عێراق, کۆڤید- ١٩

تا ئێستا سێ ھەزار و ٨٣٩ پشکنین بۆ ھاووڵاتییانی هه‌رێم ئەنجامدراوە

- گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دکتۆر محەمەد قادر خۆشناو: ''پشکنین بۆ سەرجەم ئەو ھاووڵاتییانە نەکراوە کە لە کەرەنتیندا بوون، چونکە پزیشکی پسپۆڕ دوای پشکنینی سەرەتایی، ئینجا بڕیار دەدات کە پشکنین بۆ کێ بکرێت''.

Heman Hussein Yaseen  | 30.03.2020 - نوێکردنەوە : 30.03.2020
تا ئێستا سێ ھەزار و ٨٣٩ پشکنین بۆ ھاووڵاتییانی هه‌رێم ئەنجامدراوە

Arbil

هه‌ولێر - AA

رۆژی ٢٦ی شوبات، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی داخست و رۆژی یەکی ئاداریش، یەکەمین حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە شاری سلێمانی تۆمارکرا کە چوار کەس بوون و دوای ئەوەش رێکارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و رۆژی ١٣ی ئادار، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەیاننامەکەیدا، چەند بڕیارێکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند و بەپێی بڕیارەکە لە کاتژمێر ١٢ی شەو، بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر، قەدەغەکردنی ھاتوچۆی ناوشاری لە ھەولێر و سلێمانیی راگەیاند ، رۆژی ١٥ی ئادار، جارێکی دیکە وەزارەتی ناوخۆ قەدەغەکردنی ھاتوچۆی بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێری دیکە درێژکردەوە.

لە رۆژی ٢٢ی مانگ، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ جاری سێیەم قەدەغەکردنی ھاتوچۆی تا یەکی نیسان درێژکردەوە و رۆژی دواتر بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ رێبەر ئەحمەد، سەرجەم ھێزە ئەمنییەکان خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و جگە لە قەدەغەکردنی ھاتوچۆی ئۆتۆمبێل، ئەوا قەدەغەکردنی ھاتوچۆی پیادەش راگەیەندرا.


تا ئێستا پێنج ھەزار و ٤٧٤ کەس لە ٣٦ شوێنی جیاواز کەرەنتین کراون و لەو ژمارەیەش ھەزار و ٢٢٦ کەس لە کەرەنتینەکان ماونەتەوە کە ٢١٦ ھاووڵاتیی لە ھەولێر ، ١٩٢ لە سلێمانی، ٧٣٣ کەس لە دھۆک، ٥٠ لە ھەڵەبجە و ٣٥ کەسیش لە راپەرین، بەو پێیەش چوار ھەزار و ٢٤٨ کەس لە کەرەنتین دەرچوونە و گەڕاونەتەوە ناو خێزانەکانیان.

تا رۆژی ١٣ی ئادار، ٥١٩ پشکنین لە ھەرێمی کوردستان بۆ ھاووڵاتییان ئەنجامدراوە و دوای ئەوەش ئاماری شارەکان خراونەتەڕوو، بەم پێیەش تا ئێستا سێ ھەزار و ٨٣٩ پشکنین بۆ ھاووڵاتییان ئەنجامدراوە و لەو ژمارەیەش لە ھەولێر دوو ھەزار و ٤٢ پشکنین، لە سلێمانی ٧٧٤ پشکنین و لە دھۆک ٥٠٤ پشکنین ئەنجامدراوە.

لەبارەی ئەوەی کە تا ئێستا پێنج ھەزار و ٤٧٤ کەس کەرەنتین کراون و کەچی بە گشتی سێ ھەزار و ٨٣٩ پشکنین بۆ ھاووڵاتییان ئەنجامدراوە، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دکتۆر محەمەد قادر خۆشناو گوتی: ''پشکنین بۆ سەرجەم ئەو ھاووڵاتییانە نەکراوە کە لە کەرەنتیندا بوون، چونکە پزیشکی پسپۆڕ دوای پشکنینی سەرەتایی، ئینجا بڕیار دەدات کە پشکنین بۆ کێ بکرێت''.

تا ئێستا لە ھەرێمی کوردستان، ١٥٠ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون و لەو ژمارەیەش ٥٦ تووشبوو چاکبوونەتەوە و گەڕاونەتەوە ناو خێزانەکانیان و دوو حاڵەتی گیانلەدەستدانیش ھەبووە.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın