ماردین
بەھۆی پرۆسەی ئاشتی و دوای ئاشکراکردنی ناوەڕۆکی پاکێجی دیموکراسی، لە ماوی نۆ ڕۆژی پشووی جەژنی قورباندا ھەموو میوانخانەکانی شاری ماردین پڕبوون لە گەشتیار.
ماردین بە شاری ئاین و زمانە جیاوازەکان و پێکەوەژیان ناسراوە, مێژوویەکی زۆر کۆنی ھەیە و بە مزگەوت، قوتابخانە، کڵێسا و پەرستگاکانیەوە ناوبانگی جیھانیی ھەیە, خاوەنی کلتورێکی تێکەڵی جوانە.
سەرۆکوەزیرانی تورکیاش لە کۆبوونەوەیەکی پارتەکەیدا باسی لە گەشتوگوزاری ماردین کردووە، ئەمەش بووبووە جێی دڵخۆشی ماردینییەکان.
پارێزگاری شاری ماردین ئەحمەد جەنگیز بۆ ئانادۆڵو گوتی "ماردین شارێکە کۆنتر لە حەوت ھەزار ساڵ, ماوەیەک بوو بەھۆی نائارامی لە شاردا گەشتوگوزار کز بووبوو، بەڵام دوای پرۆسەی ئاشتی و بە تایبەت لە ساڵی ٢٠١٣ ئەو بوارە بووژاوەتەوە، بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٢ ژمارەی سەردانیکەرانی مۆزەخانەی ماردین ٥٧ ھەزار کەس بووە، بەڵام لە ٢٠١٣دا تەنیا لە نۆ مانگی سەرەتا ٦٢ ھەزار و ٥٠٠ کەس ڕوویان لەو مۆزەخانەیە کردووە."
گوتیشی "ماردین شایستەی لەمە زیاترە، دەبێ کەشێکی لەباری وا لە ناوچەکەدا بڕەخسێنرێ کە گەشتیارەکان بەبێ ترس ڕووی تێ بکەن، ئەگەر پرۆژەی پێکەوەژیان و پاکێجی تر بێتە ئاراوە، ئەوا ماردین دەبێتە شارێکی دیاری ھەموو جیھان، ھاوژیانیی ئایین و زمانە جیاوازەکانیش تێیدا دەبێتە وەسفێکی جیھانی بۆی."
شوێنەوارە مێژووییەکانی شارەکە سەرنجڕاکێشترین شوێنن بۆ گەشتیاران، تەنھا لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا نزیکەی نۆ ھەزار کەس سەردانی مۆزەخانەی ماردینیان کردووە. ھەروەھا پەرستگای دەیرولزەفەران لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات گەشتیاری زۆر سەردانی کردووە.
میوانخانەکانی ماردین نزیکەی ٢ ھەزار و ٥٠٠ کەس دەگرن, بەرپرسی ناوەندی گەشتوگوزار و میوانخانەکانی شارەکە گوتی "لە ١٥ ڕۆژی ڕابردوودا ھەموو میوانخانەکان پڕ بوون، ئەگەر دوو ئەوەندەی تریش میوانخانەمان ھەبووایە ھەر پڕ دەبوون".