سياسەت

"پێ ناچێت ھێرشەکانی رووسیا لە سووریا ھاوکێشەی داعش بگۆڕێـت"

سەرۆکی ئینستیتیۆتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری) دەڵێت: "هەتا ئێستا کورد زۆر زیرەکانە کاری کردووە یاری کورد ئاشکرایە و شەڕی داعش مەترسییە بۆ سەر ھەموو جیھان و

Hamit Hüseyin  | 05.10.2015 - نوێکردنەوە : 06.10.2015
"پێ ناچێت ھێرشەکانی رووسیا لە سووریا ھاوکێشەی داعش بگۆڕێـت"

ھەولێر

سەرۆکی ئینستیتیوتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری) دکتۆر دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەدین لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە ھاوپەیمانێتی چوار قۆڵی رووسیا، ئیران، عێراق و سووریا کرد و گوتی: "ئەو ھاوپەیمانییە پێشتریش ھەر ھەبووە بەڵام لە ئاستی جیاوازدا بووە و ئەوان پشتگیری یەکتریان کردووە و لە رووی ئەمنی و سیاسی ئەم ھاپەیمانییە ھەر ھەبووە و لە ئێستادا بەڕوونی دیار کەوت و کرداری سەربازیی بەدوای خۆیدا ھێنا و ھێڵی دمشق، تاران، موسکۆ و بەغدا زیاتر بەھێز بوو و وای لێھات کە ھاوپەیمانی بەشێوەی نوێ بێت و کاریگەرییەکەی لە سەر رەوتی سووریا زیاتر دەبێت".

ناوبراو لەبارەی ئەوەی خەڵکی مەدەنی بوون بە قوربانی ئامانجی  ھێرشەکانی رووسیا لە درێژەدا گوتی: "یەکەم جارە رووسیا ئاشکرا و بەو قەوارەیە بە راوێژکارەکانی سەربازیی ھاتووەتە نێو شەڕەکە و بۆمبارانی ئوپۆزسیۆنی رژێمی ئەسەد دەکات و ئەوەش وای کردووە کە ئەو کێشە ئاڵۆزەی سووریا، ئاڵۆزتر بکات و دەرچوون لەو قەیرانە زەحمەتر دەبێت. بەپێی ئەو ھێرشانەی لە چەند رۆژی رابردوودا رووسیا کردوویەتی بۆ سەر ھەندێ ناوچە، دیارە ئەوان زیاتر ئوپۆزسیونی سووریایان کردووەتە ئامانج نەک تەرکیزیان لە سەر داعش بێت و بۆیە ئەگەر ھاوکێشەکان بگۆڕینەوە ئەوە ھاوکێشەی نێوان رژیمی سووریا و ئوپۆزسیۆن دەگۆڕێت و داعش زەرەرمەند نەبووە و پێناچێ رەوتی ھێرشەکانی رووسیا بەو ئاستە و بەتایبەتی ھاوکێشەکە لەگەڵ داعش بگۆڕێت".

دلاوەر سەبارەت بە زیانەکانی ئەو ھاوپەیمانێتییە بۆ کورد گوتی: "ئەو ئاڵۆزییەی لە سووریا ھەیە هەتا ئێستا کاریگەری بەسەر کورد دیار نەکەوتووە و ھەموو ئاڵۆزییەکی نوێ ناکرێ بە بەرژەوەندی کورد بێت و لە ھەمان کاتدا بەلێکتێنەگەیشتنی نێوان زلھێزەکان و ھێزەکانی ناوچەیی ئێمە زەرەرمەند دەبین چونکە ئەوەی لە بەرژەوەندی کورد دەبێت ئەوەیە کە ھەموو لایەکی بەرەکانی شەڕی دژی داعش بەرنامەی بۆ ھەبێت بۆ رزگاری سووریا بەڵام کە ئاڵۆزی نێوان زلھێزەکان دروست دەبێت ئاڵۆزی لە بەرنامەی ھاوپەیمانێتی و پشتگیری کورد دروست دەبێـت. لە ئێستادا دەبێ کورد بزانێت کە رووسیا بۆ ھاتووتە نێو ئەم ھاوپەیمانییە و ستراتیژیەتی ئەو چییە و ئەگەریش ھەیە کە زیاتر پەیامێک بێت بۆ ئەمریکا یاخود رزگارکردنی رژێمێک بێت کە بە بەرژەوەندی ئیران و رووسیا دەبێـت".

لە درێژی قسەکانیدا سەرۆکی ئینستیتیوتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری)، گوتی: "پێویستە ھەرێمی کوردستانیش زۆر بە حەزەرەوە چاودێر بێـت و دەبێ ھەوڵەکانی وا چڕ بکاتەوە کە تەرکیزی ھەموولایەک بۆ شەڕی دژی داعش رابکێشرێت نەک ھاوکێشەکانی سووریا ئاڵۆزتری بکات".

لەبارەی ھێرشەکانی ئەو چەند رۆژەی رووسیاوە زیاتر گوتی: "رووسیا بەبێ بیرکردنەوە لە ھەموو لایەک نادات. بەتایبەتی بەنسبەت یەپەگەش لە ھەمان کاتدا تەرکیزیان زیاتر لە سەر ئەو ناوچانەیە کە بەرەی نوسڕە و ئەوانەی راستەوخۆ مەترسین بۆ سەر رژێمی سووریا و ئەگەر هەتا ئێستا ھێرشیان لەسەر داعش نەبووە دیارە مەترسیان بۆ سەر رژێمی ئەسەد نییە و لە ھەمان کاتدا کوردیش بە مەترسی دانانێن بۆ سەر رژێم و ئەگەریش ھەیە کە چاویان لە پەیوەندییەکی باشتر بێت لەگەڵ کورد و لەوانەیە لە رێی بەغداوە چەک بۆ کوردەکانی باشوور بنێرن. ئەگەر ھەماھەنگیان لەگەڵ پێشمەرگەش نەبێت تەنیا بۆ ئەوەیە کە میحوەرەکانی شەڕیان لە رووی جوگرافیاییەوە یەک نین بەڵام لە رووی سیاسی پێویستیان بەوە ھەیە بەتایبەتی کورد و عێراق کار لەوان تێک نەدات کە لە حکوومەتی عێراق کورد ھابەشن".

سەرۆکی مێری هەروەها گوتی: "هەتا ئێستا کورد زۆر زیرەکانە کاری کردووە و یاری کورد ئاشکرایە و دەڵێت شەڕی داعش مەترسییە بۆ سەر ھەموو جیھان و پێشمەرگە لە جیاتی ھەموو جیھان شەڕ دەکات و ھەرکەس کە خۆی بە دوژمنی تیرۆر و داعش دەزانێ، دەبێ پشتی کورد بگرێـت و ئەوەش ھەر لایەنەک لە ھەر بەرەیەک بێت با کورد سوودمەندی یەکەم بن لەو یارییە ناوچەکە".

دلاوەر عەبدولعەزیز سەبارەت بە نزیکبوونەوەی سەربەخۆی گوتی: "رەوتی رووداوەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست هەتا دێت، نزیکتر دبێتەوە لەوەی کە میللەتانی ژێردەست و زوڵم لێکراو دەبنە خاوەنی چارەنووسیان بەڵام پێویستە کورد لە نێوخۆدا یەکتر ئیستیسمار و پەیوەندنی نێوان دەسەڵات و ھاووڵاتی تێک نەچێت و ھەروەھا پێویست نییە کە تەنیا تەرکیزمان لەسەر ئەوە بێ کە سووریا و عێراق تێک بچێت هەتا ببین بە دەوڵەت بەڵکۆ پێویستە لە ھەناوی خۆماندا پتەو بین. ھەروەھا پارچەکانی دیکەش لە ئاستی لۆکاڵیدا گەشەیان کردووە و پێویستە ھەموو لایەنەکان تەواوکەری یەکتر بن".

لەبارەی رۆڵی تورکیا بۆ سەربەخۆی ئابووری و سیاسی ھەرێمی کوردستان ناوبراو گوتی: "تورکیا دەتوانی رۆڵێکی یەکجار گەورە ببینێت لە ھاندانی سەربەخۆی ئابووری و ھاوکاریکردنی ھەرێم لە کاتی قەیرانەکان و ھەروەھا ئەو گەشەسەندنەی ژێرخانی ئابووری کە لە ھەرێم روو دەدات. تورکیا دەتوانێ مۆدێلێکی جوان پێشکێش بکات و توانیویەتی ئابووری خۆی گەشە پێ بدات و ھەروەھا پێویستە سەربەخۆی ئابووری لە سەربەخۆی سیاسی جیا بکرێتەوە چونکە کاتێک سەربەخۆی ئابووری بە سەربەخۆی دەوڵەت پەیوەند دەدرێت پاشەکشە دروست دەبێت. بۆیە پێویستە بزانین سەربەخۆی ئابووری ھەرێم، مانەوەی ھەرێمە بۆ ئەوەی ھەرێم ببێت بە شەریکێک باش بۆ دراوسێکانی و هەروەها حکوومەتی عێراق".

ھەروەھا باس لە پەیوەندی ھەرێمی کوردستان لە رووی ژیۆپۆلێتیکەوە کرد و گوتی: "پەیوەندی ھەرێم یەک بە یەک لەگەڵ زڵھێزەکان و ھێزەکانی ناوچەیی جیاواز بووە و وەک ئەوەی پەیوەندی تایبەتی لەگەڵ ئێران و تورکیا و سعوودییە ھەریەک بە جۆرێکە و پەیوەندی ھەرێم لەگەڵ ئەمریکاش پەیوەندیەکی زۆر تایبەتیە کە ئەویش بەرە بەرە گەشەی کردووە هەتا گەیشتووەتە ئەو ئاستە لەبارەی پەیوەندی کورد لە گەڵ رووسیا ئەمە زۆر بە ھێواشی بووە و لە ئێستادا گەشەی بەخۆوە دەبینێت و لە ھەمانکاتدا ئێمە نەکەوتووینە دەرگەیەک یان بەرەیەک".

سەبارەت بە گەورە بوونی کێشەی سووریاش گوتی: "یەکەمجار رژێمی سووریا بەبێ باکی لەگەڵ ئوپۆزسیۆن مامەڵەی کرد کە مافێکی بنەڕەتی داوا دەکرد و ھێزەکانی ناوچەکە بوون بە ھۆکارێک بۆ ھاندانی لایەک لە دژی لایەکی دیکە هەتا گەیشتە ئەو ئاستەی کە توندوتیژی کەوتە ناویان و لەو یارییە سعوودیە و تورکیا زۆرتر خۆیان یەکلایی کردەوە و و خەڵک چاوی لەوە بوو کە ئەمریکا رۆڵێکی قیادی ببینێت کە بۆشایی دروست نەبێت بەڵام نەیکرد و چارەنووسی سووریا بۆ یاریکارەکانی ناوچەکە بەجێ ھێشت ئەوانەش ھەموو وای کرد کە قەیرانەکە قووڵ بێت و ھاوکێشەکە وای لێ ھات کە براوەی نەبوو. لە ئێستاداش کە رووسیا ھاتووەتە سەر ھێڵ تەواوکەری ئەو ھاوکێشەیە و ھەروەھا ھەموو زلھێزەکان دەزانن کە گەڕانەوەی سووریا بۆ حاڵی پێشتر ناکرێت و رژێمی ئەسەد ناتوانی ئەو رۆڵە ببینێت کە خەڵک لە باوش بگرێت و لە ھەمانکاتدا کەسیش ناتوانێ ئەوە بکات و ئەگەریش ھەیە ئەو کێشەیە چەند ساڵێکی دیکەش درێژەی ھەبێت".

سەبارەت بە کۆچی خەڵک لە عێراق و سووریا بۆ وڵاتانی دەرەوە ئەو لە درێژەدا گوتی: "ئەگەر سەیری ئەو کۆچە بکەی لەوانەیە بڵێن کە ئەوە بە مەبەستە بەڵام وا نییە بەڵکو ئەمە لە دەرەنجامی سیاسەتی ھەڵەی زلھێزەکان و ھێزەکانی ناوچەیی بوو و ھەروەھا لە ئەنجامی شەڕ و بێ ھیواییە کە خەڵک تووشی بووە و ئەو جۆرە قەرەباڵغییە کە لە ئەنجامی شەڕ دروست بوو خەڵک بەدوای پەناگایەک دەگەڕا کە دبینین لە ئەورووپا دەرگەیەکی بچووکیش دەکرێـتەوە، کۆچ دەکەن".

دلاوەر عەبدولعەزیز لە کۆتاییدا لەسەر پرسی ھاتنی داعش دەڵێت: "داعش لە دەرەنجامی ئەو توندوتیژی و نەھامەتیانەی عێراق و لە ئەنجامی سیاسەتی ھەڵەی عێراق و ناوچەکە، بەرە بەرە درووست بووە و ئەو ھێزە لەناکاو نەھاتووە و لەناکاویش ناڕوات".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın