Firdevs Yüksel
27 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 28 تەمووز 2023
ئیستانبوڵ - AA
لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا، یەک بەرمیل خاوی برێنت بە ٨٣ دۆلار و نۆ سهنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
دوێنێ نرخی یەک بەرمیل خاوی برێنت گەیشتە ٨٣ دۆلار و ٤٢ سەنت و رۆژەکەی بە ٨٢ دۆلار و ٥٦ سهنت تەواو کرد. ئەمڕۆش لە کاتژمێر ٠٩:٢٥، بەراورد بە نرخی داخستنی پێشوو، بەڕێژەی لەسهدا ٠،٦٤ بەرزبوونەوەی بهخۆیهوه بینی و بە ٨٣ دۆلار و نۆ سهنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
لە ھەمان کاتدا، یەک بەرمیل خاوی رۆژئاوای تێکساس بە ٧٩ دۆلار ٤٢ سەنت فرۆشرا.
دابەزینی بەهای دۆلار، هەروەها دابەزینی یەدەگەکانی ئەمریکا و نیگەرانییەکان لە کەمبوونەوەی خستنەبازاڕی نەوت کاریگەریان لەسەر بەرزبوونەوەی نرخەکاندا هەبوو.
دابەزینی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەربە دراوی نیشتمانیی وڵاتانی دیکە، بووەتە هۆی ئەوەی کڕینی نەوت هەرزانتر لەسەر وڵاتان بکەوێت و ئەمەیش کاریگەری هەبووە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.
هەروەها دابەزینی یەدەگەکانی بەنزین و نەوتی خاوی ئەمریکا، پاڵپشتی بەرزبوونەوەی نرخەکانی کرد.
فەرمانگەی زانیارییەکانی وزەی ئەمریکا، ئەوەی ئاشکرا کرد کە یەدەگەکانی نەوتی ئەمریکا هەفتەی رابردوو، نزیکەی ٦٠٠ هەزار بەرمیل و یەدەگەکانی بەنزین ٨٠٠ هەزار بەرمیل کەمیان کردووە، ئەمەش زیابوونی خواست بەشێوەیەکی لاواز دەردەخات.
لە لایەکی دیکەوە دوێنێ، بانکی ناوەندیی ئەمریکا نرخی سوودی بە رێژەی ٢٥ خاڵ بۆ بەرزترین ئاست لە ماوەی ٢٢ ساڵدا، بەرزکردەوە.
لە کاتێکدا بازاڕەکان سەرنجیان لەسەر بڕیاری سیاسەتی نەختینەیی بانکی ناوەندیی ئەورووپا (ECB) چرکردووەتەوە کە بڕیارە ئەمڕۆ رابگەیەنرێت، پێدەچێت بانکی ناوەندیی ئەورووپا نرخی سوود بە رێژەی ٢٥ خاڵ زیاد بکات.
ئاماژە بەوەیش دەدرێت رەنگە لەڕووی تەکنیکییەوە خاوی برێنت لەنێوان ٨٣ دۆلار و ٦٠ سەنت بۆ ٨٤ دۆلار و ٣٧ سەنت بەرھەڵستی بنوێنێت و نرخەکەی لەنێوان ٨٢ دۆلار و ٨٣ سەنت بۆ ٨٢ دۆلار و شەش سەنت بمێنێتەوە.