جيهان

''زیانە ماددییەکانی تەقینەوەکەى بەیروت ١٥ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە''

- یەکەی ئاسایشی ناوخۆیی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی لوبنان: ''تا ئێستا سێ هەزار و ٩٧٢ بینا و چوار هەزار و ٢١٤ ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتووە''.

Mahmut Geldi  | 13.08.2020 - نوێکردنەوە : 16.08.2020
 ''زیانە ماددییەکانی تەقینەوەکەى بەیروت ١٥ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە''

Beyrut

بەیروت - AA

سەرکۆماری لوبنان، میشێل عەون راگەیاندکە زیانە ماددییەکانی ئەو تەقینەوە گەورەیەی هەفتەی رابردوو لە بەیروت-ی پایتەخت رووی دا، ١٥ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.

ئاژانسی هەواڵیی فەرمی لوبنان NNA بڵاوی کردەوە، سەرکۆمار میشێل عەون، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ شای ئیسپانیا، فلیپی شەشەم ئەنجامداوە سەبارەت بە تەقینەوە بەهێزەکەی بەندەری بەیروت.

لەو پەیوەندیە تەلەفۆنییەدا، عەون باسی لەوە کردووە کە پێشبینی دەکرێت ئەو زیانە ماددیانەی بەهۆی تەقینەوەکەوە کەوتوونەتەوە، ١٥ ملیار دۆلاری تێپەڕاندبێت.

لای خۆیەوە، فلیپی شەشەم جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە وڵاتەکەی لەم کاتە سەختەدا لە پاڵ لوبناندایە.

- لە تەقینەوەکەدا هەزاران بینا و ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوت

لە لایەکی دیکەوە لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن یەکەی ئاسایشی ناوخۆیی سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی لوبنانەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە لە چواری ئابەوە لەوەتەی تەقینەوەکە روویداوە، دەستکراوە بە کارەکانی دیاریکردنی زیانەکان.

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە تا ئێستا، سێ هەزار و ٩٧٢ بینا و چوار هەزار و ٢١٤ ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتووە و هێشتا کارەکانی دیاریکردنی زیانەکان درێژەی هەیە.

هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە لەو ماوەیەدا موڵکە تایبەتەکان خراونەتە ژێر پارێزی تایبەتەوە دژبە رووداوی دزیکردن و تا ئەمڕۆ نزیکەی ٤٠ کەس بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیرکراون.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە تیمێکی پسپۆڕ دروستکراوە بۆ دۆزینەوەی ناسنامەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، بەڵام ناسنامەیان دیار نییە لەگەڵ دۆزینەوەی ناسنامەی بێ سەروشوێنان.

- تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت

لە چواری ئابدا لە بەندەری بەیروت سەرەتا ئاگر لە کۆگای ژمارە ١٢ی بەندەرەکە کەوتەوە کە ماددەی تەقینەوەی تیادا هەڵگیرابوو، پاشان تەقینەوەیەکی زۆر بەهێز رووی دا کە هەموو بەیروتی هەژاند.

سەرکۆماری لوبنان، میشێل عەون باسی لەوە کردبوو کە تەقینەوەکە بەهۆی دوو هەزار و ٧٥٠ تۆن نیتراتی ئامۆنیۆمەوە روویداوە کە شەش ساڵە لە کۆگایەکی بەندرەری بەیروتدا هەڵگیراوە.

بەپێی راگەیەندراوە فەرمییەکانی بەرپرسانی تەندروستیی لوبنان لە تەقینەوەکەدا، ١٧١ کەس گیانیان لەدەستداوە، ٣٠-٤٠ کەس بێ سەروشوێنن و نزیکەی شەش هەزار کەس برینداربوون کە ١٢٠یان لەژێر چاودێری چڕدان و هەزار و ٥٠٠ کەسیش چارەسەری تایبەتیان بۆ دەکرێت.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın