Heman Hussein Yaseen
13 شوبات 2025•نوێکردنەوە: 17 ئادار 2025
ههولێر - AA
وەک پەرەپێدانێک بە کەرتی گەشتیاری لە وەرزی زستان، کۆمپانیای "VIKurdistan" فێستیڤاڵێکی ناو بەفری بۆ ژمارەیەک یاریزانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ئەنجام دا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری چۆمان، کۆمپانیای "VIKurdistan" ھەڵسا بە ئەنجامدانی فێستیڤاڵی ناوبەفر کە تێیدا ١٥٠ یاریزانی ناوخۆیی و بیانی بەشداربوون و چالاکییەکە ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت.
ئەمە حەوتەمین فێستیڤاڵی ناوبەفرە ئەنجام دەدرێت و ئامانج لێی ڕاکێشانی گەشتیاری زستانەیە بۆ ناوچەی باڵەکایەتی و بۆ ئەم مەبەستەش چالاکییەکە لە گوندی وێزەی سنووری قەزای چۆمان دەستی پێکرد و سبەی ھەینیش بەردەوام دەبێت.
بەشێکی زۆری فێستیڤاڵەکە تەرخانکرابوو بۆ یاری خلیسکانێی سەر بەفر و ژمارەیەکی زۆریش لە ھاووڵاتییانی ناوخۆ و بیانی ئامادەی یەکەم ڕۆژی فێستیڤاڵەکە بوون.
بڕیارە سبەی ھەینی دووەم ڕۆژی فێستیڤاڵەکە بەڕێوەبچێت و یاریزانان چەند بڕگەیەکی دیکەی فێستڤاڵەکە ئەنجام دەدەن.