عێراق

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق: "تا ئێستا 99 دانیشتنمان ساز كردووە"

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق: "لە میانی دەستپێكردنی ئەم خولەی یاساداناندا تا ئێستا، 99 دانیشتنمان سازكردووە كە لە میانی دانیشتنەكاندا، دەنگ لەسەر 38 پرۆژەیاسا دراوە".

Zana Natık Kerem  | 12.08.2020 - نوێکردنەوە : 12.08.2020
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق: "تا ئێستا 99 دانیشتنمان ساز كردووە"

Arbil

بەغدا ــ AA

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، وەڵامی ئەو رەخنانەی دایەوە كە سەبارەت بە ئەدای كاری ئەنجوومەنی نوێنەران ئاراستەی كراوە و رایگەیاند كە لە میانی دەستپێكردنی ئەم خولەی یاساداناندا، تا ئێستا، 99 دانیشتنی سازكردووە.

نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە داوە، بەم دوایانە هەندێك لێدوان و زانیاری ناورد سەبارەت بە ئەدای كاری ئەنجوومەنی نوێنەران بڵاوكراونەتەوە كە پێچەوانەی راستییەكانن و لەگەڵ داتا فەرمییەكاندا ناگونجێن.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە "بۆ هەموو لایەك رایدەگەینن كە لە میانی دەستپێكردنی ئەم خولەی یاسادانان تا ئێستا، 99 دانیشتنی سازكراوە كە لە میانی دانیشتنەكاندا، دەنگ لەسەر 38 پرۆژەیاسا دراون".

بەپێی راگەیەندراوەكە ژمارەی ئەو پرۆژە یاسایانەی كە لە ئەنجوومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ كراوە گەیشتووەتە 103 پرۆژەیاسا و ژمارەی ئەو پرۆژەیاسانەیش كە خوێندنەوەی دووەمیان بۆ كراوە گەیشتووەتە 58 پرۆژەیاسا.

جەختكراوەتە لەسەر ئەوەی "دانیشتنەكانی ئەم دواییەی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر راسپاردە و بڕیارەكانی شانەی قەیرانەكان و سەلامەتی نیشتمانیی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) راگیراوە و لەئێستادا، ئەنجوومەنی نوێنەران، چاوەڕوانی بڕیاری ئەو لایەنە پەیوەندیدارە دەكات بۆ ئەوەی دەست بە دانیشتنەكانی بكاتەوە".

لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو "كاری لیژنەكان و سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران بەردەوامە و رانەوەستاوە، هەروەها ژمارەیەك بەرپرس و وەزیری بانگهێشتكراون، جگە لەوەیش ژمارەیەك بڕیار و نووسراوی فەرمی تایبەت بە پرس و قەیرانەكانی وڵات لەنێویاندا ڤایرۆسی كۆرۆنا و قەیرانی دارایی دەركراون، تەنانەت لە پێناو قەیرانی دارایی دانیشتنێكی تایبەت سازكرا كە لە میانیدا یاسای قەرزی دەرەكیی و ناوخۆ دەركرا، هەروەها بڕیاری بڕینی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینكراون رەتكرایەوە".

ئەوەیش وەبیرهێندراوەتەوە كە لە دوایین دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، لیژنەیەكی باڵا بۆ لێكۆڵینەوە لە گرێبەستەكانی وەزارەتی كارەبا و بانگهێشتكردنی ژمارەیەك وەزیر و بەرپرس لە سەرجەم وەزارەتەكان لە پێناو چارەسەركردنی ئەو قەیرانانەی كە وڵات پیایدا تێپەڕ دەبێت، پێكهێندراوە.

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا هاتووە "دووپاتی دەكەینەوە كە ئەنجوومەنی نوێنەران و فەرمانگەكانی سەربە ئەنجوومەنی نوێنەران رۆژانە بەپێی بڕیاری لایەنە تەندروستییەكان وەك وەزارەت و دامەزراوە حكوومییەكان كارەكانی خۆیان ئەنجام دەدەن و داواش لە هەموو لایەك دەكەین كە بۆ بڵاوكردنەوەی زانیارییەكان تەنها پشت بە سەرچاوە فەرمییەكان ببەستن".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın