کۆڤید- ١٩

یەکێتی زانایان بڕیاریدا نوێژی ھەینی لە هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت

یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی: "ئەوانەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیان لەدەست دەدەن، پلەی شەھیدیان ھەیە و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بەرپرسن لە جێبەجێکردنی رێکارە تەندروستییەکانی ناشتنی تەرمەکان".

Heman Hussein Yaseen  | 03.03.2020 - نوێکردنەوە : 04.03.2020
یەکێتی زانایان بڕیاریدا نوێژی ھەینی لە هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت

Arbil

هەولێر - AA

ئەمڕۆ سێشەممە، یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی دوای کۆبوونەوە لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای فەتوا، بڕیاریدا گوتاری ھەینی بۆ ١٠ تا ١٢ خولەک کورت بکرێتەوە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی لە کوردستان، عەبدوڵڵا وەیسی گوتی: "دوای ئەو پرس و رایەی کە لەلایەن مامۆستایانی ئایینی ئیسلامییەوە ئاراستەمان کراوە، کۆبووینەوە و بڕیارماندا:

یەکەم: "ئەرکێکی شەرعییە کە ھاووڵاتییان پابەندی تەواوی رێنماییەکانی تەندروستی بن وەک ئەرکێکی ئایینی و مرۆیی".

دووەم: "ناتوانرێت گوتاری رۆژی ھەینی لە مزگەوتەکان رابگیرێت تەنھا بۆ ئەو شوێنانەی کە ڤایرۆسی تێدا بڵاوبووەتەوە و دواتر لە شوێنی دیکە دووبارە بکرێتەوە".

سێیەم: "کۆبوونەوە ئاینییەکانی دیکە وەک ئیسرا و میعراج و پرسە و ژن مارەکردن و بۆنەکانی دیکە رادەگیرێت، لەکاتی مردنی ھەر موسڵمانێکیش لە مزگەوت دەشۆردرێت و دواتر لە گۆڕستان دوای ئەوەی تەرمەکە دەنێژرێت لەوێ پرسە کۆتایی دێت".

چوارەم: "ئەوانەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیان لەدەست دەدەن، پلەی شەھیدیان ھەیە و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بەرپرسن لە جێبەجێکردنی رێکارە تەندروستییەکانی ناشتنی تەرمەکان".

پێنجەم: "ئەوانەی نەخۆشن یان مەترسی تووشبونیان ھەیە، دەکرێت ئەم ماوەیە بەشداری نوێژی ھەینی و جەماعەت نەکەن".

شەشەم: "خوێندنی ئایینی رابگیرێت وەک ئەوەی کە خوێندن لە وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا راگیرا".

حەفتەم: "سەردانیکردنی نەخۆش نەکرێت، بەڵکو بە تەلەفۆن و نامە ھەواڵپرسین پڕۆسەکە ئەنجام بدرێت".

هەشتەم: "ئەوانەی لە وڵاتانی تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا گەڕاونەتەوە، سەردانی بنکە تەندروستییەکان بکەن و ئەگەرنا گوناهبار دەبن".

نۆیەم: "نابێت توشبوو تێکەڵ بە کۆمەڵ و هاووڵاتییان ببن".

دەیەم: "گوتاربێژان، گوتارەکانی ھەینی کورت بکەنەوە بۆ ١٠ تا ١٢ خولەک و رێوشوێنی دەستنوێژەکان لە ماڵەوە بکرێت و پاک و خاوێنی زیاتر بۆ مزگەوتەکان دابین بکرێت و پەیرەوی رێنماییەکان بکرێت".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın