ژيان

خانه‌واده‌یه‌كی كریستیان 70 ساڵه‌ گۆڕی كۆنترین پێغه‌مبه‌ری جووه‌كان له عێراق ده‌پارێزن

- خانه‌واده‌یه‌كی كریستانی كلدانیی دانیشتووی شارۆچكه‌ی ئه‌لقوش‌ له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وای عێراق 70 ساڵه‌ خزمه‌تی گۆڕی كۆنترین پێغه‌مبه‌ری جووه‌كان (ناحوم) ده‌كه‌ن.

Hemn Baban  | 25.11.2018 - نوێکردنەوە : 26.11.2018
خانه‌واده‌یه‌كی كریستیان 70 ساڵه‌ گۆڕی كۆنترین پێغه‌مبه‌ری جووه‌كان له عێراق ده‌پارێزن

Arbil

ھەولێر - AA

تەی کردن بە کوچە و کۆڵانە تەنگەکانی شارەدێی ئەلقوش (٤٥ کیلۆمەتر لەباکووری مووسڵ) کە کۆنترین مەزارگە و پەرستگا‌ ئاینییەکانی جوو و کریستییانەکان لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ زەنگی کڵێساکان و بۆن و بەرامی شوێنەوارە دێرییەنەکانی، بەرەو گوزەری مێژوویەکی ھەزاران ساڵە کێشت دەکات. لێرەدا لە پاڵ کڵێسا مێژووییەکانی (مارمیخا نۆھەدری) و دێری (روبان ھرمز) و (مارگۆرگیس)، مەزارگەی پێغەمبەرێکی جوو ھەڵکەوتووە کە پێشبینییەکانی بەشێکی گرنگی کتێبی پیرۆزی جوەکان پێکدەھێنێت.

لە قەدپاڵی شاخەکەدا پیاوێکی باریکەلەی باڵا مام ناوەندی گەنم رەنگ ھەیە، بە دیمەن و مامەڵەکردنی سادە و کەم دوو، بەڵام قسە خۆش، نزیک بە ٧٠ ساڵ دەبێت خۆی و خانەوادەکەی خۆبەخشانە دەستییان بەکلیلێکی پێکەوەژیانی ناوچەکەیانەوە گرتووە و گۆڕی (ناحوم)، کۆنترین پێغەمبەری جووەکان دەپارێزن کە تەمەنی بۆ ٢٧٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. 

نەسیر سامی جەعۆ حەنا، لە ساڵی ١٩٦٤ لە گەڕەکی ئۆدۆ"قاشای ئێستا"ی ناحیەکە لەنێوان کڵێسا و کەنیشتەیا چاوەکانی ھەڵھێناوە. ماڵەکەی لە دوری تەنیا ٢٥ مەتر لە گۆڕی پێغەمبەر (ناحوم) ھەڵکەوتووە، ئەو ئەگەرچی کریستیانە، بەڵام ئەگەر رۆژانە دوو تا سێ جار سەرێک بە مەزارگەی (ناحوم)‌دا نەکات دڵی ئاو ناخواتەوە، ھەندێجاریش"جێسیکا"ی کچە حەوت ساڵانەکەی کە پشکوتنی زمانی دواکەوتووە، ھاوەڵی دەبێت و بەیەکەوە لە پاڵ گۆڕەکەوە نزا بۆ جێسیکا و خانەوادەکەی و مرۆڤایەتیش دەکەن، داواشی لەخوا ئەوەیە ئەلقوش بپارێزێت. 

ئەو پێغەمبەرەی (نەسیر) کاری خزمەتکردنی مەزارەکەی لەئەستۆ گرتوە، لە ١٢ پێغەمبەرە بچووکەکەی جووە کە کورتیی ماوەی پێغەمبەرایەتییان ئەم نازناوەی پێ بڕیون. لەسەدەی حەوتەمی پێش زایین ژیاوە، سفر یان دەروازەی ناحوم، سفرێکی کتێبی پەیمانی کۆنی جوەکان پێکدەھێنێت و سێ بەش لەخۆدەگرێت کە بە وەحی بۆ سەر نەینەوا دادەنرێت.

بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان ناحومی ئەلقوشی لەساڵی ٦١٢ی پێش زایین پێشبینی کەوتنی نەینەوا پایتەختی ئیمپراتۆرییەتی ئاشوورییەکانی کردووە لە پای خوێن رشتن و پەراوێزخستنی فەرمان و ھۆشدارییەکانی خوا، بەدیھاتنی ئەم کەوتنە و لەناوچوونی ئیمپراتۆرییەتەکە، ناوی ئەمی بەزیندوویی ھێشتووەتەوە.

د.غەزوان یوسف بەحۆ، راگری کۆلێژی بابل بۆ فەلسەفە و لاھوت و (خۆری کڵێسای ئەلقوش)، دەڵێت: "یەکێکە لە پێغەمبەرەکانی پەیمانی کۆن لە کتێبی پیرۆزە کە ھەریەک لە جوو و کریستیان دانی پێدادەنێین و لە قورئانی پیرۆزی موسوڵمانەکانیش دانی پێدانراوە، ناحوم کە بە واتای (خودا ھێزمە) دێت، ئەلقوشییەکان مەزارگەکەی بە بەشێکی دانەبڕاو لە مێژووی خۆیان دەبینن کە بۆ زیاتر لە ٢٧٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە".

مەزارگەی ناحوم کە شوێنی پەرستشی جوەکان "کەنیشتە" بووە و دروستکردنی بەو شێوەیەی ئێستای بۆ ساڵی ١٧٩٦ی زایین دەگەڕێتەوە، رووبەرەکەی ١٠٠٠ مەتر دوو جایە، شورایەکی سێ مەتریی بەرزی لە بەردی کۆن بونیادنراوی ھەیە، مەزارگەکە ١٧ گومەزی ھەیە و ١١ پایە رایگرتوون، پێنج نەخشی لەسەر بەرد ھەڵکۆڵدراویش بە زمانی عیبری کۆن بە دیوارەکانی مەزارگەکەوەن، ھەروەھا دوو دەرگا و دوو تاقییش بۆ ھەڵگرتنی کەلوپەلەکان لەخۆدەگرێت، گۆڕەپانی مەزارگەکە دوو تارمە و پێنج ژووری تێدایە بەشێکییان رووخاون، یەکێکیان گۆڕی سارەی خوشکی ناحومی تێدایە.

پاش کۆچی جوەکانی عێراق بۆ ئیسرائیل لەدوای پەنجاکانی سەدەی رابردوەوە، کلیلی ئەم مەزارگەیە کەوتوەتە دەست خێزانەکەی (نەسیر) و ئەوانیش نەوە دوای نەوە خزمەتی دەکەن.

نەسیر، کە دەست و پەنجەکانی لەگەڵ چاوەکانی بەردەوام لە جوڵەدان لەو کاتەی قسەی بۆ دەکردی، ئاماژەی بەوەکرد لەساڵی ١٩٨٦ ەوە بەتەنھا ئەو و خانەوادەکەی ئەو خزمەتە بە مەزارگەکە دەگەیەنن و تەواو وابەستەی مەزارەکەیە.

شارەدێی ئەلقوش سەر بە قەزای تلکێفە لە پارێزگای نەینەوا، لەدامێنی چیای ئەلقوش ھەڵکەوتووە، ئەگەرچی یەکێکە لە دەڤەرە ناکۆکی لەسەرەکانی نێوان حکوومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان‌، بەڵام نمونەیەکە لە پێکەوەژیانی ئاشتیانەی پێکھاتە و ئاین و ئاینزا جیاوازەکان.

د.غەزوان یوسف، لە قسەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە دەکرد مەزارگەی ناحومی پێغەمبەر تاکە مەزارگەیە لە عێراق کە رووبەرووی وێرانکردنی بە ئەنقەست نەبووەتەوە "جووەکان بۆ ماوەی چەندین سەدە لە ئەلقوش ژیاون ھەر لە سەردەمی کۆنەوە تاوەکو چلەکانی سەدەی رابردوو و ھیچ کێشەیەک لەو ناوچەیە لەنێوان کریستییان و جووەکاندا رووینەداوە، ئێستاش چیرۆکەکانی پێکەوەژیانی ئەو دوو پێکھاتەیە لەسەر زاری بەتەمەنەکان وەکو یادگاریی خۆش دەگێڕدرێتەوە".

مەزارگە و گۆڕی ناحوم، تاکە شوێنەواری بەجێماوی جوەکان نیە لە کوردستان و عێراق، بەڵکو بەوتەی نوێنەری جووەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گۆڕی چەند "پێغەمبەرێکی" دیکەی جووەکان ھەن.

