عێراق

مستەفا کازمی: "ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەکانی عێراق سەرکەوتنی سەروەرییە"

- سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، مستەفا کازمی: "قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەکانی عێراق کە هێزەکانمان بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە پێنج میحوەری کەرکووک دەستیان پێکردووە، سەرکەوتنی سەروەرییە".

Zana Natık Kerem  | 02.06.2020 - نوێکردنەوە : 02.06.2020
مستەفا کازمی: "ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەکانی عێراق سەرکەوتنی سەروەرییە"

Baghdad

بەغدا - AA

سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، مستەفا کازمی سەبارەت بە قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەکانی عێراق کە بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە پێنج میحوەری کەرکووک دەستی پێکراوە رایگەیاند کە ئەو ئۆپەراسیۆنە، سەرکەوتنی سەروەرییە.

بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە میانی سەرپەرشتیکردنی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەکانی عێراق لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە کەرکووک سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکە دواوە و گوتی:

"پاڵەوانەکانی هێزە چەکدارەکانمان بەسەرجەم پێکهاتەکانییەوە، بەرەنگاری دوژمن دەبنەوە و رۆڵێکی ئازایانە دەگێرن لە وشککردنی سەرچاوەکانی تیرۆر لەم هەلومەرجە سەخت و دژواردا".

مستەفا کازمی راشیگەیاندووە "قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەکانی عێراق کە هێزەکانمان بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە پێنج میحوەری کەرکووک دەستیان پێکردووە، سەرکەوتنی سەروەرییە".

بەیانی ئەمڕۆ مستەفا کازمی بە ئامانجی سەرپەشتیکردنی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەکانی عێراق گەیشتبووە پارێزگای کەرکووک.

ماوەی یەک هەفتەیە ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەنجامدانی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەکانی عێراق لە پێنج میحوەری کەرکووک و بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، ئۆپەراسیۆنەکە بەئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکە دەستی پێ کرد.

ئامانج لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكەش، دەستگیركردنی كەسانی داواكراو، هەروەها راوەدوونانی تیرۆریستانی داعشە، بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە پتەوتر بێت.

ئەم ئۆپەراسیۆنەش دوای ئەوە ئەنجامدراوە كە لە میانی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا لە ئاكامی هێرشیکی تیرۆریستانی داعش بۆسەر خاڵێکی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای دیالە، چوار چەكداری حەشدی شەعبی كوژران و شەشی دیکەیش برینداربوون.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın