Fakhradin Ibrahim Mohammad
16 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 17 نیسان 2020
هەولێر - AA
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو ھاوکارییانەی لەمیانی قەیرانی کۆرۆنادا بە دەست گەیشتوون ئاشکرا دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە لەلایەن حکوومەتی ناوەندییەوە، سێ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار پارە نێردراوە و گەیشتووەتە دەست حکوومەتی هەرێم.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان رادەگەیەنێت کە لە هەژمارەی بانکی ئەنجوومەنی وەزیران و لەلایەن بەغداوە بڕە پارەیەک وەک یارمەتی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان هاتووە کە بە شێوازی دابینکردنی خۆراک و دەرمان بەسەر خەڵکدا دابەش دەکرێت.
بەپێی راگەیەنراوەکەی حکوومەتی هەرێم، یارمەتییەکان بە شێوازی یارمەتی دارایی و دابینکردنی کەرەستە و ئامێری پزیشکی بووە.
بەو پێیە، یارمەتییەکان کە بۆ هەژماری ئەنجوومەنی وەزیران هاتووە و بڕی ٢٠ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلارە و جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم پارەیە بۆ كڕينى خۆراک و دەرمان تەرخان دەکرێت و دواتر بەسەر هەموو پارێزگاکانی ھەرێم بەپێی ژمارەی دانیشتوان دابەش دەکرێت.
دووەم بەشی یارمەتییەکان لەلایەن بەغداوە تەرخان کراوە بە بڕی سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار کە ئەنجوومەنی وەزیران نووسراوی کردووە بۆ وەزارەتی دارایی بۆ ئەوەی بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بکرێت.
لە راگەیەندراوەکەی حکوومەتی هەرێمدا هەروەها هاتووە کە رێکخراوی WHO هيچ بڕە پارەیەکی کۆمەک نەكردووە، تەنها هەندێك ئامێر و کەرەستەی تەندروستی رادەستی وەزارەتی تەندروستی کردووە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕيارى داوه، 600 مليار دينار بەسەر خەڵكى هەژاردا دابەش بکات، ھەرێمی کوردستان بە فەرمی نووسراوی كردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هيچ بڕە پارەیەکی بۆ هەرێم نەناردوە.