جيهان

گوتاری سەرکۆماری عێراق بەرهەم ساڵح لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان

- سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح لە گوتارێکدا لە ٧٥ھەمین خولی کۆمەڵی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەشی کرد، داوای ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پێشوەختەی پاکو بێگەرد و پێکھێنانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی گەندەڵی و گەڕانەوەی پارەی بە تاڵانبراوی کرد.

Sarmand Hameed  | 23.09.2020 - نوێکردنەوە : 25.09.2020
گوتاری سەرکۆماری عێراق بەرهەم ساڵح لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان

New York

هەولێر - AA

سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح لە گوتارێکدا لە ٧٥ھەمین خولی کۆمەڵی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەشی کرد، داوای ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پێشوەختەی پاکو بێگەرد و پێکھێنانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی گەندەڵی و گەڕانەوەی پارەی بە تاڵانبراوی کرد. 

بەرھەم ساڵح لە شاری بەغدا لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە، گوتاری عێراقی لە ٧٥ ھەمین خولی کۆمەڵی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەشکرد و رایگەیاند ئەمە یەکەم جارە لە مێژووی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە دوورەوە (بە ڤیدیۆ کۆنفڕانس) بەیەکەوە کۆدەبینەوە.. کۆبوونەوەکەمان لە ئان و ساتێکدایە کە مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا، باڵی بەسەر جیھاندا کێشاوە و ھەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ژیانی ھەموو مرۆڤایەتی.

بەرھەم ساڵح راشیگەیاند، ئەم کۆبوونەوە دوورەدەستەمان، بەرجەستەیەکی راستەقینەی ئەو گۆڕانکاریە ریشەییانەیە کە لە شێوازی ژیان و پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤ ھاتووەتەکایەوە. 

بەرھەم ساڵح لە گوتارەکەیدا جەختیکردەوە لە پێکھێنانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی گەندەڵی ھاوشێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر و بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گێڕانەوەی پارە بەتاڵانبراوەکان و وشککردنی سەرچاوەکانی پارەدارکردنی تیرۆرست و توندڕەوان و کۆتاییھێنان بە گەندەڵی کە شادەماری ئابوورییە سیاسییەکەی توندوتیژی و تیرۆرن. 

سەرکۆماری عێراق لە گوتارەکەیدا ئاماژیکرد بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پێشوەختەیەی پاک و بێگەرد لە ساڵی ئایندەدا کە بە گوێرەی یاسایەکی نوێ بەڕێوەبچێت، بتوانێت نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانەتر بۆ ھاووڵاتییان دەستەبەر بکات، ئەمەش لە پێناو ھێنانەدی ئەو بەڵێنەی بە جەماوەری خۆپێشاندەرمان داوە کە چاویان لە پتەوکردنی بنەماکانی دیموکراسی و مافە رەواکانی گەلە لە گەیشتن بە ژیانێکی شکۆدارانەی ئازاد، بەو ئامانجەی لە وڵاتەکەی خۆیاندا دەسەڵاتدار و بڕیار بەدەستبن، حکومەتیش رەنگدانەوەی ویست و ئیرادەی ئەوان بێت و بەرژەوەندییەکانیان بپارێزێت و ھیوا و ئاواتەکانیشیان بێنێتەدی. 

بەرھەم ساڵح لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا گوتی: "چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، لەگەڵ پۆلێک لە ژنان و کچانی ئێزدی و تورکمان و شیعە و شەبەک کۆبوومەوە کە لە چنگی تیرۆر و تیرۆرستان دەربازیان بووە.. گوێبیستی ئێش و ئازار و مەینەتییەکانیان بووم، سەرباری تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر رزگارکردنی شارەکانیاندا، کەچی ھێشتا مەینەتییەکانیان تەواو نەبوون، بەھۆی ئەو ئەشکەنجە جەستەیی و دەروونییەی تووشیبوون، ھێشتا بەدەست ئازاری جەستەیی و دەروونییەوە دەناڵێنن و لە خێوەتگاکاندا ژیان بەسەر دەبەن". 

گوتیشی: "ئەرکی سەرشانمانە ئاوارە و کۆچبەرەکان بگێڕینەوە سەر زێدی خۆیان، چیشمان لە دەست بێت بۆیان بکەین، لەمەشدا پێویستیمان بە پشتیوانی دۆستەکانمان و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت لە پاڵپشتیکردنی ئەو ھەوڵ و کۆششانەی لەو پێناوەدا دەیکەین". 

سەرکۆماری عێراق لە گوتارەکەیدا باسی لەوەشکرد دەمێکە عێراق گیرۆدەی جەنگ و گەمارۆ و کاولکاری و تیرۆرە، دەمێکە سەروەری خاکەکەی پێشێل دەکرێت، عێراقێکی خاوەن سەروەری تەواو، دەتوانێت ببێتە تان و پۆیەک بۆ بەیەکگەیشتنی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی گەلان و وڵاتانی ناوچەکە، لە توانایدایە ببێتە چوارچێوەیەک بۆ کۆی سیستەمێکی ناوچەیی کە لەسەر بنەمای ھاریکاری ئابووری و ئەمنی ھاوبەش دابمەزرێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەووی لە ناوچەکەدا. 

بەرھەم ساڵح ئەوەشی دووپاتکردەوە "پڕۆژە نیشتمانییەکەمان چەسپاندنی پێگەکانی دەوڵەتێکە کە سەروەری یاسا بسەپێنێت و مافی ھاووڵاتییەکانیشی بپارێزێت، نامانەوێت وڵاتەکەمان ببێتە گۆرەپانی ململانێی نێوان لایەنە ناکۆکەکان و یەکلاییکردنەوەی کێشەکانیان". 

ئەمەی خوارەوە دەقی تەواوی گوتاری سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ئەحمەد ساڵح- ە: 

بە ناوی خودای بەخشندە و میھرەبان

جەنابی سەرۆک

جەنابی سکرتێری گشتی

خاوەن شکۆ و پایەداران 

لە بەغدا شاری سەلام، ھیوای ئەوەتان بۆ ئەخوازم ھەمیشە لە سایە و سێبەری ئاشتی و ئارامی پەروەردگار دابن.

سڵاوی بێ پایانی کۆماری عێراقتان پێڕادەگەیەنم کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ھیواخوازم کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم خولەی ئێستایدا سەرکەوتوو بێت. 

ئەمە یەکەم جارە لە مێژووی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە دوورەوە (بە ڤیدیۆ کۆنفڕانس) بەیەکەوە کۆدەبینەوە .. کۆبوونەوەکەمان لە ئان و ساتێکدایە کە مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا، باڵی بەسەر جیھاندا کێشاوە و ھەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ژیانی ھەموو مرۆڤایەتی. 

ئەم کۆبوونەوە دوورەدەستەمان، بەرجەستەیەکی راستەقینەی ئەو گۆڕانکاریە ڕیشەییانەیە کە لە شێوازی ژیان و پەیوەندیەکانی نێوان مرۆڤ ھاتووەتەکایەوە. 

ئێستا مرۆڤایەتی لەدووڕییانێکی مێژوویدا وەستاوە؛ لە لایەک دەبێت مەودایەک لەگەڵ یەکتری وەربگرین، لەولاشەوە دەبێت کۆببینەوە.. لە لایەک گاریگەری پەتاکە کەنارگیری کردووین، لەولاشەوە ویستی کارکردن و ژیان وامان لێ دەکات بەردەوام بین. 

ھەڕەشەی تەشەنکردنی پەتای کۆرۆنا لە ھەر شار و گوندێکی ئەم ھەسارەیەدا، ھەڕەشەیەکی بەردەوامە بۆ ھەموو جیھان. 

بۆیە سەرباری جیاوازییەکانیشمان، دەبێت بنەمای ھاریکاری و کاری ھاوبەشی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەکان پتەوتر بکەین، ئامانجی کۆتاییشمان لەناوبردنی پەتاکەیە یان بە لایەنی کەمەوە سنوردارکردنی زیانەکانی . 

