Hemin Othman Mohammed
14 شوبات 2025•نوێکردنەوە: 17 شوبات 2025
سلێمانی – AA
شەوی بەرات، ئەو شەوەی منداڵان هاوشێوەی جەژنەکان بە دڵخۆش و جۆشوخرۆشەوە دێنە دەرە و ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن و لە دەرگا دەدەن بۆ وەرگرتنی نوقڵ و شیرینی و دیاری بەرات.
جیاواز لە شارەکانی دیکەی عێراق بەگشتیی و هەرێم بەتایبەتی، شاری سلێمانی هەردەم بەشێوەیەکی گەرمتر یادی بەراتی تێدا کراوەتەوە و، هاووڵاتیان گەرموگوڕتر پێشوازی لێدەکەن.
شەوی بەرات دەکەوێتە نیوەی مانگی شەعبان لە ساڵنامەی كۆچیدا. ئەم یادە بۆتە بۆنەیەكی ئایینی و لە نوێژی خەوتنانەوە دەستپێدەكات هاتە نوێژی بەیانی رۆژی دواتر. لەم شەوەدا منداڵان نیازی کۆکردنەوەی زۆرترین نوقڵ و شیرینی و دیاری کیسە و عەلاگە بە دەستەوە دەگرن و بە ماڵاندا دەگەڕێن.
بەرات لە هەریەكە لە وڵاتانی ئێران، عێراق، میسر و بەحرەین یاد دەكرێتەوە، بەڵام لە هەرێم گەرموگوڕتر یادی دەکرێتەوە و، تیایدا گەورەکان بە قورئان خوێندن و نزاکردن، منداڵانیش بە دڵخۆشی و گەڕان بە ماڵاندا یادی دەکەنەوە.
بەراورد بە شارەکانی دیکەی هەرێم، شەوی بەرات لە شاری سلێمانی زیاتر گرنگی پێدەدرێت و بۆتە بۆنەیەكی دیاری شارەكە، ئەمەیش لە هۆنراوە و بەستە و گۆرانی شاعیران و هونەرمەندانی شارەکەدا ڕەنگی داوەتەوە.
نزیکەی هەفتەیەک پێش شەوی بەرات، بازاڕ و هاووڵاتیان خۆیان بۆ پێشوازی ئەو یادە ئامادە دەکەن، دووکانداران شیرینى و نوقڵ و دیاری دەرازێننەوە و نمایشی دەکەن بۆ فرۆشتن، هاووڵاتیانیش بە حەزی خۆیان جۆرەکانی شیرینی و نوقڵ و دیاری دەکڕن بۆ پێشوازی لە منداڵانی شار.
لە هەندێک لە گەڕەکەكانى شاری سلێمانی هاووڵاتیان بە گەورە و بچووک و بە گۆرانی فۆلکۆر و لێدانی دەف یادی بەراتیان کردەوە و، بە پێشکەش کردنی جۆرەها شیرینی و دیاری جۆراوجۆر پێشوازیان لە منداڵان کرد.
دڵخۆشی منداڵان لە شەوی بەراتدا بە ڕووخساریان دیارە، کە کاتێک لە دەرگای هەر ماڵێک دەدەن بە دەنگی بەرز هەموو بەیەوەکەوە دەڵێن "بەراتی کە شەو تاریکە"، هاووڵاتیانیش پێش وەختە بە کڕینی شیرینی و نوقڵ و هەندێکیشیان دیاری خۆیان بۆ پێشوازی منداڵان ئامادە دەکەن.
کلتوور و نەریتی کوردەواری پڕیەتی لە بۆنە و چالاکی ڕەنگین و جۆراوجۆر بۆ پێشوازی لە جەژن و یاد و بۆنەکان، کە هاوشێوەی جەژنە ئایینی و نەتەوەییەکان یادیان دەکرێتەوە و، تیایاندا دیاردەی گەڕانی منداڵان بە ماڵاندا یەکێکە لە دیاردە جوانەکانی کوردەواری.
منداڵان کە خۆیان بێگەرد و مایەی دڵخۆشین، بە گەڕانیان بە ماڵاندا دڵخۆشی و شادی بڵاودەکەنەوە؛ هەر وەک چۆن کاتێک بێ بارانی بێت وەک نەریتێک منداڵان (بووکـە بە بارانـە) ساز دەکەن و، کۆڵان بە کۆڵان و ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن ئاواتی بارینی باران دەخوازن، هاووڵاتیان لەو دۆخە دڵتەنگیەی بەهۆی ترس لە وشکەساڵی توشیان بووە، دڵخۆش دەکەن.