AA Sorani servisi
24 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 24 ئاب 2016
عەنتاب
لە ئۆپەراسیۆنی "قەلغانی فورات" لە دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بە بەشداری ھێزی ئەرکی تایبەتی سوپای تورکیا و ھێزەکانی ئاسمانی ھاوپەیمانان، لە ناوچەی جەرابلوسی نزیک سنووری تورکیا، سوپای سووریای ئازاد گەیشتە دەروازەی ناوەندیی شارۆچکەکە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لە سەرچاوەکانی سەربازیی بەدەستکەوتوون، ئۆپەراسیۆنی دژی داعش لە ناوچەی جەرابلوس کە بەیانی ئەمڕۆ دەستیپێکردبوو، بەردەوامە. بەم پێیەش سوپای سووریای ئازاد، گوندی کەکلیجەی سێ کیلۆمەتر دوور لە باشووری سنووری تورکیا کۆنترۆڵکرد و لە دوای ئەمەش گەیشتە دەروازەی ناوەندیی شارۆچکەی جەرابلوس.
لە باکووری ناوەندیی ئەو شارۆچکەیە، بەھۆی دانانی بەربەست لە نزیک سنووری تورکیا و ھەبوونی رووباری فوڕات لە رۆژھەڵاتی ئەو شارۆچکەیە، وایکردووە کە رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە شارۆچکەکە گەماڕۆ بدرێت. ھاوکات بەشی رۆژھەڵاتی رووباری فوڕاتیش لە ژێر کۆنترۆڵی پەیەدە دایە.
پێشڕەوی سوپای سووریای ئازاد لە رۆژئاوای ئەو شارۆچکەیە بەردەوامە و ژمارەیەکی زۆر خاڵی سەر بە داعشی کۆنترۆڵکردووە.
لە کاتێکدا کە شەڕ و پێکدادانی نێوان سوپای سووریای ئازاد و چەکدارانی داعش بەردەوامە، ئامانجەکانی ئەو رێکخراوە لە سنووری تورکیاوە تۆپباران دەکرێن.
ئەم ئۆپەراسیۆنە بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنووری تورکیا و پشتیوانی لە ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی تورکیا دەستی پێکردووە.