ئەوەی ئێستا ئەنجامی ئەدەین، دووپاتکردنەوەی گرنگیی ھاریکاری نێوان سەرجەم دەوڵەتانی پێشکەوتووە لە ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموون و شارەزایی و زانیاری لە بەرەنگاربوونەوەی پەتاکەدا.

بۆیە زۆر گرنگ و پێویستە وڵاتانی پێشکەوتوو یارمەتی وڵاتانی تازە گەشەسەندوو بدەن، تاوەکو ژینگەیەکی تەندروستی ئەوتۆیان بۆ بڕەخسێنن تاوەکو بەرەنگاری پەتاکە ببنەوە و خۆیشیان لەو لێکەوتانە بپارێزێن کە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی تووشی دەردەسەری کردووە. 

دەبێت ھەمووشمان بەرەنگاری ئەو ھەواڵ و باس و خواسە ساختەکارییانە ببینەوە سەبارەت بە پەتاکە لە ئارادان، چونکە دواکەوتوویی و ھەواڵە ناڕاستەکان ھەڕەشەیەکی مەترسیدارن بۆ ملیۆنان مرۆڤ. 

جێی خۆیەتی ئاماژە بۆ ئەوەش بکەین کە پلانی پێشوەختە گرنگییەکی بەرچاوی ھەیە لە دەستەبەرکردنی دادپەروەری لە دابەشکردنی پێکوتەی ڤایرۆسەکە لە کاتی بەردەست بوونیدا، پێویستە ئەو کاتەی پێکوتەکە دەکەوێتە بازاڕەوە، شێوازی بارزگانی پێوەکردنی لەبەرچاو بگیرێت، بەشێوەیەک یارمەتیدەری وڵاتە ھەرە ھەژارەکان بێت لەوەی بتوانن بە ئاسانی بۆ ھاووڵاتییانی فەراھەم بکەن. 

ئێمە لە عێراقدا، سەرباری سنوورداری توانا بەردەستەکانمان، ئەو بارودۆخەی دەورەی داوین، ئاستەنگە لەبەردەم بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە و بەرتەسککردنەوەی کاریگەرییەکانی، سەرباری سنوورداری تواناکانمان لە بواری چاودێری تەندروستی کە ھۆکارەکەی لاوازی ژێرخانی کەرتی تەندروستییە، زنجیرەیەک رێوشوێنی خۆپارێزی پێویستمان پیادە کردووە، بەڵام ھێشتاش زۆر ماوە ئەنجامی بدەین. 

جەنابی سەرۆک 

ئێستا و بەر لەسەرھەڵدانی پەتای کۆرۆنا، عێراق گیرۆدەی مەترسییەکی کوشندەتر بووە، ئەویش پەتای گەندەڵییە کە مەترسییەکانی بۆ سەر جیھان لە مەترسی کۆرۆنا کەمتر نییە. 

لەسایەی بە ھێزی ویستی گەلەکەمان و قوربانییدانی ھێزە چەکدارەکان لە سوپا و حەشدی شەعبی و پێشمەرگە و بە پاڵپشتی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ھاوسێکانمان، لە رووی سەربازییەوە بەسەر تیرۆردا سەرکەوتین و توانیمان شارەکان ئازاد بکەین و لەبندەستی تیرۆرستانیان دەربهێنین. 

بەڵام جەنگەکەمان دژبە تیرۆر و توندڕەوی بەردەوامە، شانە نووستووەکانی تیرۆر لێرەو لەوێ و لە پانتایی بیابانەکانی وڵاتەکەماندا خۆیان حەشارداوە. 

ناکرێ و نابێت مەترسی تیرۆر و دووبارە گەڕانەوە و خۆڕێکخستنەوەی ئەندامەکانی نادیدە بگرین، پێشمان وایە ھەر خەمساردی و بێباکییەک، یان سەرقاڵیمان بە ململانێکانی ناوچەکەوە، دەبێتە ھۆی ئەوەی ئەو ھێزە تاریک پەرستانە دەرفەت بقۆزنەوە بۆ ئەوەی دووبارە بگەڕێنەوە. 

ھاوکات ھەر کەمتەرخەمییەکیش لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ھەر دەستدرێژییەک بۆ سەروەری نیشتمانیمان، دەشێ ببنە بەربەست و ئاستەنگ لە بەردەم کۆششەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەویدا. 

لەم سۆنگەیەشەوە ھیوامان بە پاڵپشتی دۆستەکانمانە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تاوەکو ھاوکار و ھەماھەنگمان بن لە سۆراغکردنی ئەو پارانەی بە قاچاخ براونەتە دەرەوەی وڵات، ھەروەھا ئاشکراکردنی ناوی ئەو گەندەڵکارانەی بەو کارە قێزەونە ھەستاون و کۆمەکی گرووپە لە یاسادەرچووەکان و توندڕەوەکانیشی پێ دەکەن. 

گەندەڵی دەرد و ئافاتێکە و زۆرێک لە وڵاتان بەدەستییەوە دەناڵێنن، ئەو دەردە کوشندە نەیھێشتووە گەلی عێراق لە خێروبێری وڵاتەکەیان سوودمەند بن بەڵکو بۆ دەیەھا ساڵیشە عێراقی کردووەتە وێرانە، بۆیە گەلی عێراق بەھۆی کاریگەرییەکانی ئەو ئافاتەوە، ھەست بە بێزاری و نیگەرانیەکی زۆر دەکەن. 

لەم گۆشەنیگایەوە، ساڵی پار لە مینبەری کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەر ھەمان شێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر، داوای پێکھێنانی ھاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتیم کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گێڕانەوەی پارە بەتاڵانبراوەکان. 

ئەمڕۆ ھەمان داواکاری دووبارە دەکەمەوە.. لەو باوەڕەشدام تەنھا بە وشککردنی سەرچاوەکانی پارەدارکردنی تیرۆریست و توندڕەوان و کۆتاییھێنان بە گەندەڵی کە شادەماری ئابوورییە سیاسییەکەی توندوتیژی و تیرۆرن، دەتوانین تیرۆر لەناو بەرین کە باری ئابووری وڵاتان وێران دەکات و ویست و ئیرادەی گەلانیش لە پێشکەوتن و بونیادناندا پەکدەخات. 

جەنابی سەرۆک .. 

بە پێویستی دەزانم ھەڵوێستەیەک لە بەردەم زنجیرە تاوانەکانی کۆمەڵکوژی دژ بە ئێزدییەکانی وڵاتەکەم بکەم، ئامانجی ئەو تاوانکارییە سڕینەوەی بوونی ئەوان بوو، بۆیە لەسەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێویستە پشتیوان و یارمەتیدەری عێراق بێت لە رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە تاوانانە. 

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، لەگەڵ پۆلێک لە ژنان و کچانی ئێزدی و تورکمان و شیعە و شەبەک کۆبوومەوە کە لە چنگی تیرۆر و تیرۆریستان دەربازیان بووە.. گوێبیستی ئێش و ئازار و مەینەتییەکانیان بووم، سەرباری تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر رزگارکردنی شارەکانیاندا، کەچی ھێشتا مەینەتییەکانیان تەواو نەبوون، بەھۆی ئەو ئەشکەنجە جەستەیی و دەروونییەی تووشیبوون، ھێشتا بەدەست ئازاری جەستەیی و دەروونییەوە دەناڵێنن و لە خێوەتگاکاندا ژیان بەسەر دەبەن. 

ئەرکی سەرشانمانە ئاوارە و کۆچبەرەکان بگێڕینەوە سەر زێدی خۆیان، چیشمان لە دەست بێت بۆیان بکەین، لەمەشدا پێویستیمان بە پشتیوانی دۆستەکانمان و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت لە پاڵپشتیکردنی ئەو ھەوڵ و کۆششانەی لەو پێناوەدا دەیکەین. 

جەنابی سەرۆک .. 

عێراق قوربانی پاشماوەی زیاتر لە ٤٠ ساڵ جەنگ و ئێش و ئازار و گەمارۆ و تیرۆرە، ئەمساڵیش وەک زۆرێک لە دەوڵەتان، گیرۆدەی دابەزینی نرخی نەوتە لە بازاڕەکانی جیھاندا، لێکەوتەکانی تەنگژە ئابوورییەکەی جیھان کە دەرھاویشتەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە، یەخەی گرتووە، ئەم دوو بەڵایەش بەیەکەوە عێراقی رووبەڕووی چەندەھا ئاستەنگی گەورە کردووەتەوە. 

لە ئێستاشدا نزیکەی ساڵێک بەسەر ناڕەزاییەکانی شەقامی عێراقیدا تێدەپەڕێت، ئەو بزاوتە رەنگدانەوەی ویست و ئارەزووی گشت ھاووڵاتییان بوو لە ئەنجامدانی گۆڕانکارییەکی ریشەی کە لە ئاست داواکاری و ماف و ئازادییە رەواکانیاندا بێت. 

ئەو کێشمەکێشمەی شەقامی ناڕازی، بەرجەستەی ویستێکی زیندوو و راستەقینەی ھاووڵاتییان بوو لە چەسپاندنی بنەماکانی دەوڵەتداری و چۆنییەتی بەڕێوەبردنی و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەل. 

کاروانی چاکسازی لە عێراقدا کەوتووەتەرێ، بەڵام پێویستی بە کۆششی ماندوونەناسانە ھەیە، تاوەکو بەرھەمەکەی بچنینەوە، ئەو ھەنگاوانەی لەو بوارەدا ھەڵمانگرتوون، ئاماژە بەوە دەدەن کە دەکرێت گۆڕانکارییەکی ئاشتیخوازانەی دەستووری دوور لە ھەموو توندوتیژییەک بێننە ئاراوە، ئەمەش بە تەواوی گوزارشت لە ویست و دڵخوازی گەلی عێراق دەکات. 

لە ناو جەرگەی ئەو بارودۆخە سەختەی وڵاتەکەمان پیایدا تێدەپەڕێت، لەمساڵدا حکوومەتە نوێیەکەی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی پێکھات کە داواکاری راستەقینەی جەماوەری خۆپێشاندەر بوو لەو چاکسازییانەی داوایان دەکرد. 

بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی دوای قۆناغی ستەمکاری، دەتوانم بڵێم مەحاڵە گەلی عێراق بەم دۆخەی ئێستا رازیبن، ئەوان چاویان لە قۆناغێکی سیاسی نوێیە کە کەموکورتییە بنەرەتییەکان چارەسەر بکات کە لە ٢٠٠٣ وە کۆی سیستەمی حوکمڕانی عێراق بەدەستییەوە دەناڵێنێت، ئەوان چاویان لە بونیاتنانی حوکمڕانییەکی دروستە. 

بۆیە لە پێناو بەدەنگەوەھاتنی ویست و داواکارییە رەواکانی جەماوەردا، دەبێت حکوومەتی عێراق بەرپرسیاریەتییە گەورەکانی سەرشانی جێبەجێ بکات کە بنەما سەرەکییەکانی بریتین لە ئەنجامدانی چاکسازیەکی بونیادنەرانەی سیاسی و ئابووری و کارگێڕی، ئەمەش پێویستی بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵکاران ھەیە کە بەرجەستەی دیوی دووەمی تیرۆرن. 

ئەرکێکی دیکەی سەرەکی حکوومەت، ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پێشوەختەیەی پاکو بێگەردە لە ساڵی ئایندەدا کە بە گوێرەی یاسایەکی نوێ بەڕێوەبچێت، بتوانێت نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانەتر بۆ ھاووڵاتییان دەستەبەر بکات، ئەمەش لە پێناو ھێنانەدی ئەو بەڵێنەی بە جەماوەری خۆپێشاندەرمان داوە کە چاویان لە پتەوکردنی بنەماکانی دیموکراسی و مافە رەواکانی گەلە لە گەیشتن بە ژیانێکی شکۆدارانەی ئازاد، بەو ئامانجەی لە وڵاتەکەی خۆیاندا دەسەڵاتدار و بڕیار بەدەستبن، حکوومەتیش رەنگدانەوەی ویست و ئیرادەی ئەوان بێت و بەرژەوەندییەکانیان بپارێزێت و ھیوا و ئاواتەکانیشیان بێنێتەدی. 

حکوومەت کارێکی دیکەی گرنگی لەسەر شانە کە جڵەوکردنی چەکی نایاساییە، بەوەی تەنھا چەک بەدەست دەوڵەتەوە بێت و لە دەرەوەی یاسا و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا یاساغ بێت، ھەروەھا لێکۆڵینەوەیەکی لێبڕاوانە و جددیش بکرێت سەبارەت بە تاوانی کوشتنی خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان. 

لە راستیدا رووبەڕووبوونەوەی گروپە لە یاسا دەرچووەکان و چەکی نا یاسایی، ململانێی دەوڵەتە دژ بە لایەنگرانی توندڕەووی و پاشاگەردانی، ئەم ئەرکەش ھەروا ئاسان نییە، خۆ ئەگەر بمانەوێت ئاشتەوایی و سەقامگیری بۆ وڵاتەکەمان فەراھەم بکەین و خۆمان سەرورەی خۆمان بین، ئەوا ھەر دەبێت ئەنجامی بدەین. 

بەیاننامەکەی ئەم دوایەی سەماحەتی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی دوای پێشوازیکردنی لە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، بە روون و راشکاوی ئەو ئەرکانەی دەستنیشان کردوون کە پێوستە لە پێناو ئەنجامدانی چاکسازی لە پڕۆسەی سیاسی ئێستادا ئەنجامی بدەین، دەبێت ئەو چاکسازیەش تەواو بەدوور بێت لە ھەموو گەندەڵی و کرچوکاڵییەک. 

لێرەوە، لەسەر بنەمای ئەوەی باسمان لێوەکرد، چاومان لە ھاریکاری و یارمەتیدانی نەتەوە یەکگرتووەکانە لەوەی ھەماھەنگی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بکەن و پاڵپشتی تەکنیکی بۆ دابین بکەن و چاودێریش بن بەسەر پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکانەوە، تاوەکو گەرەنتی پاک و بێگەردی پڕۆسەکە دەستەبەر بکەین و رێگریش لە ھەر ساختەکاری و گزیکاری و فرتوفێلێک بکەین کە کاریگەری نەرێنی ھەبێت بۆ سەر وویستی ئازادی دەنگدەر لە ھەڵبژاردنەکاندا. 

جەنابی سەرۆک .. 

پڕۆژە نیشتمانییەکەمان چەسپاندنی پێگەکانی دەوڵەتێکە کە سەروەری یاسا بسەپێنێت و مافی ھاووڵاتییەکانیشی بپارێزێت، نامانەوێت وڵاتەکەمان ببێتە گۆرەپانی ململانێی نێوان لایەنە ناکۆکەکان و یەکلاییکردنەوەی کێشەکانیان. 

دەمێکە عێراق گیرۆدەی جەنگ و گەمارۆ و کاولکاری و تیرۆرە، دەمێکە سەرورەی خاکەکەی پێشێل دەکرێت، عێراقێکی خاوەن سەروەری تەواو، دەتوانێت ببێتە تان و پۆیەک بۆ بەیەکگەیشتنی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی گەلان و وڵاتانی ناوچەکە، لە توانایدایە ببێتە چوارچێوەیەک بۆ کۆی سیستەمێکی ناوچەیی کە لەسەر بنەمای ھاریکاری ئابووری و ئەمنی ھاوبەش دابمەزرێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی لە ناوچەکەدا. 

ئێمە بۆ سەرخستنی پڕۆژە نیشتمانییەکەمان، چاومان لە پشتیوانی و پاڵپشتییەکی کارا و کاریگەری ھاوسێکانمان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە، سەرکەوتنی پرۆژە نیشتمانییەکەشمان لێکەوتە و دەرھاویشتەی گەورە و کاریگەری دەبێت بۆ سەر ئایندەی عێراق و ناوچەکە و بگرە جیھانیش. 

لەو چوارچێوەیەشدا، عێراق جەخت لەو ھەڵوێستەی خۆی دەکاتەوە کە پێویستە پرسی فەڵەستین چارەسەر بکرێت و مافە رەواکانی گەلی فەڵەستینیش فەراھەم بکرێن لەوەی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی دابمەزرێنێت، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت لە چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکە و جیھانیشدا. 

خوشک و برایانی بەڕێز 

لەم ساتەوەختەی ئێستادا، ئەو شەھیدانە لەبیر ناکەین کە گیانی خۆیان لە پێناو ئازادی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بەخت کرد، سڵاو و پێزانینی بێ پایانی خۆم ئاڕاستەی ئەو گەنجانە دەکەم کە لە پێناو ژیانێکی شکۆدارانەی ئازاددا، رۆژانە بە ویستێکی پۆڵایین و مکوڕبوونەوە لە خەبات و تێکۆشاندان. ئەو ورە بەرزییەی گەنج و لاوەکانمان گەشبینیمان پێ دەبەخشێت لە گەیشتن بە ھیوا و ئاواتەکانی ئایندەمان، دڵمان بەوە خۆشە کە گەنج و لاوەکانمان شێلگیرانە لە کاروانی گەیشتن بە ئازادی و چەسپاندنی سەروەری یاسا و فەراھەمکردنی دادپەروەریدا بەردەوامن. 

درود بۆ گیانی شەھیدانی رێگای ئازادی و رووبەڕوونەوەی تیرۆر، سلاو بۆ گەنجەکانمان کە سوورن لەسەر بەدیھێنانی ژیانی ئازاد و خۆشگوزەران، لە چاوی گەشیانەوە، ئایندەی ئازادی و سەپاندنی حوکمی یاسا و دادپەورەری بەدی دەکەین. 

لە کۆتایدا، لە ٧٥هەمین ساڵیادی دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، سوپاس و پێزانینی خۆم ئاڕاستەی ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە دەکەم، سەرباری جیاوازییەکانیش، کەچی ھێشتا ئەو رێکخراوە کۆمان دەکاتەوە، بە تایبەتیش کە لە ئێستادا رووبەڕووی ئاڵنگارییە نێودەوڵەتییەکانی وەک بەرەنگاربوونەوەی پەتاکان، گۆڕانی کەشوھەوا، پێویستی دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆراک، پرسی ئاوارە و کۆچبەران دەبینەوە، ھەموو ئەمانە دەکرێت لە رێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان و پابەندبوونمان بە بەڵگەنامەکەیەوە چارەسەر بکرێن. 

گومانیش لەوەدا نییە کە لە ٧٥ ساڵی رابردوودا، سیستەمی نێودەوڵەتی، زۆر جار لە چارەسەرکردنی گرفتەکانی جیھاندا شکستیھێناوە، زۆر مەرگەساتی کارەساتباری وەک رواندا و جەنگ و کاولکارییەکانی عێراق و سووریا و لیبیا و ئەوانی دیکەش ھەن کە دەبێت پەند و ئەزموونیان لێوەرگرین، دەبێت لە وانەکانی رابردووەوە فێربین، لە ھەمان ئان و ساتیشدا پێویستە برەو بە ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردوام بدەین و لێبڕاوانەش کار لەسەر ئەجێندای چاکسازیکردن لە دامەزراوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بکەین، بەو ئامانجەی بتوانین ھیوا و ئاواتی گەلانی جیھان بەدی بھێنین. 

زۆر سوپاس بۆ گوێگرتن 

بەو ھیوایەی جارێکی دیکە لە جیھانکی خاڵی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەیەکەوە کۆببینەوە.. ھیواخوازیشم جیھان و مرۆڤایەتی لە ڤایرۆسی رق و گەندەڵی و جەنگ و تیرۆر بەدوور بن. 

دووبارە سڵاو و رێزی بێپایانم قبوڵ بفەرموون.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın