Firdevs Yüksel
22 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 22 ئادار 2022
ئیستانبوڵ - AA
لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا، یەک بەرمیل خاوی برێنت بە ١١٨ دۆلار و ٩٩ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
دوێنێ نرخی یەک بەرمیل خاوی برێنت گەیشتە ١١٦ دۆلار و ٨٠ سەنت و رۆژەکەی بە ١١٥ دۆلار و ٦٢ سەنت تەواو کرد.
ئەمڕۆش لە کاتژمێر ٠٩:٢٤-ەوە، نرخەکەی بە بەراورد بە کاتی داخستنی بازاڕ بەڕێژەی لەسەدا ٢،٩١ رووی لە بەرزبوونەوە کردووە و بە ١١٨ دۆلار و ٩٩ سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
لە ھەمانکاتدا یەک بەرمیل خاوی رۆژئاوای تێکساس (WTI) بە ١١٢ دۆلار و ٩٤ سەنت فرۆشرا.
بڵاوبوونەوەی بانگەشەکان لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیاری ئابلۆقه خستنهسهر نەوتی رووسیا لەلایەن وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا کاریگەری کردە سەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان.
دوێنی نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆڕێڵ لەگەڵ وەزیرانی بەرگری و دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەرورووپا کۆبووەوە، دوا بەدوای کۆبوونەوەکەش لە میدیاکانی ئەورووپا هەوڵی جێبەجێ کردنی بڕیاری بەربەندی کردنی نەوت دژی رووسیا لەلایەن وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بڵاوبوویەوە.
بۆڕێڵ ئاشکرای کرد سزا و گەمارۆکانی سەر رووسیا بەردەوامییان دەبێت، بەڵام لەم هەفتەیەدا بەنیاز نین هیچ پاکێجێکی سزا دژی رووسیا بخەنە بواری جێبەجێکردن.
لە لایەکی دیکەوە، هێرشەکانی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودیە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لەلایەن حووسییەکانەوە نیگەرانیەکانی لەبارەی خستنەڕووی نەوت زیادکردووە، ئەوەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی.
دوێنێی وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە لە راگەیاندراوێکی فەرمیدا بڵاویكردهوه كه، سعوودیە بەرپرس نییە لە زیادبوونی نیگەرانییەکانی لەبارەی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان.
ئەو راگەیاندراوەی دوێنێی وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە دوای ئەوە دێت کە ئاستی خستنەڕووی نەوتی سعوودیە بەهۆی هێرشەکانی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودیە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن حووسییەکانەوە، کەمیکردووە، کە ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی کردووەتە سە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی نەوت لە جیهاندا.
باس لەوەش دەکرێت كه، رەنگە لە رووی تەکنیکییەوە خاوی برێنت لەنێوان ١١٩ دۆلار و ٤٨ سەنت بۆ ١٢١ دۆلار و ٨٦ سەنت بەرھەڵستی بنوێنێت و نرخەکەی لەنێوان ١١٧ دۆلار و ١٠ سەنت بۆ ١١٤ دۆلار و ٧٢ سەنت بمێنێتەوە.