سياسەت, عێراق

دھۆک.. رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکگرتوو ھەڵوەشێنرایەوە

- سەروکی ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆک، فەھیم عەبدوڵڵا: "ھەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنەکە بەھۆی ئۆپۆزسیۆنبوونی یەکگرتوو بووە و نابێت یەکگرتوو لەلایەک ئۆپۆزسیۆن بێت و لەلایەکی تر دەسەڵاتدار بێت".

Aras Huseyin  | 22.09.2020 - نوێکردنەوە : 22.09.2020
دھۆک.. رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکگرتوو ھەڵوەشێنرایەوە

Arbil

دھۆک - AA

رێککەوتنی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەسەر پێکھێنانی حکوومەتی خوجێیی پارێزگای دھۆک ھەڵوەشێنرایەوە کە پێش چوار ساڵ لە ساڵی ٢٠١٦ ئەم رێککەوتنە لەلایەن ھەردوولاوە واژوو کرابوو و بەپێی رێککەوتنەکە، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، ٢٥ پوستی ئیداری وەرگرتبوو، بەڵام بەھۆی کێشەی تەکنیکییەوە یەکگرتوو تەنها ١٩ پوستی پڕکردبووەوە لەوانە؛ جێگری پارێزگاری دھۆک، دوو بەڕێوەبەری گشتی، دوو بەڕێوەبەری ناحیە و چەند پوستێکی تر.

سەروکی ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆک، فەھیم عەبدوڵڵا راگەیاند "بوونی یەکگرتوو بە ئۆپۆزسیون لە پەرلەمانی کوردستان و ھەڵوێستەکانی یەکگرتوو دژبە حکوومەت وایکرد کە پێداچوونەوەیەک بکەین و گەیشتینە ئەو قەناعەتەی کە ئەم رێککەوتنە دەبێت کوتایی پێ بێت و نابێت یەکگرتوو لەلایەک ئۆپۆزسیۆن بێت و لەلایەکی تر بەشدار بێت لە دەسەڵاتدا".

لەمبارەیەوە فەھیم عەبدوڵڵا لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم ناتەباییە لەنێوان یەکگرتوو پارتی لەسەر ئاستێکی باڵا بووە، ئەگینا وەکو ئەنجوومەن و ئیدارەی دھۆک ئێمە دڵ خۆشبووین بە رێککەوتنەکە و ھیچ کێشەیەکمان نەبوو لەگەڵ بەڕێوبەرەکانی یەکگرتوو لە حکوومەتی خوجێیی دھۆک و ئەم رێککەوتنە بووبووە مایەی تەبایی کومەڵایەتی لە دھۆک، بەڵام لەسەر ئاستی باڵا ئەم بڕیارە دراوە و ئێمەش ھەموو ئامادەکاریەکانمان کردووە بۆ پڕکردنەوەی پوستەکانی یەکگرتوو".

هاوکات سەروکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆک، سەباح بابیری رایگەیاند کە پارتی یەکگرتووی ئاگادارکردووتەوە کە پۆستەکانی لە حکوومەتی خوجێیی دھۆک بەجێی بێڵت".

سەباح بابیری بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەھۆی ھەڵوێستەکانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کە لەگەڵ داواکارییەکانی خەڵکی ھەرێم بووە و بەتایبەتیش کە لەم دواییەدا ئەندامانی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ چەند لایەنێکی دیکە واژوویان کۆکردۆتەوە بۆ لێپرسینەوە لە سەرۆکی حکوومەت و چەند وەزیرێک ئەمە پارتی نیگەران کردووە بە سەرکردایەتی یەکگرتوو لە دھۆک راگەیاندووە کە دەبێت پۆستەکانی لە حکوومەتی خوجێی دھۆک جێی بێڵن".

سەباح بابیری گوتیشی: "ئێمەش وەک یەکگرتوو بڕیارماندا کە مافەکانی خەڵک نەکەین بە قوربانی چەند پۆستێک و شەوی رابردوو، سەرکردایەتی یەکگرتوو لە دھۆک بڕیاری دا لە حکوومەتی خوجێیی دھۆک بکشێتەوە و کۆتایی بەو رێککەوتنە بێنێت کە پێش چوار ساڵ لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان واژووی کردبوو".

سەروکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆک باسیشی لە بەشداری یەکگرتوو لە حکوومەتی خوجێی سلێمانی و ھەڵەبجەش کرد و گوتی: "یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەسەر ئاستی باڵا گفتوگو دەکات و رەنگە لە داھاتوودا لە حکوومەتی خوجێی سلێمانی و ھەڵەبجەش بکشێینەوە، ئێمە پێمان باشە بڕیارەکانمان گشتگیر بێت ئەگەر بەشداری حکوومەتە خوجێیەکان بکەین لە ھەموو پارێزگاکانی ھەرێم بەشداری بکەین و ئەگەریش بکشێینەوە لە ھەموو پارێزگاکانی ھەرێم بکشێنەوە".

وا بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوودا، کارگێڕی پارێزگای دھۆک بە نووسراوی فەرمی شوێنگرەکانی بەڕێوەبەرانی یەکگرتوو بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆک رەوانە بکات و ئەنجوومەنیش بەپێی مادەی (٩) لە یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٠٩ی ئەنجوومەنی پارێزگاکان رێکارە یاساییەکان بگرێتە بەر بۆ پڕکردنەوەی ئەو پوستانە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın