Mazın Asad
24 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 25 کانوونی دووەم 2017
جێگری وەزیری نەوتی ئێران و بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای غازی نیشتمانی، حەمید رەزا عراقی رایگەیاند ئەو سکاڵانامە نێودەوڵەتییەی تورکیا لە دادگای ناوبژیوانیکردنی نێودەوڵەتی لەسەر ئێران تۆمار کرابوو لە بەرژەوەندی تورکیا کۆتایی پێھات و رایگەیاند نرخی ئەو غازە سرووشتییەی بۆ تورکیا ھەناردە دەکرێت، بەڕێژەی لەسەدا ١٣،٣ داشکاندنی بۆ دەکرێت.
ئاژانسی هەواڵیی ئیسنا بڵاوی کردەوە، جێگری وەزیری نەوتی ئێران، حەمید رەزا عراقی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە تاران ئاشکرای کرد کە سکاڵانامە نێودەوڵەتییەکە لە بەرژەوەندی تورکیا تەواو بووە و راشیگەیاند رێژەی داشکاندنی نرخی غازی سرووشتی ھەناردەکراوی ئێران و رێژەی قەرەبووکردنەوە بۆ تورکیا دیاریکراوە.
جێگری وەزیری نەوتی ئێران روونیشی کردەوە کە بەپێی بڕیاری دادگا، غازی سروشتی ھەناردەکراوی ئێران بۆ تورکیا بەڕێژەی لەسەدا ١٣،٣ داشکاندنی بۆ دەکرێت و ھەروەھا ئیدارەی تاران بڕی یەک ملیار و ٩٠٠ ملیۆن دۆلار قەرەبووی تورکیا دەکاتەوە.
تورکیا لە ساڵی ٢٠١٢ بەھۆکاری بەرزی نرخی غازی سرووشتی، سکاڵانامەیەکی لە دادگای ناوبژیوانیکردنی نێودەوڵەتی لەسەر ئێران تۆمار کردبوو و لە ئەنجامدا دادگا بڕیارێکی لە بەرژەوەندی تورکیا دەرکرد بەداشکاندنی نرخی غازی ھەناردەکراوی ئێران بۆ تورکیا بەڕێژەی لەسەدا ١٠ تا ١٥ و ھەروەھا قەرەبووکردنەوەی تورکیا.