ژيان

فێڵاو.. ئاوێکی روون و دیمەنێکی لێڵ

- تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گەشتیارێکی زۆریان بۆ ناوچەکە راکێشاوە و گەشتیارانیش بە بێ گوێدان بە سرووشتی جوانی گۆمەکە، بە فرێدانی زبڵ و پاشماوەی خۆراک، دیمەنە ناوازەکەیان شێواندووە.

Heman Hussein Yaseen  | 31.05.2020 - نوێکردنەوە : 02.06.2020
فێڵاو.. ئاوێکی روون و دیمەنێکی لێڵ

Arbil

هەولێر - AA

گۆمی فێڵاو یەکێکە لە شوێنە سەنجڕاکێشەکانی ناوچەکانی باڵەکایەتی و دەکەوێتە، بناری چیای سێ کێل و بەھۆی ھەڵکەوتەی شوێنەکەیەوە لەھەر لایەکی گۆمەکەوە لێی دەڕوانیت تابلۆیەکی رەنگینی جیاواز دەبینیت، بەردەوامیش گەشتیاران لە هەرێمی کوردستان و شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش سەردانی دەکەن، بەڵام ماوەی دووساڵە بەهۆی زۆری رێژەی سەردانیکاران و رەچاونەکردنی مەرجەکانی پاک و خاوێنی، شوێنەکە سیمایەکی دیکە بە سروشت دەبەخشێت و پاشماوەی فڕێدراوی گەشتیاران ناوچەکەی تەنیووە و بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری قەزای چۆمان ئاماژە بەوە دەکات کە شوێنەکە سروشتییە و لە دەرەوەی کەرتی گەشتیارییدایە بۆیە نەیانتوانیووە کارمەندی بۆ دابنێن و ئەوەش دەخاتەڕوو کە لە دوو رۆژی داهاتوودا لەگەڵ کۆمپانیاکانی پاککردنەوە دەست دەکەن بە پاککردنەوەی شوێنەکە.

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان، هەڵگورد محەمەد قادر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەگەڵ پاپا گرووپ هەماهەنگیمان کردووە کە لە میانی دوو رۆژی داهاتوودا، هەڵمەتێکی پاککردنەوە بۆ گۆمی فێڵاو و ژمارەیەک شوێنی دیکەی گەشتیاریی دەکەین، هەرچەندە شوێنەکان هەموویان گەشتیاریی نیین بۆ نموونە وەک گۆمی فێڵاو کە شوێنێکی سروشتییە و سەرپەرشتیاری لێ نییە".


جوانی گۆمەکە رەنگدانەوەیەکی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدواوە هەبووە و بۆیەش گەشتیاران لەو رێگەیەوە ئاگاداری بوونی شوێنێکی وا دەبن و سەردانی دەکەن، بەڵام زۆری سەردانی گەشتیاران، بووەتە هۆی پیسوونی ژینگەی ناوچەکە.

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گەشتیارێکی زۆریان بۆ ناوچەکە راکێشاوە و گەشتیارانیش بە بێ گوێدان بە سرووشتی جوانی گۆمەکە، بە فرێدانی زبڵ و پاشماوەی خۆراک، دیمەنە ناوازەکەیان شێواندووە.

هەڵگورد محەمەد قادر لەم بارەیەوە گوتی: "گۆمی فێڵاو لە لایەن گەشتیارانەوە پاشماوی تیادا فڕێدراوە و داوامان لە گەشتیاران کردووە کە پاشماوەکان فڕێنەدەن، هەر بۆیەش کار لەسەر ئەوە دەکەین کە هەندێک لە گەنجەکانی ئەو دەڤەرە کافتریایەک لەو شوێنە دابنێن بۆ ئەوەی ئاگاداری شوێنەکە بن، هەروەها هەلێکیشە بۆ دۆزینەوەی کار بۆ گەنجەکان".

سەبارەت بە وەرزەکانی چوونی گەشتیاران بۆ گۆمی فێڵاو، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان، هەڵگورد محەمەد قادر گوتی: "لە مانگی ئادار تا ناوەڕاستی مانگی حوزەیران گەشتیاران سەردانی شوێنەکە دەکەن چونکە دوای مانگی حوزەیران ئاوی گۆمەکە کەم دەبێتەوە و شوێنەکە گەرم دەبێت، لەگەڵ ئەوەی کە موڵکەکە موڵکی گەشتوگوزاری نییە، بەڵام هەوڵمانداوە کە پڕۆژەی وەبەرهێنان لەوێ بکرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت زیاتر پەرە بەم شوێنە بدەین".

گۆمی فێڵاو بەدووری ١٦٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری رۆژھەڵاتی شاری ھەولێر و زیاتر لە سێ ھەزار مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە و بە یەکێک لە بەرزترین گۆمەکانی ھەرێمی کوردستان و عیراق دادەنرێت، بۆ گەیشتن بە گۆمەکە پێویستە رێگایەکی سەخت ببڕی.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın