دژە تیرۆری ھەرێمی کوردستان دانپێدانانی یەکێک لە ئەنجامدەرانی ھێرشە مووشەکییەکەی ھەولێری بڵاوکردەوە
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژە تیرۆری ھەرێمی کوردستان سەربە ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان دەقی دانپێدانانی یەکێک لە ئەنجامدەرانی ھێرشە مووشەکییەکەی شەوی ١٥ی شوباتی سەر شاری ھەولێر و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێری بڵاوکردەوە.
Arbil
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژە تیرۆری ھەرێمی کوردستان سەربە ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان دەقی دانپێدانانی یەکێک لە ئەنجامدەرانی ھێرشە مووشەکییەکەی شەوی ١٥ی شوباتی سەر شاری ھەولێر و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێری بڵاوکردەوە.
لە راگەیاندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژە تیرۆری ھەرێمی کوردستان ھاتووە: "دوای ئەوەی شەوی ٢٠٢١/٢/١٥ ھێرشێکی مووشەکی کرایە سەر شاری ھەولێر و فڕۆکەخانەی نێودەڵەتی ھەولێر، کە ژمارەیان ١٤ مووشەک بوو و بووە ھۆی گیانلەدەستدانی بەڵێندەرێکی بیانی و ھاووڵاتییەکی عێراقی و برینداربوونی پێنج سەربازی یٔەمریکی و دوو ھاووڵاتیی سڤیل، ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان، دەستبەجێ دەستیان بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد کرد".
لە راگەیاندراوەکەدا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژە بەوە دراوە کە لە سەرەتادا، ئەو کیایەی ھەڵگری رۆکێتەکان بوو، دۆزرایەوە و سەرەداوی باش بە دەست ھێزە ئەمنییەکان کەوت.
ئەوش خراوەتەڕوو کە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە چوار کەس ئەنجامدەری سەرەکیی ھێرشە تیرۆریستییەکە بوونە، کە توانراوە یەکێک لە ئەنجامدەرە سەرەکییەکانی ھێرشەکە بەناوی حەیدەر حەمزە عەباس مستەفا بەیاتی دەستگیر بکرێت کە دانی بە تاوانەکەی نا و بەشێوەیەکی تەواو، باسی لە چۆنییەتی ئەنجامدانی ھێرشەکە کرد.
لە راگەیاندراوەکەدا ئەوە ئاشکرا کراوە کە لە دوای ھاوبەشکردنی ئەنجامی لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی فیدراڵ و ھاوپەیمانان، یٔەنجامدەرێکی دیکەی ھێرشەکە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی فیدراڵ دەستگیر کراوە.
ئاماژە بەوەشدراوە کە دوو تاوانباری دیکەی ھێرشە مووشەکییە ماون کە ھەوڵ و بەدواداچوونەکان بەردەوامن لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بۆ دەستگیرکردنیان.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژە تیرۆری ھەرێمی کوردستان ئاشکرا کردووە لەبەر ئەوەی ھەوڵ و بەدواداچوونەکان بەردەوامن بۆ دەستگیرکردنی دوو تاوانباری دیکەی ھێرشە مووشەکییەکە بۆیە لە دانپێدانانەکانی حەیدەر حەمزە بەیاتی ناوی ئەنجامدەرانی دیکە، لادراوە و ئاشکرا نەکراوە.
لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژە تیرۆری ھەرێمی کوردستان دڵنیایی داوەتە ھاونیشتمانیان لەوەی ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان ھەمیشە لە راپەڕاندنی ئەرکەکانیان لە پاراستنی ئاسایش و ئارامی ھەرێمی کوردستان، چالاکانە بەردەوامن و ھەموو ھەوڵ و پیلانێکیش بۆ تێکدانی ئارامی و سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان پووچەڵ دەکەنەوە.