محەمەد عەلی یاڵچن کە بە کاری فرۆشتنی شیری کەر و ئەسپ و حوشترەوە سەرقاڵە باس لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەو کارەی دەکات و ئاماژەش بەوە دەدات لە ساڵی ١٩٩٨ەوە لە ئەنتاڵیا و بۆدروم دەستی بە بەرھەمھێنانی شیری کەر کردووە و بە گەشتیارانی فرۆشتووە.
محەمەد عەلی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لەوە دەکات کاتێک لە سەرەتادا دەچوومە نزیک ئۆتێلەکان کە یانەی شەوانەی تێدا بوو و جاشولکەکەیان دەبینی بەدەستمەوە داوای شیری کەریان دەکرد و دەیان گوت تۆزێک شیری کەرمان پێبدە, کاتێکیش دەمپرسی بۆچیتانە, دەیان گوت زۆر سوودی ھەیە.
لە درێژەی گێڕانەوەی بەسەرھاتی دەستپێکی کارەکەیشیدا باسی لەوە کرد کە دواتر کاتێک لە کەناڵەکانەوە گوێبیستی سودەکانی شیری کەر دەبووم، بڕیاری بەرھەمھێنانی شیرەکەیمدا و ساڵی پار دەستم کرد بە کۆکردنەوەی ماکەر (مێینەی کەر).
ئەو پیاوە ئێستا نزیکەی ١١٠ کەری لە کێڵگەکەیدا لە ئەستەنبوڵ و لە ئەنتاڵیا ٩٠ کەر و ١٢ حوشتر و ١٠ ئەسپ بەخێو دەکات دەڵێ، کەر ناتوانێت شیر زۆر بدات و کاتێک جاشێکی دەبێت ڕۆژانە ئەوپەڕی تەنیا ١ لیتر شیر دەدات بە درێژایی ٤-٥ مانگ و دواتر ئەو ڕێژەیە دەبێتە نیو لیتر لە ڕۆژێکدا .
عەلی یالچن دەڵێت بەرھەمی شیرەکەی دەنێرێتە ھەموو جێیەکی تورکیا و لیتری بە ٦٠ لیرە واتە نزیکەی ٣٠ دۆلار دەفرۆشێت.
ئەو باس لەوە دەکات کە ئەو بەرھەمی شیرە بە شێوەی بەفری دەنێرێت بۆ شوێنە دوورەدەستەکان و ھەندێکیشیان لەسەر شێوەی دۆندرمەدا دەنێرێت.
یاڵچن دەڵێت لە دەرەوەی وڵات داواکاریی زۆر لەسەر بەرھەمی شیرەکەی ھەیە، بەڵام لەبەرئەوەی ناتوانێ بەفڕۆکە بینێرێ و کێشەی گواستنەوە و رێگەی وشکانیش بۆ گواستنەوەی گونجاو نیە تا ئێستا نەیتوانیوە بەرھەمەکەی بنێرێتە دەرەوە.
ئەو جوتیارە ئاماژە بەوە دەکات بە شێوەیەکی زانستی سەلمێنراوە پێکھاتەی شیری کەر نزیکترین شیرە لە شیری دایکەوە و کاریگەری ئەرینی زۆری ھەیە لەسەر نەخۆشیەکانی ھەستیاری و دەمارەکان و کۆئەندامی ھەرس و بۆ زۆر نەخۆشیتیریش باشە.
ئەو دەڵێت باس لەوە دەکرێت شیری کەر بەھۆی دەوڵەمەندی بە ڤیتامین و کانزاکانەوە توانایەکی باشی ھەیە بۆ دواخستنی پیر بوون و مانەوە بەگەنجی .
باس لەوە دەکرێت کە شیری کەر کاریگەریی زۆر باشی ھەیە بۆ نەخۆشیی شێرپەنجەی قۆڵۆن.