نەجەف
سەدان ھەزار ھاوڵاتیی عێراقی کە میوانی بیانیشیان لەنێودایە، روویان کردە شاری نەجەف بۆ سەردانی مەزاری ئیمام عەلی کوڕی ئەبوتاڵیب (رەزای خوای لێبێ) بەمەبەستی زیندووکردنەوەی جەژنی غەدیر کە یادی دانانی ئیمام عەلییە بە خەلیفە لە غەدیری خوم دوای حەجی ماڵئاوایی.
شێخ سەڵاحەدین ئەلتوفەیلی کە وتاربێژێکی ناسراوە و بە مەزارگە و حوسێنیەکاندا دەگەڕێ و وتار و نزا دەخوێنێتەوە، بە ئانادۆڵوی گوت "ئەم جەژنە لای ئێمە پیرۆزە، چونکە لەو رۆژەدا پێغەمبەری خوا (د.خ) خەلافەتی بەخشییە ئیمام عەلی، موسڵمانان بەتایبەت شیعەکان لەم رۆژەدا بە رۆژووگرتن و نوێژ و نزاکردن سوپاسگوزاری خۆیان بۆ خوای گەورە دەردەبڕن، کە ئەو پایەیەی کردە قیسمەتی ئیمام."
رێوڕەسمەکە لە سایەی رێوشوێنێکی ئەمنیی تونددا بەڕێوە دەچێ و خزمەتگوزایی بەرفراوان دابین کراوە. حەیدەر ئەلحەدیدی بەرپرسی فەرمانگەی تەندروستیی نەجەف پێی راگەیاندین "لە خێوەتەکاندا نەخۆشخانەی مەیدانیمان ئامادە کردووە بۆ تیمار و چارەسەرکردنی سەردانیکاران، کە بەھۆی رێڕۆیشتنی زۆرەوە تووشی پێئێشە بوون."
مورتەزا موسەوی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەفیش ئاشکرای کرد "بۆ بەشداریکردن لەو یادکردنەوەیەدا ٥٠ ھەزار میوانی عەرەبی و بیانی گەیشتوونەتە پارێزگای نەجەف و لە حەوت رۆژی رابردوودا رۆژانە تێکڕا ٥٠ گەشت لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیەوە کراوە."
سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی پارێزگاش لە لێدوانێکدا رایگەیاند زیاتر لە ٣٣ ھەزار توخمی ئەمنی بەشداری لە جێبەجێکردنی پلانی ئەمنیی تایبەت بە رێوِەسمی جەژنی غەدیردا دەکەن.
ھەر بەو بۆنەیەوە لە پارێزگای نەجەف و بەغدا و ژمارەیەک لە پارێزگاکانیتری باشوری عێراق رۆژی پێنجشەممە کرایە پشووی رەسمی.
موسڵمانانی شیعەمەزھەب ھەمو ساڵێک لە ١٨ی مانگی زیلحیججەدا بەبۆنەی "جەژنی غەدیر"ەوە ئاھەنگ دەگێڕن.