Muhammet Ali Kemal
16 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 17 کانوونی دووەم 2017
داڤۆس - AA
بڕیارە سبەی لووتکەی کۆڕبەندی ئابووری جیهانیی داڤۆس بە بەشداریی نزیکەی 3 هەزار کەسایەتی سیاسیی و ئابووریناس لە زیاتر لە 100 وڵاتی جیهانەوە، دەست بەکارەکانی بکات.
لووتکەکە لە گەشتیارگەی داڤۆس لە سویسرا لەنێوان رۆژانی 17-20ی کانوونی دووەمدا بەڕێوەدەچێت و لە تورکیاوە هەریەک لە جێگری سەرۆکوەزیران، مەهمەت شیمشەک و وەزیری ئابووری، نیهاد زەیبەکچی و لە هەرێمی کوردستانیشەوە سەرۆکی هەرێم، مسعود بارزانی بەشداریی دەکەن.
لووتکەی ئەمساڵی داڤۆس لەژێر ناونیشانی ''رابەرایەتی لێپرسراوانە و وەڵامدەرەوە''دا بەڕێوەدەچێت و لە زیاتر لە 400 دانیشتنی کۆڕبەندەکەدا بابەتی جۆراوجۆر تاوتوێ دەکرێن.
لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانییدا زۆر کێشەی جیهانیی و لەسەروو هەموویانەوە قەیرانی سووریا دەخرێنە بەرباس. لووتکەکەی ئەمساڵ تیشک دەخاتە سەر هەریەک لە بەهێزکردنی هاریکاریی نێودەوڵەتی، ژیاندنەوەی گەشەسەندنی ئابووریی، ئەنجامدانی ریفۆرم لەسەرمایەدارییدا و ئامادەکاریی بۆ شۆڕشی چوارەمی پیشەسازیی.
زیاتر لە 30 سەرۆک وڵات و سەرۆکوەزیران بەشداریی لە لووتکەکەدا دەکەن و لەنێویشیاندا هەریەک لە سەرۆکی چین،شی جینپینگ کە یەکەم سەرۆکی چینە بەشداریی لووتکەی داڤۆسدا دەکاتو سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، تێرێزا مەی و جێگری سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن و سەرکۆماری ئازەربایجان، ئیلهام عەلیێڤ و سەرۆکی ئۆکراینا، پێترۆ پۆرۆشێنکۆ و جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا، ئۆڵگا گۆڵۆدێتس و سەرۆکی هەرێمی کوردستان مسعود بارزانی، هەن.
چاوەڕوان دەکرێت لەپاڵ بەشدارییکردن لە دانیشتنەکانی کۆڕبەندەکەدا، سەرکردەکان ژمارەیەکی زۆر کۆبوونەوەی دووقۆڵی ئەنجامبدەن.
لەپاڵ سەرۆک و سەرۆکوەزیرانەکاندا هەریەک لە سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس و بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی بازرگانیی جیهانیی، رۆبێرتۆ ئازێڤێدۆ و سەرۆکی سندوقی نێودەوڵەتی دراو، کریستین لێگاردێ و سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، فاتیح بیرۆڵ و کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان،فیلیپۆ گراندی و بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، ویڵیەم لەیسی سوینگ و بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی نێودەوڵەتی کار، گای رەیدەر بەشداریی دەکەن.
کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی 86 کەسی وەک ''سەرکردەی لاوی جیهانیی'' بۆ ئەمساڵ راگەیاند.
بڕیارە لە چوارچێوەی بەشدارییە مێژووییەکەی سەرۆکی چین، شی جینپینگ سەردانی بارەگای هەریەک لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی، نەتەوەیەکگرتووەکان و لیژنەی نێودەوڵەتی ئۆڵۆمپیاد لە سویسرا بکات.