(شێرکۆ عوسمان) وتیشی: چەندین شوێنی پیرۆز و شوێنەواری جووەکان لە زۆر شوێنی عێراق دا بونیان ھەبوە، ھەیانە پارێزراون و لەچەندین ناوچەیەکیش تێکدراون.

گۆڕی پێغەمبەر ناحوم، ئەگەرچی دەستی وێرانکاریی بەر نەکەوتوە، بەڵام یەکێکە لەو شوێنانەی کە وەزارەتی ئەوقافی ھەرێم چاوی لەوەیە گرنگیی زیاتری پێبدات، ئێستا رێکخراوی ARCH) Alliance For The Restoration Of Cultural Heritage) کە رێکخراوێکی ئەمریکیی قازانج نەویستە و بایەخ بە پاراستنی کەلەپووری کلتووری دەدات، ئەرکی پاراستن و نۆژەنکردنەوەی مەزارگەکەی گرتووەتە ئەستۆ و دەستی بەکارەکانی کردووە.

بەڕێوەبەری گشتی پێکەوەژیانی ئاینەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەمیر عوسمان دەڵێت"لە لای ئێمە ٤٠٠ شوێنەواری ئاینی تۆمارکراون کە بەیەک دووری لەھەموو ئاینەکانەوە دەوەستیین، گۆڕی پێغەمبەر ناحوم یەکێکە لەو شوێنەوارە گرنگانەی چاومان لەسەرییەتی بۆ ئەوەی بتوانیین وەکو ھێمایەک بۆ ئازادی ئاینی و بۆ گەشتیاریی ئاینییش بایەخی زیاتری پێ بدەین".

کاتێک لە دەوری مەزارگەکە بووین چەند رێبوارێکمان بینی بەدەم رۆیشتنەوە دەستییان لەمەزارگەکە دەدا و ماچییان دەکرد، ئەمەش بەوتەی (نەسیر)، نەریتێکی رێبوارانی رێگەکانی نزیک لە مەزارگەکەیە و پیرۆزیی مەزارگەکە لەلای ئەلقوشییەکان نیشان دەدات.

لە ماڵەکەی نەسیر وێنەی حەزرەتی مەسیح و خاچیش بەدیوارەوە ھەڵواسراون، لەگەڵ ئەوەشدا خۆشەویستیی بۆ ناحوم و مرۆڤایەتی فێری ئەوەی کردووە تەمەنی خۆی و خانەوادەکەی ببەخشن بەمەزارگەکە.

نوێنەری جووەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: "نەسیر نموونەیەکی زۆر جوانی رێزگرتنە لە کلتوور و ئاینی بەرامبەر، ئومێد دەکەین ھەموومان چاو لە خزمەتەکانی ئەو بکەین".

بەڕێوەبەری شارەدێی ئەلقوش کە ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی شەش ھەزار کەس دەبێت و ٣٨ گوندی ھەیە، لارا یوسف زارا، دەڵێت: "دانیشتوانەکەمان لە چوار پێکھاتە پێکدێن ئەوانیش: ئێزیدی کە نزیکەی ٨٠ لەسەد دەبن، کریستییان کە رێژەی ١٠ لەسەدی پێکدەھێنن، لەگەڵ ٧ لەسەد عەرەبن و رێژەی ٢ بۆ ٣ لەسەدیشیان کوردن، ھیچ جویەکیش لە ناحیەکەدا نییە"، کەچی مەزاری یەکێک لە پێغەمبەرەکانیان بە ھەوڵی نەسیر و خێزان و دانیشتوانی ناحیەکە، ھێشتا بەپێوە وەستاوە.

(نەسیر) کە دەستێکی لەسەر کێلی گۆڕی پێغەمبەر ناحوم دانابوو، دەیەوێت ئەو رێز و خۆشەویستیەکەی لەخێزانەکەیان دا ھەیە بەرامبەر بە مەزارەکە، پشت بە پشت بگوێزرێتەوە. وتی: "مناڵەکانیشم راسپاردووە دوای من ئاگایان لە گۆڕەکە بێت".

* ئەم راپۆرتە یەکێکە لە بەرھەمەکانی پرۆژەی "تصالح" کە لەلایەن ھەردو رێکخراوی (CFI) و (MICT) لە رێگەی (ئەکادیمیای راگەیاندنی ئەڵمانی لە عێراق) بۆ رۆژنامەنوسانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٨ ئەنجامیان داوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın