Dlshad Saifaalddin Ahmed
03 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 07 ئاب 2017
سلێمانی ـ AA
ئەمشەو لە رێگەی فرۆکەخانەی سلێمانییەوە یەکەم کاروانی حاجیانی سنوری پارێزگای سلێمانی و دووەم کاروانی حاجیانی ھەرێم ( شەوی رابردوو یەکەم کاروانی حاجیانی ھەرێم لە رێگەی فرۆکەخانەی ھەولێرەوە بەڕِێکەوتن) بەرەو شاری مەدینە بەڕێکەوتن بۆ بە جێگەیاندنی فەڕِیزەی حەجی ئەمساڵ.
بەڕێوەبەری حەج و عومرەی سلێمانی کامەران عەلی لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی:" ئەمساڵ لە سنوری پارێزگای سلێمانی ١٩٦٠ کەس بۆ بەجێگەیاندنی فەڕیزەی حەج بەرەو عەرەبستانی سعوودیە بەڕێدەکەون، ئەمشەویش یەکەم وەجبەی ئەو کەسانە لە رێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە راستەوخۆ دەگەنە فڕۆکەخانەی مەدینە و ژمارەیان ١٧٩ کەسە".
لە ھەرێمی کوردستان ئەمساڵ ٤ ھەزار و ٨٦٧ کەس بۆ ئەنجامدانی فەڕیزەی حەج ناویان دەرچووە و لە رێگەی ھەردوو فڕۆکەخانەی ھەولێر و سلێمانیەوە گەشتەکان ئەنجام دەدەن.
بەڕێوەبەری حەج و عومرەی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ ئەمساڵ پشکی ھەرێم لەسەدا ٢٠ زیادی کردووتەوە، دوای ئەوەی لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەھۆی فراوانکردنی حەرەمی مەکەوە ئەو رێژەیە لە حاجیانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بڕابوو.
پێش بەڕێکەوتنی حاجیان، بۆ رێگری لە بڵاوبونەوە و تووشبون بەھەر جۆرە نەخۆشی و ڤایرۆسێک لەو وڵاتە کوتانیان بۆ ئەنجامدرا.