مێژوو و نهریتی چاودێرییکردنی بینینی مانگ لە شاخی گڵەزەردهی سلێمانییهوه
ههموو ساڵێك رۆژی ٢٩ی رەمەزان کۆمەڵه کەسێك کە پێکهاتوون لە مامۆستایانی ئایینی و چەند کەسایەتییەکی شاری سلێمانی دەچنە سەر شاخی گڵەزەردە و چاودێری بینینی مانگ دەکەن.
As Sulaymaniyah
سلێمانی-AA
ههموو ساڵێك رۆژی ٢٩ی رەمەزان کۆمەڵه کەسێك کە پێکهاتوون لە مامۆستایانی ئایینی و چەند کەسایەتییەکی شاری سلێمانی دەچنە سەر شاخی گڵەزەردە و چاودێری بینینی مانگ دەکەن. چاودێرییكردنی بینینی مانگ له گڵهزهرده مێژوویهكی دێرینی ههیه و دهگهڕێتهوه بۆ ٣٥٠ ساڵ بهر له ئێستا.
دوای ئەوەی دوێنێ لیژنەی تایبەت بە بینینی مانگ چوونە سەر شاخی گڵە زەردە و چاودێری بینینی مانگیان دەکرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە مانگ نەبینرا، بریاردرا رۆژی شەممە، ٢٣ی ئایاری ٢٠٢٠ تەواوکەری مانگی رەمەزان بێت و رۆژی یەکشەممە بکرێتە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان.
لەسەر شاخی گڵەزەردە کە بە دووری ٢٥ كیلۆمهتر دەکەوێتە باشووری شاری سلێمانیەوە، بهر له لانیكهم ٣٥٠ ساڵ، کەسێک بەناوی شێخ حەسەن گڵەزەردهیی، بەدرێژایی ٣٦ ساڵ سەرقاڵی هەڵکەندنی چەند چاڵێک بووە، بۆ ئەوەی روانگەی مانگ بدۆزێتەوە و هەموو ساڵێک کەسانی دوای خۆیشی لەو روانگانەوە چاودێری بینینی مانگ بکەن بۆ ئهوهی رۆژانی جەژنی رەمەزان دیارییبکەن.
شێخ کەمال گڵەزەردەیی کە یەکێکە لە نەوەکانی شێخ حەسەن، لە باسێکی روانگەکان و چۆنێتیی چاودێرییکردنی مانگدا كه تیمی رۆژنامهوانیی ئاژانسی ئانادۆڵوش بهمهبهستی بینینی مانگ بهر له بانگی ئێوارهی رۆژی ٢٩ی رهمهزان یاوهرییان دهكرد، گوتی: "ئێستا سەعات ١٨:٥١ە، بانگدان دەکەوێتە ١٥ خولهك دواتر، کاتێک خۆر ئاوا دەبێت، ئینجا دەتوانین مانگ ببینین، هێشتا خۆر ئاوا نەبووە، بەڵام کاتەکە چارەنوسسازە دەبێت لەکاتی خۆرئاوابوونەکەدا ئاگادار بین کە مانگ بینرا چاودێری بکرێت".
سەبارەت بە چۆنێتیی بینینەکە شێخ کەمال گوتی: "خۆر دەخەیتە لەپی دەستەوە لەلای چەپی خۆرەوە بۆ مانگ دهگەڕێیت، ئەتوانیت مانگ بەدیبکەیت. ئەگەر کاتی هەبوو، ئەویش دەبێت لە بەیانیان و ئێوارانی ٢٩ی مانگی هیجریدا بەدوایدا بگەرێیت."
تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو چوونە سەر روانگەی شێخ حەسەنی گڵەزەردە، كه مێژووەکەی بۆ ٣٥٠ بۆ ٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە بەپێی گوتەی نەوەکانی شێخ حەسەن، بە ٣٦ ساڵ ناوبراو توانیویەتی، رۆژەکانی ساڵ دیاری بکات و ئەو شوێنەی دەستنیشان كردووه، کە لێیهوه مانگ بە ئاسانی دەبینرێت، بۆ ئەوەی نەوەکانی دوای خۆی سوودی لێوەربگرن و لەو روانگەیەوە بەدوای مانگدا بگەڕێن بهمهبهستی دیارییکردنی رەمەزان و رۆژەکانی جەژن.
شێخ کەمال گوتیشی: "ئێستا بۆ ماوەی ههشت ساڵە ئەو نەریتە دووبارەدەکەینەوە، لای هەندێک کەس کارێکی کلاسیکە بەڵام ئێمە لایەنە زانستییەکەشمان فەرامۆش نەکردووە، جگە لە رووە شەرعیەکەش لە رووی زانستیەوە تێبینی ئەوە دەکەین کە ئایا دەکرێت ئەمرۆ مانگ ببینین یا نا".
ئهو نهوهیهی شێخ حهسهن باس لەوە دەکات هەموو ساڵێک دوای ئەوەی کۆمەڵێکیان بۆ چاودێرییکردنی بینینی مانگ سەردانی شاخی گڵەزەردە دەکەن، دواتر پێکەوە دەچنەوە نێو گوندەکە و خوانی بەربانگ بۆ میوانەکان کە ژمارەیان لە ١٥٠ کەس بۆ ٣٥٠ دەبێت، ئامادەدەکەن، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی رێکارە تەندروستییەکانەوە ئەو بۆنەیەیان هەڵگرتووە و هیوادارن ساڵی داهاتوو بتوانن ئەو نەریتە بەردەوامی پێبدەن.
شێخ كهمال گڵهزهردهیی تیشكی خستهسهر ئهوهی، چەندین جار بەڵێنیان پێدراوە کە ئەو شوێنە بکرێتە پرۆژەیەک و دەزگایەکی تایبەت بۆ ئهوهی ئەو نەریتە بە زیندوویی بهێڵرێتەوە و گوتی: "چەندین جار بەڵێنمان پێدراوە کە ئێرە دەکەنە پرۆژەیەک، بەڵام کە هاتووهتە سەر بواری جێبەجێکردن، دەستبەرداری بوون، ئێمە پێمان وایە کە ئێرە بکرێتە ناوەندێک و تاوهرێكی چاودێریی لێ دابنرێت، هۆڵێکی تێدا درووست بکرێت بۆ ئهوهی خوێندکارانی بەشی فیزیا و تایبەت بە زانستی ئەستێرەناسی وانەی تێدا بخوێنن. چونکە ئەم شوێنەوارەی شێخ حەسەنی گڵەزەردە وانەی ئەلف و بێی ئەستێرەناسییە. بکرێتە مەرجەع بۆ دیارییکردنی جەژن و رۆژەکانی مانگی رەمەزان".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن