Zana Natık Kerem
25 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 26 کانوونی یەکەم 2018
تاران ــ AA
سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی بوودجەی گشتی بۆ ساڵی کۆچی ھەتاوی داھاتوو (١٣٩٨) کە بە ٤٧٠٠ تریلیۆن ریال (١٠٩،٥٥ ملیار دۆلار) خەڵمنێدراوە، پێشکەش بە پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد.
ئاژانسی ھەواڵیی (ئیرنا) بڵاویکردەوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی شواری ئێران (پەرلەمان)، عەلی لاریجانی رایگەیاندووە کە پەرلەمان ھەموو ھەوڵەکانی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی لیستی بوودجەی گشتی تا مانگی شوباتی داھاتوو پەسەند بکرێت.
بەپێی پەیڕەویی ناوخۆی پەرلەمانی ئێران، دوای وەرگرتنی لیستی بوودجە لە لایەن پەرلەمانەوە، دەبێت چەند کۆپییەکی لیستەکە بدرێت بە پەرلەمانتاران بۆ ئەوەی لە میانی ١٠ رۆژدا، راو پێشنیازەکانیان لەبارەیەوە پێشکەش بە لیژنە تایبەتەکان بکەن.
ھاوکات حەسەن روحانی لە گوتەیەکدا لەبەردەم پەرلەمان رایگەیاند، بوودجەی گشتی ساڵی ٢٠١٩، گونجاوە لەگەڵ سزا ستەمکارەکانی ئەمریکا کە بەسەر تاراندا سەپێندراوە.
سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی نەیشاردەوە کە سزاکان کاریگەرییان لەسەر بازاڕی دراو لە ئێراندا دروستکردووە و گوتی: "بە ھۆی سزاکانەوە، دراوی ئێران شکاوە و کاریگەریشی لەسەر ئاستی بژێوی ژیانی گەل دروستکردووە".
دوای ئەوەی ئەمریکا لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٨دا، کشانەوەی لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا راگەیاند، جارێکی دیکە ئەمریکا لە مانگەکانی ئاب و تشرینی دووەمی ئەمساڵدا سزای بەسەر ئێراندا سەپاندەوە کە سێکتەرەکانی ئابووری، وەک نەوت، بانک، گەشتەکان، بازرگانی و کانزاکانی گرتووەتەوە.
بوودجەی گشتی ئێران لە ساڵی ٢٠١٨دا، گەیشتبوویە ١٠٤ ملیار دۆلار.