ئابووری

دەستەی وەبەرھێنانی هه‌رێمی كوردستان پلانی ساڵی ٢٠٢٠ی راگەیاند

سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، محەمەد شوکری: ''له‌ پلانەکەی ئێمەدا، دروستکردنی ١١ ناوچەی پیشەسازییە کە بەسەر یەکەوە نزیکەی سێ ھەزار کارگەی جۆراوجۆری پیشەسازی لە خۆی دەگرێت، ئەوەش بەسەریەکەوە ٢٠٠ ھەزار دەفەرتی کار دەڕەخسێنێت''.

Heman Hussein Yaseen  | 03.05.2020 - نوێکردنەوە : 04.05.2020
دەستەی وەبەرھێنانی هه‌رێمی كوردستان پلانی ساڵی ٢٠٢٠ی راگەیاند

Arbil

هه‌ولێر - AA

بەمەبەستی پەرەپێدانی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، چەند پڕۆژەیەک ئەمساڵ رادەگەیەندرێت و سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستانیش ئاماژە بەوە دەکات کە بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە چەند پڕۆژەیەک نەیانتوانیووە دەست بەکارەکانیان بکرێتەوە ئەگەرنا ئێستا پڕۆژە وەستاوەکان دەستیان بەکارەکان کردبووەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، محەمەد شوکری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، پلانی ساڵی ٢٠٢٠ی ئاشکرا کرد و رایگەیاند ''لە چوارچێوەی پلانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەستمان بە داڕشتنی پلانی وەبەرھێنان کردووە و لەئێستاشدا نەخشەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان ئامادەیە. پلانەکەش بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھەموو وەزارەتەکان داڕێژراوە''.

محەمەد شوکری گوتیشی: ''بەپێی پلانەکەمان، ھەزار و ٥٥ پڕۆژە وەکو دەرفەتی وەبەرھێنان دەخەینەڕوو، دوای ئەوە دەیان دەرفەتی وەبەرھێنانی دیکە دێنێتە پێشەوە و ئەوەش دەرفەتی کار زیاد دەکات، لە پلانەکەی ئێمە دروستکردنی ١١ ناوچەی پیشەسازییە لە سەرانسەری کوردستان کە بەسەر یەکەوە نزیکەی سێ ھەزار کارگەی جۆراوجۆری پیشەسازی لە خۆی دەگرێت، ئەوەش بەسەریەکەوە ٢٠٠ ھەزار دەفەرتی کار دەڕەخسێنێت''.

محەمەد شوکری گوتیشی: ''ئەو پڕۆژانەی لە پلانەکەدا ھەیە زۆربەیان لە کەرتی پیشەسازیین کە ٤٦١ پرۆژەی پێشنیازکراوە، ھەروەھا کەرتی کشتوکاڵیش ١١٣ پڕۆژە، کەرتی گەشتوگوزار ٢٢٧ پڕۆژە و تەندروستیش ١٦٢ پڕۆژەی بەردەکەوێت، ئەوانی دیکەش دابەشی چەند سێکتەرێکی دیکە دەکرێن''.

سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان ئاماژەی بە دروستکردنی ھێڵی شەمەندەفەر کرد و گوتی: ''ژمارەیەک پڕۆژە ھەیە وەک ھێڵی شەمەندەفەر و رێگای خێرایی ئۆتۆبان و بەنداوەکان، بەڵام تا ئێستا گوژمەکەیان دیار نییە، کە بە ملیارەھا دۆلار سەرمایەکەیان خەمڵێنراوە و، لە ئەمڕۆیەوە وەبەرھێنەرانی ناوخۆ و بیانی دەتوانن بەشداری پڕۆژەکان بکەن''.

سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان ئەوەیشی خستەڕوو کە بەپێی پلانەکەیان لە ماوەی دوو ساڵی داھاتوودا بەشێکی زۆری پێداویستییەکانی ناوخۆ دابین دەکەن و بەشێکیشی ھەناردەی دەرەوە دەکەن و لەمبارەیەوە گوتی: ''ھەرێمی کوردستان پێویستی بە سەرچاوەی جیاوازی دارایی ھەیە، بەتایبەتی دەبێت کەرتی وەبەرھێنان کاری زیاتری لەسەر بکرێت و ئەوەیشی کە جێبەجێ دەکرێت لە ماوەی دوو ساڵی داھاتوودا زۆربەی ھەرە زۆری پێویستییەکانمان لەناوخۆمان دابین بکەین و بەرھەمەکانیشمان ھەناردەی دەرەوە بکەین، چونکە ئێستا تەنھا ١٢٠ کارگەی پیشەسازی لە کوردستان کاردەکەن و جگە لەوەی بەرھەمەکانیان لە کوردستان ساغ دەکەنەوە، بەشێکی زۆریشی بۆ دەرەوە ھەناردە دەکرێت''.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان محەمەد شوکری ئاماژەی بە پڕۆژە وەستاوەکانی وەبەرھێنان کرد و گوتی: ''پڕۆژەکانی فلۆریا ستی و ھاوشێوەکانی لە کوردستان کە لە کارکردن وەستاون، دەستبەکار دەکەنەوە، چونکە تا ئێستا بەھۆی بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێکارەکانی حکوومەت نەتوانراوە دەستبەکارەکانیان بکرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا سەدان دۆسیەی یاساییمان لە دادگاکاندا ھەیە، سەرباری ئەوانەش ئێمە کارمان کردووە لەسەر پێدانی مۆڵەتی وەبەرھێنان''.




بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın