سياسەت, عێراق

سەرۆكى هه‌رێمى كوردستان و سه‌ركۆمارى عێراق كۆبوونه‌وه‌

لە کۆبوونەوەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح تاوتوێی ھەلومەرجی سیاسیی عێراق و دوا پێشھاتە سیاسییەکان و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرا.

Abdullah Abdulmanaf Shukur  | 10.04.2021 - نوێکردنەوە : 12.04.2021
سەرۆكى هه‌رێمى كوردستان و سه‌ركۆمارى عێراق كۆبوونه‌وه‌

Arbil

ھەولێر - AA

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە١٠ی نیسانی ٢٠٢١، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح لە کۆشکی سەلام لە شاری بەغدا کۆبووەوە.

ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا ھەلومەرجی سیاسیی عێراق و دوا پێشھاتە سیاسییەکان و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێ کرا و دووپات کرایەوە کە پێویستە زەمینەی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بڕەخسێت و گوزارشتی راستەقینەی ئیرادەی دەنگدەران بێت لەپێناو تێپەڕاندنی قەیران و ناکۆکییەکانی ئێستا و زامنکردنی سەقامگیری و ئارامی لە داھاتوودا.

ھاوکات لە کۆبوونەوەکەدا بە گرنگییەوە باس لە پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ و چەسپاندنی پشکی ھەرێم کرا، جەختیش کرایەوە کە پێویستە بودجە لەپێناو دابینکردنی خۆشگوزەرانیی ھاووڵاتیان و چارەسەرکردنی کێشەکانی بژێوی ژیان و مووچەدا جێبەجێ بکرێت، ھاوکات ئاماژە بەوە درا کە پێویستە ئەمە سەرەتای گفتوگۆیەکی بونیاتنەرانە بێت بۆ چارەسەری سەرجەم کێشەکانی نێوان و حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دوا پێشھات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بەگشتی کرا. لەمبارەیەوە داکۆکی لە یەکخستنی ھێز و تواناکان و نزیکردنەوەی بیروبۆچوونی ھێز و لایەنە ناکۆکەکان کرایەوە بە مەبەستی تێپەڕاندنی ھەڕەشە و مەترسییەکان.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın