ھەولێر
پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان ئومێد خۆشناو، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئاناداڵو گوتی: "ھێشتا یەکێتی نیشتمانی کوردستان بڕیاری خۆی لەبارەی بەشداریکردن یان نەکردن لە کابینەی ھەشتەم نەداوە، ئەگەر یەکێتی بەشداری نەکات پرۆسەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان راناوەستێ و جێگرەوەی دیکە ھەیە."
خۆشناو بەو جۆرە ھەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستانی خستەڕوو لەمەڕ پێکھێنانی کابینەی تازەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان: "پارتی لەگەڵ ئەوەدایە حکومەتێکی نیشتمانی پێکبھێنرێ، بەھۆی ھەستیاریی بارودۆخی ھەرێمی کوردستان پارتی خوازیارە یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش بەشداریی حکومەت بکات، ھەرچەندە ھێشتا سەرکردایەتی پ.د.ک لەبارە پێکھێنانی حکومەت کۆبوونەوەی نەکردووە."
یەکێتی و گۆڕان ھێشتا بڕیاری خۆیان لەبارەی بەشداریکردن یان نەکردن لە کابینەی ھەشتەم نەداوە.
لەلایەکی دیکە عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری خولی نوێی پەرلەمانی کوردستان لەسەر فراکسیۆنی گۆڕان بۆچوونی بزووتنەوەکەی خستەڕوو. عەلی بۆ AA گوتی: "گۆڕان کارنامەی تایبەتی خۆی دەبێ لەبارەی بەشداریکردن یان نەکردنی کابینەی نوێ، تا ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان گفتوگۆی لەگەڵ ھیچ لایەنێک نەکردووە لەو بارەیەوە، دەرگایش کراوەیە بۆ وتووێژ."
عەلی حەمە ساڵح، خاوەنی زۆرترین دەنگ لەناو تەواوی کاندیدی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان روونیکردەوە بزووتنەوەی گۆڕان بەپێی قەبارەی خۆیان بەشداریی دەکەن لەحکومەتدا، ئەگەر بەشداریش نەکەن ئەوا بە ئۆپۆزسیۆنی دەمێننەوە بەو جۆرەی لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان دابێ.
ھەرچی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیشە کە ھەڵبژاردنی مانگی ئەیلولی رابردوو دەنگەکانی پاشەکشەی کردووە ھێشتا نەگەیشتووەتە بڕیاری کۆتایی لەبارەی بەشداریی کردن یان نەکردنەوە، گۆران ئازاد پەرلەمانتاری ی. ن. ک گوتی: "ئەنجومەنی سەرکردایەتی بە راوێژ لەگەڵ ئورگانەکانی دیکەی یەکێتیدا ئەم حەفتەیە کۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر بەشداریکردن یان نەکردنی یەکێتی دەدات لەکابینەی داھاتوو."
گوڕان ئازاد سەبارەت بە رێککەوتنی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەکێتی گوتی: "ھیچ ستراتیژییەتێک لە نێوان ئەو دوو پارتەدا نەماوە."