Heman Hussein Yaseen
29 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 01 تشرینی یەکەم 2019
هەولێر - AA
دووەمین لووتکەی وەبەرهێنان و بازرگانی تورکیا و هەرێمی کوردستان لە هەولێر بە بەشداری کۆنسولی تورکیا لە هەولێر، هاکان کاراچەی و سەرۆکی یەکێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان، دارا جەلیل خەیات و ژمارەیەکی زۆر لە بازرگانان و خاوەنکاران بەڕێوەچوو کە تیایدا ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆمپانیاکانی تورکیا، عێراق و هەرێمی کوردستان بەشداربوون و ئامانج لە ئەنجامدانی ئەم لووتکەیەش، ئەنجامدانی کۆمەڵێک دیدار و را گۆڕینەوەیە لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا کە بە هۆی دروستبوونی قەیرانی دارایی و بوونی شەڕی داعش، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لە ١٢ ملیار دۆلار ساڵانە دابەزی بۆ ٧،٦ ملیار دۆلار و ئێستا هەردوولا کۆکن لەسەر ئەوەی ئەم قەبارەیە بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبێتەوە.
لە دەستپێکی لووتکەی وەبەرهێنان و بازرگانی تورکیا و هەرێمی کوردستان، سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی ھەرێمی کوردستان، دارا جەلیل خەیات گوتی: "بە بەردەوام بارزگانەکان سەردانی هەرێم دەکەن بەتایبەتی وڵاتی تورکیا کە پەیوەندییەکی بەتوانامان لەنێواندا هەیە و ساڵانی رابردوو گەواهیدەری ئەوەیە کە چەندین ئاڵۆگۆڕی بازرگانی لە رێگای زەمینی و ئاسمانی ئەنجامدراوە و هەرێمی کوردستان کراوەیە بۆ هەموو بازرگانان".
دارا جەلیل خەیات گوتیشی: "سبەی پێشانگای هەولێر دەکرێتەوە کە تیایدا شاندی وڵاتان بەشدارن و دانیشتنی بازرگانی دووقۆڵی دەکرێت و چاوەڕێ دەکرێت کە کۆمەڵێک گرێبەست لە نێوان بارزگانان ئەنجام بدرێت".
سەرۆکی کۆمەڵەی کارسازانی تورکیا-عێراق، نەواف کڵچ لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە دەمانەوێت پەیوەندی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان باش بێت و بەرەوپێش بچێت، ئەمڕۆ ٦٠ کۆمپانیا لەم لووتکەیە بەشدارن و بێگومان دوای ئەم لووتکەیەش کۆمەڵێک دیدارمان دەبێت و دەمانەوێت کاریگەریمان لەسەر بەرزبوونەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەبێت".
سەبارەت بە قەبارەی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا، نەواف كڵچ گوتی: "ساڵی ٢٠١٣ هەناردەکردنی ئێمە ١٢ ملیار دۆلار بوو، بەڵام دوای ئەو بارودۆخەی عێراق، قەبارەی هەناردەمان دابەزی بۆ ٧،٦ ملیار دۆلار، بەڵام ئەم دوو ساڵە قەبارەکە بەرزبووەتەوە بۆ ٨،٣ و هیوادارین هێشتا ئەو قەبارەیە بەرزبێتەوە، هەروەک سەرکۆمار ئەردۆغان رایگەیاند کە پێویستە قەبارەی هەناردە بۆ عێراق بگاتە ٢٠ ملیار دۆلار و ئێمەش کار بۆ ئەوە دەکەین".

نەواف کڵچ گوتیشی: "لە ماوەیەکی نزیکدا، هەر چوار شاری هەرێمی کوردستان بانگهێشتی تورکیا دەکەین و لەوێ دیدار و گفتوگۆی بارزگانی دەبێت و ئەمەش بەشێکی دیکەیە لە پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان".
لە کۆتاییدا سەرۆکی کۆمەڵەی کارسازانی تورکیا-عێراق، نەواف کڵچ گوتی: "لە هەرێمی کوردستان پێشوازییەکی گەرممان لێکراوە و خەڵکێکی میواندۆستن، بۆیەش لێرەوە بانگهێشتی هەموو بازرگانان و وەبەرهێنەران دەکەین کە دەتوانن پەیوەندی بازرگانی لە نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان پتەوتر بکەن".
شایەنی باسە، رۆژی ٣٠ی حوزیرانی ٢٠١٩ یەکەمین لووتکەی بازرگانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان بە بەشداری ٥٠ کۆمپانیا بەڕێوەچوو.