کۆڤید- ١٩

پڕۆژه‌ی فاست كه‌یر لە هەرێمی کوردستان ده‌چێته‌ واری جێبه‌جێكردنه‌وه‌

وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکی نوێی بەناوی فاست کەیڕ بۆ ھاووڵاتییان راگەیاند و ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە تیمێکی تەندروستی گەڕۆک و ھاووڵاتییان لە رێگای ئەم تیمەوە دەتوانن لە ماڵەکانی خۆیان چارەسەری پێویست وەرگرن.

Heman Hussein Yaseen  | 30.03.2020 - نوێکردنەوە : 01.04.2020
پڕۆژه‌ی فاست كه‌یر لە هەرێمی کوردستان ده‌چێته‌ واری جێبه‌جێكردنه‌وه‌

Arbil

هه‌ولێر - AA

وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکی نوێی بەناوی فاست کەیڕ بۆ ھاووڵاتییان راگەیاند و ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە تیمێکی تەندروستی گەڕۆک و ھاووڵاتییان لە رێگای ئەم تیمەوە دەتوانن لە ماڵەکانی خۆیان چارەسەری پێویست وەرگرن و ئەمەش کێشەی ھاتوچۆی ھاووڵاتییان لەمیانی راگەیاندنی قەدەغەی ھاتوچۆ چارەسەر دەکات و، هاوكات داتاكانی تایبه‌ت به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێی له‌ هه‌رێمی كوردستان خسته‌ڕوو.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان سامان بەرزنجی گوتی: ''ھەروەک دەزانن ئەمڕۆ لە کۆتایی دووەم ھەفتەی قەدەغەی ھاتوچۆین و سوپاسی ھاووڵاتییان دەکەین بۆ خۆراگرییان و ھیوادارین کە وێڕای ئەوەی فشارێکی زۆر لەسەر کارو پیشەی رۆژانەدا ھەبووە ھەموو ھەڵسەنگاندن و داتاکان ئەوە دەگەیەنێت کە باشترین رێگا چارەسەر لە جیھاندا بریتییە لەمانەوەی لەماڵ و دوورکەوتنەوە لە بەریەککەوتن''.

وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاند کە پشکنین بۆ گومانلێکراوان بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕ دەبێت و سەرەتا کەسانی تووشبوو، پاشان بەرکەوتەی کەسانی تووشبوو، پاشان کەرەنتین کردن بۆ ماوەی دوو ھەفتە و ئاماژەی بەوەشکرد کە یەکێک لە رێگاکان رووپێوە لە چەند شوێنێکی جیاواز بە تایبەت ئەو ناوچانەی ژمارەی تووشبووانیان زۆرە وەک قەزا و شارۆچکەکانی چەند رۆژی رابردوودا.

سامان بەرزنجی جەختی لەوەشکردەوە کە رۆژانە نزیکەی ٧٠٠ پشکنین بۆ ھاووڵاتییان دەکرێت بە پێشکەوتووترین ئامێری پشکنین، راشیگەیاند کە کۆی گشتی تووشبووان لەھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ١٦١ کەس و لەو ژمارەیەش ٨٨ حاڵەت لە سلێمانی، ٥٦ حاڵەت لە ھەولێر، ھەشت حاڵەت لە ھەڵەبجە و نۆ حاڵەتیش لە دھۆکن و ٥٦ کەسش چاکبوونەتەوە و گەڕاونەتەوە ناو خێزانەکانییان کە لەو ژمارەیەش ٥٠ کەس لە سلێمانی و ٦ کەسیش لە ھەولێر بووە. دوو حاڵەتی گیانلەدەستدانیش ھەبووە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان سامان بەرزنجی، کۆی ژمارەی ھاووڵاتییانی خستەڕوو کە چوونەتە کەرەنتین و ژمارەی ئەوانەیشی لە کەرەنتینەکان دەرچوونە و گوتیشی: ''تا ئێستا پێنج ھەزار و ٤٧٤ کەس کەرەنتین کراون و لەو ژمارەیەش چوار ھەزار و ٢٤٨ کەس لە کەرەنتینەکان دەرچوونە و یەک ھەزار و ٢٢٦ کەسیش ئێستا لە کەرەنتینەکانن''.

لەبارەی ژمارەی کۆی پشکنینەکانی گومانلێکراوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی گوتی: ''تا ئێستا پێنج ھەزار و ٨٧٨ پشکنین کراوە و لەو ژمارەیەش پێنج ھەزار و ٧٢٨ کەس ئەنجامەکەیان نێگەتیڤ بووە و ١٦١ کەسیش ئەنجامەکەی پۆزەتیڤ بووە''.

دکتۆر سامان بەرزنجی ئاشکرایشی کرد کە لەماوەیەکی نزیکدا لەرێگای پۆرتاڵێکی ناو مۆبایلەکانەوە دەتوانن تەواوی زانیارییەکانی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ببینین و پۆرتالەکە ناوی کوردستان ھێڵس دەبێت.

ھەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان ئەوەیشی خستەڕوو کە ئەو ھاووڵاتییانەی لەدەرەوەی ھەرێمی کوردستان ھاتوونەتەوە و ھەرێم لە ١٥ی شوباتەوە تا ئەمڕۆ و، کەرەنتین نەکراون، دەکرێت خۆیان بە تیمەکانی تەندروستی بناسێنن و پشکنینیان بۆ بکرێت و بەمەش دەبنە خاوەنی بڕوانامەی دەرەنجامی پشکنینەکە و دەتوانین دڵنیابین لەوانەی کە گەڕاونەتەوە، بەپێچەوانەوە، ئەگەر کەسێک خۆی بە تیمەکان نەناسێنێت و گومانلێکراو بێت یان ھەڵگری ڤایرۆسەکە بێت رووبەڕووی یاسای دەکەینەوە و، تا ئێستاش زۆرترین دەرەنجام کە کاریگەی باشی ھەبووە، قەدەغەی ھاتوچۆ بووە بۆ رێگریکردن لە بڵابوونەوەی ڤایرۆسەکە و ئەمەش رێکارەکان لە پێناو بەرژەوەندی ھاووڵاتییانە و لێرەوە ھەرچەندە تووشی فشار و قەیرانی دارایی بووینەوە بەھۆی سنوورداکردنی کاروباری بازرگانی و جووڵەی بازرگانی کە ئەمەش کاریگەری کردووەتە سەر داھات و ئابووری، بەڵام توانیوومانە بگەینە قۆناغێکی باش لە رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و چارەسەری ڤایرۆسەکە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەیشکرد کە لە ئایندەیەکی نزیکدا کە لە دەزگاکانی راگەیاندن بڵاویدەکەنەوە، دایکان دەتوانن منداڵەکانییان ببەن بۆ ئەوەی پێکوتە وەرگرن و، ھەر ئێستاش پڕۆژەیەکی گرنگ بۆ ھاووڵاتییان رادەگەیەنین کە خزمەتگوازاری فاست کەیڕ ، ئەویش بریتییە لە تیمی تەندروستی گەڕۆک کە دەخرێتە واری جێبەجێکردن و ھاووڵاتییان دەتوانن لە بەردەم ماڵەکەی خۆیان چارەسەری تەندروستی وەرگرن و، ئەمەش بۆ ئەوەیە کە ھیچ نەخۆشێک لە کاتی قەدەغەی ھاتوچۆ تووشی گرفت نەبێت.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın