Ferdi Türkten
04 ئەیلوول 2023•نوێکردنەوە: 04 ئەیلوول 2023
سۆچی - AA
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە ڕێڕەوی گواستنەوەی دانەوێڵە لە دەریای ڕەش ڕایگەیاند: "لەو باوەڕەدام ئەو پەیامەی بۆ جیهان دەمانبێت لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی دوای ئەو دیدارەی (لەگەڵ پوتین) ئەنجامی دەدەین، هەنگاوێکی زۆر گرنگ دەبێت، بە تایبەت بۆ وڵاتانی کەم پێشکەوتووی ئەفریقا''.
کۆبوونەوەی نێوان سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتین لە سۆچی دەستی پێ کرد.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا کە لە سەناتۆریۆمی ڕووسی بەڕێوەچوو، هەردوو سەرکردە بۆ ڕۆژنامەنووسان دووان و ڕوونکردنەوەیان دا.
سەرکۆماری تورکیا، ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە پەیوەندییەکانی تورکیا-ڕووسیا لە قۆناغێکی زۆر جیاوازدایە و گوتی: ''بانگهێشتکردنمان لەلایەن ئێوەوە و ئەنجامدانی ئەم سەردانە لەم سەردەمەدا کە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا دەگوزەرێت، بە ڕاستیی من و شاندەکەمی دڵخۆش کردووە''.
گوتیشی: "لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ڕووسیادا، بەتایبەتی لە ئێستادا قەبارەی بازرگانی دەرەکی ٦٢ ملیار دۆلارە و، ئەوە ئێمە زۆر دڵخۆش دەکات ئەوەیە کە راست بەرەو ئەو ئامانجە دەچین کە ئەو قەبارەیە بەرەو ١٠٠ ملیار دۆلار دەچێت. لەو باوەڕەدام کە دیداری ئەمڕۆی سەرۆکانی بانکی ناوەندیمان (تورکیا و ڕووسیا) و بە جیا کۆبوونەوەیان بەیەکەوە گرنگە لە ڕووی هەنگاونان بەرەو بەکارهێنانی یەکەی دراوی ناوخۆیی لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانماندا".
ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە پێشهاتەکانی وێستگەی وزەی ئەتۆمی ئاککویو زۆر باش بەردەوامە و، لەوێ نزیکەی ٢٥ هەزار هەلی کار ڕەخساوە و، گوتی: ''ئەو هەنگاوەی لەبارەی یەکەم یەکەوە نراوە زۆر باشە. پێموایە ئیدی ئەوەی ماوەی هەنگاونانە لەبارەی وێستگەی وزەی ئەتۆمی سینۆپ کە پێشتر گفتوگۆمان لەگەڵتان کرد لەبارەیەوە''.
سەرکۆماری تورکیا، باسی لەوە کرد کە یەکێک لە گرنگترین هەنگاوەکانی نێوان تورکیا و ڕووسیا پێشهاتەکانی بواری گەشتوگوزارە.
دواتر کۆبوونەوەکە بە داخراوی بەڕووی ڕاگەیاندندا بەردەوام بوو.