر كاڵایەك لە كۆگاكاندا هەڵبگیرێت لە لایەن لیژنەكانی قایمقامیەتەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت.
مستەفا عەبدولڕەحمان هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانی دڵنیا كردەوە لەوەی هیچ كات سنوورەكان بە رووی هەرێمی كوردستان داناخرێن و داوا لە بازرگانان كراوە بڕێكی زۆرتری كاڵا و خواردەمەنی و كەلوپەل هاوردەی هەرێمی كوردستان بكەن.
ئەو گوتانەی سەرۆكی رێكخراوەكەی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان دوای بڵاوبونەوەی دەنگۆی داخستنی سنوورەكان بەهۆی ئەنجامدانی گشتپرسی لە 25ی مانگی ئەیلوولی داهاتوو دێت، بەو هۆیەشەوە ترس و دڵەراوكێی لای بەشێک لە هاوولاتیان دروست كردبوو.