Rewa Mahmood Hasan
07 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 08 ئادار 2020
سلێمانی - AA
بە ئامانجی پاککردنەوەی ناوبازاڕ و ئەو شوێنانەی گومانی لێ دەکرێت ڤایرۆسەکەی تێدا بڵاو بووەتەوە بەتایبەت لەو ناوچانەی کە حاڵەتی پۆزەتیڤی ئەنجامی پشکنینی تێدا دەرچووە، تیمێکی هاوبەشی بەرگری شارستانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لە سبەینێدا هەڵدەستن بە پاککردنەوە و تەعقیم کردنی ئەو ناوچانە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەییدا کە لە قائیمقامیەتی قەزای سلێمانی بەڕێوەچوو، قائیمقامی سلێمانی ئاوات محەمەد ئاماژەی بەوەدا کە لە ئێستادا تیمەکانیان لە بەرگری شارستانی و تەندروستی لە ئامادەیی تەواو دان بۆ دەست کردن بە پاککردنەوە و تەعقیم کردنی هەندێک لە شەقام و دووکانەکانی ناوبازاڕی سلێمانی بەمەبەستی لەناو بردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە ئەگەری هەیە بڵاو بووبێتەوە، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسهكه تێدا تۆمار کراوە کە هەندێکیان لەناوجەرگەی بازاڕدان.
ئاوات محەمەد هیوای خواست کە لەکاتی پاککردنەوەی ناوبازاڕدا دووکاندارەکانیش ناودووکانەکانی خۆیان پاککردبێتەوە و تەعقیمیان کردبێت، تاکو لەکاتی رشتنی دەرمانی پێویست و تەقعیم کردنی شەقامەکان، لەلایەن تیمەکانەوە، ئەو ناوچانە بە تەواوی پاک کرابێتنەوە.

پێشتریش سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی لەشکر حەمید رەتی کردبوویەوە بەھۆی ھەڵمەتی دەرمان رشتنەوە ناوبازار و دوکانەکانی شاری سلێمانی بۆ ماوەی چەند رۆژێک دابخرێت، بەڵکو تەنیا ئەو شوێنانەی کە دەرمان دەکرێت بۆ ماوەی چەند سەعاتێکی کەم دادەخرێت و دواتر دەکرێنەوە و جموجوڵ تێیاندا ئاسایی دەبێتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدابووکە ھەڵمەتی دەرمان رشتنەکە چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت و زۆربەی بازاڕەکانی سلێمانی دەگرێتەوە و ئامانج لێی پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتیان و رێگریکردنە لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.