Arbil
هەولێر AA
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەسەرۆکایەتی سەرۆکی حکوومەت، مەسرور بارزانی بە ڤیدیۆ کۆنفرانس لە کۆبوونەوەدایە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی حکوومەت لەسەر سێ تەوەری سەرەکی دەبێت.
بڕیاردان لە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەران و شێوازی دابەشکردنەکەی، تاوتوێکردنی دوا پێشهاتەکانی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا و بڕیاردان لە کاتی گەڕانەوەی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و تاوتوێکردنی هۆکارەکانی هەڵکشانی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بابەتی نەخۆشخانە تایبەتەکان، رێکار و رێگاکانی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە.
بەپێی زانیارییەکان، وەزارەتی دارایی ئێستا نزیک بە نیوەی ئەو پارەیەی لەبەردەستە کە بۆ مووچەی تەواوی مانگێکی فەرمانبەران پێویستە و چاوەڕوانی فەرمانەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانە بۆ دەستکردن بە دابەشکردنی.
پێشتر وەزیری دارایی بە نووسراوێک داوای لە وەزارەت و فەرمانگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردبوو کە بە لێبڕینی سەدا ٢١ لیستی مووچە ئامادەبکەن و بۆیان بنێرن، بەڵام دواتر کارکردن بە نووسراوەکەی راگرت و ئەمڕۆ لەم کۆبوونەوەیەدا، بڕیار دەدرێت کە مووچە کەی و بە چ میکانیزمێک دابەش دەکرێت.
پەیوەست بە پرسی گەڕانەوەی شاندی هەرێمی کوردستانیش بۆ بەغدا، لەم کۆبوونەوەیەدا دواهەمین وەرەقەی هەرێمی کوردستان ئامادەدەکرێت و بڕیار دەدرێت کەی شاندەکە بچنەوە بەغدا و قسەی کۆتایی بکەن لەسەر رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن