جيهان, عێراق

عێراق.. داعش لە کەوتنی مووسڵەوە تا ئێستا

- ئەمڕۆ شەش ساڵ بەسەر کەوتنی شاری مووسڵ بە دەستی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، تێ دەپەڕێت.

Sarmand Hameed  | 10.06.2020 - نوێکردنەوە : 18.06.2020
عێراق.. داعش لە کەوتنی مووسڵەوە تا ئێستا

Arbil

هەولێر - AA

رۆژی شەشی حوزەیرانی 2014 ژمارەیەک چەکداری رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە خاکی سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و لە میانی سێ رۆژدا و بەدیاریکراوی لە نۆی حوزەیران هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ باکووری عێراق و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، شارەکەیان کۆنترۆڵ کرد.

کۆنترۆڵکردنی مووسڵ لەلایەن داعشەوە دوای ئەو هات کە هەزاران سەربازی سوپای عێراق بێ هیچ رووبەڕووبوونەوەیەک هەڵاتن و چەک و جبەخانەی گەورەی سەربازییان بۆ رێکخراوەکە جێهێشت، ئەمەیش بووە هۆی بەهێزبوونی توانای سەربازی داعش و لێرەوە جوڵە سەربازییەکانی خۆی دەست پێ کرد و پێگەی خۆی لە عێراق و بەتایبەت لە شاری مووسڵ بەهێز کرد.

رۆژی 29ی حوزەیرانی 2014، گوتەبێژی داعش، ئەبو محەمەد عەدنانی لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا خەلافەتی ئیسلامی لە مووسڵ راگەیاند، هاوکات ئەبوبەكر بەغدادی-یشی بە خەلیفە راگەیاند.

چەند رۆژێک دواتر و بەدیاریکراوی لە رۆژی چواری تەمووزی هەمان ساڵ، ئەبوبەکر بەغدادی لە وتاری نوێژی هەینیی لە مزگەوتی نوریی شاری مووسڵ بەدیار كەوت و رایگەیاند كە شوێنکەوتووانی خەلافەتیان راگەیاندووە و ئەویشیان وەك خەلیفە دیاری كردووە.

ئیتر لێرەوە چەکدارانی داعش هێرشی فراوانیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی شارەکانی دیکەی عێراق و فراوانکردنی هەژموونی خەلافەتەکەیان دەست پێ کرد و توانیان دەستبەسەر تەواوی پارێزگاکانی نەینەوا، ئەنبار و بەشێکی زۆری پارێزگاکانی سەڵاحەددین، دیالە و کەرکووک-دا بگرن.

- پەلاماری داعش بۆسەر هەرێمی کوردستان و کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان لە شنگال

رۆژی سێی ئابی ٢٠١٤، چەکدارانی داعش گەیشتنە ناوەندی قەزای شنگال (١٤٥ کیلۆمەتر رۆژئاوای مووسڵ) و لەلایەکی دیکەوە قەزای مەخموور (٥٦ کیلۆمەتر باشووری رۆژئاوای ھەولێر)یان داگیرکرد و ئاراستەی هێرشەکەیان بەرەو هەولێر هێنا.

ئیدارەی ئەوکاتی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی باراک ئۆباما بەپەلە هاتە سەر خەت هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش بە رابەرایەتی ئەمریکا و بە بەشداریی ٢٢ وڵات پێکهێنرا و هێرشی ئاسمانییان بۆسەر رێکخراوەکە دەست پێ کرد، ئیتر لێرەوە هێرشی پێچەوانە دژبە رێکخراوەکە بۆ وەستانی هێرشەکانی و کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەی رێکخراوەکە دەستی بەسەردا گرتبوو، دەستی پێ کرد.

- فەتوای مەرجەعییەتی باڵای شیعە بۆ پێکهێنانی حەشدی شەعبی

رۆژی ١٣ی حوزەیرانی ٢٠١٤، کاتێک مەترسییەکانی داعش بوون بە جیددی بۆسەر عێراق و خەریکبوو داعش بگاتە نزیک شاری بەغدا، مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق، عەلی سیستانی بانگەوازی چەکهەڵگرتنی کرد دژبە داعش و دواتر لە ٢٤ شوباتی ٢٠١٦دا، بە فەرمانێکی دیوانی ئەو چەکدارانە لەژێر ناوی حەشدی شەعبی-دا کۆکرانەوە و لە رۆژی ٢٦ تشرینی یەکەمی ٢٠١٦دا لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، بە یاسا رێکخرا و بڕیار درا بە پێکهێنانی دەستەی حەشدی شەعبی و کرایە بەشێک لە سیستەمی بەرگریی عێراق و بوودجەی تایبەتی بۆ تەرخان کرا.

- ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش

هێزە عێراقییەکان بە پاڵپشتی ئاسمانیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش هێرشەکان دەست پێ کرد بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە داعش دەستی بەسەردا گرتبوون، دوایین پێگەی رێکخراوەکە شاری مووسڵ بوو کە بەقەڵای داعش لە عێراق دادەنرا و رۆژی 17ی تشرینی یەكەم 2016 ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ لەلایەن سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە بەپاڵپشتی هاوپەیمانان دەستی پێ كرد و رۆژی 10ی حوزەیرانی 2017، دوای شەڕێکی سەخت، شارەکە بەتەواوی کۆنترۆڵکرایەوە.

سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی پێشووی عێراق، حەیدەر عەبادی سەركەوتنی تەواوەتی بەسەر تیرۆریستانی داعش راگەیاند.

حەیدەر عەبادی لە وتەیەكیدا گوتی: "هێزەكانمان دوا پێگەی تیرۆریستانی داعشیان لە رۆژئاوای ئەنبار كۆنترۆڵ كردووە، بەوەیش تەواوی خاكی عێراق كۆنترۆڵكرایەوە و خەونەکە بووە بەڕاستی، ئەو سەركەوتنەیش بە خۆڕاگری گەلەكەمان و ئازایەتی و گیانفیدایی هێزەکانمان بەدی هات".

هەروەها بڕیاردرا، رۆژی ١٠ حوزەیرانی هەموو ساڵێک بە رۆژی سەرکەوتن دیاری بکرێت و هەموو ساڵێک ئەو رۆژە بکرێت بە پشوو.

- قۆناغەکانی دوای کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش

وێڕای ئەوەی حەیدەر عەبادی، سەرکەوتنی بەسەر داعشدا راگەیاند، بەڵام پاشماوەکانی داعش و شانە نهێنییەکانی رێکخراوەکە بەردەوامبوون لە هێرشەکانیان بۆسەر خەڵکی و هێزە ئەمنییەکان، بەتایبەت لە پارێزگاکانی کەرکووک، دیالە، سەڵاحەددین و زنجیرە چیاکانی حەمرین کە بە سێگۆشەی مەرگ ناودەبرێت.

بەهۆی راگەیاندنی سەرکەوتنی تەواوەتی بەسەر تیرۆریستانی داعش، دوای ئەرکی شەڕکردن و پاڵپشتی ئاسمانیی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش، هاوپەیمانان ئەرکەکانیان گۆڕی بۆ مەشق و راهێنان بە هێزە عێراقییەکان و لەم چوارچێوەیەشدا مەشق و راهێنانیان بە هێزە عێراقییەکان کرد و هێزەکانیشیان لە چەند بنکەیەکی سەربازیی لە عێراق جێگیر کرد لەوانە؛ بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، بنکەی سەربازیی گەیارە لە پارێزگای نەینەوا وبنکەی سەربازیی K1 لە پارێزگای کەرکووک.

- لیژنەی لێکۆڵینەوە لە کەوتنی مووسڵ

دوای کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی ئەو خاکەی عێراق کە لەلایەن داعشەوە داگیرکرابوو، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری دا بە پێکهێنانی لیژنەیەک بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری کەوتنی شاری مووسڵ و دیاریکردنی ئەو کەسانەی لەو رووداوەدا کەمتەرخەم بوون.

وێڕای کارەکانی لیژنەکە و کاری چەندین لیژنەی دیکە کە بۆ هەمان مەبەست پێکهێنران، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی هیچ هۆکارێک بۆ کەوتنی شارەکە لەسەر داعش دیاری نەکراوە، تەنها ئەو نەبێت کە بەرپرسانی ئەو کاتی نەینەوا و ئەندامانی لیژنەکان لە راگەیاندنەکانەوە باس لەوە دەکەن کە سەرۆکوزیرانی ئەوکاتی عێراق، نوری مالیکی بەرپرسە لە کەوتنی شارەکە.

- کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس و کاردانەوەکان

رۆژی سێی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠، فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی و جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەهدی موهەندیس لە بۆردومانێکی ئاسمانیی لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کرانە ئامانج و لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە کوژران.

ئەم رووداوە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و لە یەکەم کاردانەوەدا، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ وێنەیەکی ئاڵای ئەمریکای لە هەژماری خۆی لە تویتەر بڵاوکردووەتەوە.

هاوکات سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق، عادل عەبدولمەهدی کە لەژێر کاریگەری خۆپیشاندەران و لەسەر داوای مەرجەعییەت، رۆژی ٣٠ تشرینی دووەمی ٢٠١٩ دەستی لەکارکێشایەوە، لەبارەی کوژرانی قاسم سولەیمانی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بەتوندترین شێوە ئیدانەی ئەو کارە دەکەم، ئەمە کارێکی دووژمنکارانەیە و دژبە سەروەری عێراقە، ئەم هێرشەی ئەمریکا پێشێلی ئەو رێککەوتنە دەکات کە رێگەی داوە بەبوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق".

کردنە ئامانجی سولەیمانی دوای ئەوە هات کە رۆژی ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩، لایەنگرانی حەشدی شەعبی وەک ناڕەزایەتی دژبە هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر بنکە و بارەگای حەشدی شەعبی لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا گردبوونەوە و دواتر هێرشیانکردە سەر باڵیۆزخانەکە و ئاگریان تێ بەردا.

رۆژی پێنجی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەبێ ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و پەرلەمانتارانی سوننە، دەنگی لەسەر پێشنیازە بڕیارێک دا بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق، بەڵام ئیدارەی ئەمریكا رایگەیاندبوو كە مامەڵە لەگەڵ ئەو بڕیارانە ناكات كە لەلایەن حكوومەتی دەستلەكاركێشاوەی عێراقەوە دەردەكرێن.

ئەم بڕیارەش لەلایەن هەرێمی کوردستان و پارتە سیاسییەکانی سوننە لە عێراق رەتکرایەوە و رایانگەیاند، ئەوان نابنە بەشێک لە ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران
و لە کاردانەوەی ئەم هەنگاوەی پەرلەمانی عێراق، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند "ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق"

وەک وەڵامێک بۆ کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس رۆژی هەشتی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠، سوپای پاسدارانی ئێران لە ئێرانەوە مووشەکی ئاراستەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە عێراق کرد و بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنباری کردە ئامانج، هەروەها چەند مووشەکێکیشی ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرد کە هێزەکانی ئەمریکا لە بەشێکی فڕۆکەخانەکەدا جێگیرکراون.

- کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق

دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە جیهان و تەشەنەسەندنی پەتاکە بە جیهاندا، ڤایرۆسەکە گەیشتە عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش رایگەیاند، وەک هەنگاوێکی خۆپارێزی لە پەتاکە و بەوپێیەی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی بۆ مەشقپێکردنی هێزە عێراقییەکان وەستاوە، بڕیاردراوە بە کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانیان لە عێراق.

لە کۆتایی مانگی ئادار هێزەکانی ئەمریکا بە قۆناغ لە هەریەک لە بنکەی ئاسمانیی تاجی باکووری بەغدا، بسمایە باشووری عێراق، کۆشکەکانی سەرۆکایەتیی لە مووسڵ و بنکەی سەربازیی K1 لە پارێزگای کەرکووک کشانەوە و هێزەکانیان بەرەو هەروو بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار و بنکەی سەربازیی هەریر لە پارێزگای هەولێر کشاندەوە.

چاودێرانی سیاسیی و سەربازیی ئەم هەنگاوەی هێزەکانی ئەمریکایان بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە هێزەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی بەربڵاو لە عێراقدا بڵاوەیان پێکراوە و زۆرجار لەلایەن گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران دەکرانە ئامانج، بۆیە ئەمریکا دوو ناوچەی پارێزراوی بۆ جێگیرکردنی هێزەکانی هەڵبژارد کە عەین ئەسەد و هەریرە وەک باس دەکرێت سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت لەو بنکە سەربازییانە جێگیرکراون.

- جموجۆڵەکانی داعش دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا

دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بە تایبەت ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و ئەو ناوچانەی دەکەونە نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە، جموجۆڵی چەکدارانی داعش زیادی کردووەتەوە و لە ماوەی رابردوودا، داعش هێزەکانی پێشمەرگەی لە کولەجۆ سەربە ناوچەی گەرمیان کردە ئامانج، هەروەها ناوچەکانی دیکەی عێراقیش چەندین جار هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقی کردووەتە ئامانج.

چاودێرانی سەربازیی زیادبوونی جموجۆڵەکانی داعش بۆئەوە دەگەڕێننەوە کە هێزەکانی هاوپەیمانان وەک پێشوو لە ئاسمانەوە چاودێری خاکی عێراق ناکەن و داعش ناکەنە ئامانج، هەروەها لەبارەی جموجۆڵەکانی داعش زانیاری هەواڵگری بە هێزە عێراقییەکان نادەن.

دەزگای هەواڵگری عێراق هەوڵەکانی خۆی چڕکردووەتەوە لەسەر جموجۆڵەکانی داعش لە عێراق و تاوەکو ئێستا چەندین جار بە نووسراوی نهێنی زانیاری داوە بە هێزەکانی ئەمنی و سەربازیی لەبارەی هەوڵەکانی داعش بۆ کردنەئامانجی شوێنی ستراتیجیی لە عێراق، لەوانە نیاز و هەوڵی داعش بۆ کردنەئامانجی باڵەخانەی پارێزگای بەغدا و کەناڵی عێراقییە و نووسینگەی سەرۆکوەزیران لە ناوچەی ساڵحییە لە بەغدا و لە نوێترین هۆشدارییشدا دەزگای هەواڵگریی لە بروسکەیەکدا رۆژی هەشتی ئایار ئاراستەی لایەنە ئەمنییەکانی کردووە، ئاگاداری کردوونەتەوە لە هەوڵی چەکدارانی داعش بۆ کردنەئامانجی هاووڵاتییان لەڕێگەی بۆمبی چێنراو لە ناوچەکانی مەشتەل، بەغداد جەدیدە، شاری سەدر و شەعب، هەورها لە چەند رۆژی رابردووشدا داعش لە ناوچەکانی رۆژئاوای بەغدا پەلاماری هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق و چەکدارانی حەشدی شەعبی دا.

ناوچەیەکی دیکەی عێراق کە داعش جوڵە و کردەی سەربازیی تیادا زیادکردووە، ناوچەکانی باشووری رۆژئاوای پارێزگای کەرکووکە کە لە میانی چەند مانگی رابردوودا، داعش لە شاری کەرکووک چەندین کردەی تیرۆریستیی ئەنجامدا کە دوایینیان کردە ئامانجی بارەگای دەزگای هەواڵگریی بوو لە شارەکە کە لەڕێگەی دوو خۆگوژەوە ئەنجامدرا، هەروەها چەکدارێکی داعش لە شارەکە دەستگیرکرا کە پلەی ئەمیری هەبووە لەناو رێکخراوەکە و دواتر دانی بەبوونی چەند کەسێکی دیکەی سەربە رێکخراوەکە لەناو کەرکووک دانا.

لە مانگی رابردوودا، چەکدارانی هۆزەکان بەتایبەت لە قەزای حەویجە و ناحیەکانی ریاز و رەشاد باشووری رۆژئاوای کەرکووک بە پاڵپشتی هێزە عێراقییەکان دەستیانکردووە بە هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنین بەدوای پاشماوەکانی داعش کە بوونەتە هەڕەشە بۆسەر ناوچەکە.

دوایین هەوڵی هێزە عێراقییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لەو ناوچانەدا، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەکانی عێراق بوو کە رۆژی دووی ئەم مانگە لەلایەن هێزەکانی عێراق بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە پێنج میحوەری کەرکووک ئەنجامدرا.

- گەڕانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ عێراق

گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش، مایڵێز کاگێنز رایگەیاند، دوای کەمبوونەوەی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، جارێکی دیکە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش دەست بە چالاکییەکانیان دەکەنەوە.

کەنەدا کە لە چوارچێوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراق ژمارەیەک سەربازی جێگیرکردبوو، دوای کشانەوەیان بەهۆی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا رایانگەیاندبوو، دوای جەژنی رەمەزان جارێکی دیکە دەگەڕێنەوە عێراق و ئەگەری ئەوە هەیە لە چوارچێوەی ناتۆدا بگەڕێنەوە.

هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری داوای لە ئەمریکا کرد هاوکاری عێراق بکات و پێیوانەبێت لە تێپەڕاندنی حکوومەتەکەی مستەفا کازمی براوە بووە و بەرامبەرەکەیشی دۆڕاو.

لەمبارەیەوە سەرۆکی فراکسیۆنی فەتح لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد سالم غەببان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە داوا لە ئەمریکا دەکەن لە تێپەڕبوونی حکوومەت خۆی بە براوە و بەرامبەرەکەیشی بە شکستخواردوو نەزانێت لە عێراق و ناوچەکە و رایگەیاند، لەسەر ئەمریکا پێویستە ئەوە نیشان بدات کە گرنگی بە عێراق دەدات، کاری لەپێشینەی پشتیوانیکردنی عێراقە لەو دۆخە سەختەدا.

چاودێرانی سیاسیی پێیانوایە ئەم هەڵوێستەی ئەو لایەنە سیاسییە شیعەیەی عێراق بە پاشگەزبوونەوەی لە هەڵوێستەکانی پێشوویان دادەنرێت کە دژبە ئەمریکا نیشانیان دەدا و ئەم هەنگاوە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی دەستوەردان و هەژموونی ئێران لەسەر وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت لە عێراق بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، ئەمەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێران رووبەڕووی قەیرانی قوڵی ئابووریی و جەنگی دژبە کۆرۆنا بووەتەوە و لە نوێترین هەڵوێستی ئەمریکاشدا لەبارەی هەڕەشە و مەترسییەکانی ئێران بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمیۆ رایگەیاند، ئێران بە هەڵوێستەکانی خۆیدا چووەتەوە و ئیتر مەترسییەک نییە بۆسەر ئێمە لە ناوچەکەدا بۆیە چوار پاتریۆتی لە سعوودیە کشاندەوە.

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە گفتوگۆی ستراتیجیی بە ئامانجی تاوتوێكردنی چارەنووسی بوونی سەربازانی ئەمریكا لە عێراق لەگەڵ هاوكارییە ئابووریی و سیاسییەكانی نێوان واشنتۆن و بەغدا سازبكرێت.










بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın