Abdulhameed Husseın Karam
14 ئاب 2023•نوێکردنەوە: 24 ئەیلوول 2023
دهۆک - AA
ئاوارەیەکی ئێزدیی کەمپی "بێرسڤ ٢" لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بۆ بژێوی ژیان و پەرەپێدانی بە کولتووری میوزیکی ناوچەکەی، کارگەیەکی بچووکی تایبەت بە دروستکردنی ئامێری ساز دامەزراندووە.
ڕۆژانە ئەندامانی خێزانەکەی ئەلیاس قولۆ لە کارگەکەدا کە بە جەمەلۆن لە تەنیشت خێوەتەکەیان دروستیان کردووە، ساز دروست دەکەن و لەو ڕێگایەوە بژێوی ژیانی خۆیان دابین دەکەن.
ئەلیاس قولۆ خەڵکی شنگالە و تەمەنی ٦٨ ساڵە، ئەو لە ژێر پلەی گەرمای ٤٨ پلەی سیلیزییدا بە دەستە چرچ و لۆچەکانی خۆی بە لەرزەوە تەور لە داری گوێزی سازەکەی دەدات و دەڵێت"زیاتر لە پێنج ساڵە ئەم شوێنەمان دامەزراندووە تاکو ئێمە ھەم کارێکی ماڵەوەمان ھەبێت، ھەمیش کولتوری کۆنی ئێمە بە زیندوویی بمێنێتەوە".
ئەلیاس قولۆ کە لە دەست داعش ھەڵھاتووە و ئێستا لە ئاوەراییدا ژیان دەگوزەرێنێت دەڵێت "ئێمە بە نەھامەتی و بە سەختی توانیمان لە دەست تیرۆریستانی داعش ڕابکەین لە سەرەتادا کە ئێمەیان ھێنایە کەمپ ھەر بێکار بووین، بەڵام ئەوە پێنج ساڵە ئەو کارگەیەمان دامەزراندووە کە گەنجانی ئێمەیش لەماڵەوە بە بەتاڵی دانەنیشن و ئەو پیشەیەش فێربن".
ئەلیاس قولۆ لەبەر ئەوەی چووەتە ناو تەمەنەوە و توانای تەور لێدان و بڕینی دارەکانی کەمبووەتەوە لە ئێستادا، تەنھا سەرپەرشتی گەنجەکانی خێزانەکەی دەکات کە لە کارگەدا، سازن دروست دەکەن.
ئەلیاس قولۆ راشیگەیاند "پێشتر سێ کۆر و برازایەکم لە کارگەدا، کاریان دەکرد، لەبەر ئەوەی کورێکم بە ناوی ئیسماعیل چووەتە ئەورووپا و کوڕێکی دیکەیشم بە ناوی عەباس لە دھۆک کار دەکات، ئێستا من و کورێکم بە ناوی نایف و برازایەکەم بە ناوی سەعدون لێرە کار دەکەین".
گوتیشی: "زیاتر لە پێنج ساڵە لەو کەمپە ساز دروست دەکەین، ئێمە ھەم بۆ بژێوی ژیانمان و ھەم بۆ مانەوەی کولتووری باب و باپیرانمان دەمانەوێت پەرە بە کارەکەمان بدەین".
ئەلیاس قولۆ لەبارەی ئامادەکردنی سازەکان گوتی: " ھەر سازێک ١٨ بۆ٣٠ رۆژی پێ دەچێت، تاکو دروستی بکەین و ھەندێک جار بەپێی داواکاریی ئێمە دروستی دەکەین، نرخی سازەکانمان لە ٣٠ ھەزار تا سەد و پەنجا ھەزار دینارە و ئەوانەی زیاتر سازی کرمانجی لە ئێمە دەکرن خەڵکی ئیزدین".
پیشەی دروستکردنی ئامێرەکانی میوزیک لەم ناوچەیە ھاوشێوەی نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکە مێژوویەکی کۆنی ھەیە، دروستکردنی ئامێری سازیش پێویستی بە وردەکاری، شارەزایی ھەیە، بۆ ئەوەی جۆری سازەکان باشتربێت، زیاتر دارەکانی توو یان گوێز بەکاردەھێنن.
ئەلیاس قولۆ لەبارەی جۆری سازەکان ئەوەی خستەڕوو کە سێ جۆری سازیان ھەیە و گوتی: "ئێمە سازی تورکی، سازی سووری و سازی کرمانجی دروست دەکەین، زۆرترین ساز کە خواستی ئەو ناوچەیە، سازی کرمانجی یا شنگالییە و ئەوەی تورکی و سووریش کەسی تایبەت بەخۆی ھەیە، ئێمە تا ئێستا نزیکەی ١٠٠ سازمان فرۆشتووە لەبەر ئەوەی کە کڕیارەکانمان تایبەتن و بەپێی وەرزەکان، ساز دەکڕن، بۆ نموونە لە وەرزی زستاندا زیاتر خەڵکی ئێمە دێن و ساز دەکڕن، بەڵام لە وەرزی ھاویندا لەبەر سەرقاڵییان بە کاری کشتوکاڵی و دۆزینەوەی بژێوی ژیانیان لە ماڵەوە نامێنن، کەمتر ئامێری ساز دەفرۆشین".
سەعدوون حەمو کە برازای ئەلیاسە و لە کارگەکە کار دەکات بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە بەر لەوەی شنگال داگیربکرێت و داعش بێت، کارگەکەمان لە شنگال دامەزراندبوو ، بەڵام بەداخەوە نەمانتوانی لەوێ پەرەی پێبدەین و دواتر کارگەکەمان لە نزیک خێوتەکەمان بە ھەوڵی مامم دانا، ئێستا سێ جۆر ساز دروست دەکەین".
سەعدوون حەمو رایشگەیاند "ئێمە سێ جۆری سازمان ھەیە کە ئەوانەیش تورکی، سووری و کرمانجین، ئەوەی تورکی بە داری گوێز و ئەوەی سووری بە داری سادە و ئەوەی کرمانجی بە داری توو دروست دەکەین، سازی تورکی ناوەکەی قۆلترە و زیاتر خەڵکی زاخۆ و ھاووڵاتی تورکیا داوای دەکەن، سازی کرمانجی زیاتر ھاووڵاتییانی خۆمان و شنگالییەکان دەیکڕن، لەبەر ئەوەی شێوازی سەرکەی بچووک و قۆلایشی کەمترە دەنگەکەشی ناسکتر و پر سۆزترە، سازی کرمانجی زەحمەتەکەی زیاترە لەبەر ئەوەی ھەموو ئیشەکەی بەدەست دەکرێت بەڵام لە سازی تورکی و سووری بەشێکی زۆری بە ئامێری تایبەت ناوەکەی ھەڵدەکۆڵین".