Rewa Mahmood Hasan
06 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 07 ئاب 2020
سلێمانی - AA
بەشێكی نوێی تایبەت بە پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی شەهید تاهیر عەلی والی بەگ له سهرچنار، کرایەوە کە تایبەتە بە پشکنینی خێرا بۆ ئەو کەسانەی لەڕێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەچنە دەرەوەی وڵات یان ئەو کەسانەی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگریان پێیە لە خاڵە سنووریەکانەوە دەچنە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و بەپێی رێنماییە تەندروستییەکان دەبێت پشکنینی پێشوەختەیان پێبێت.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی سلێمانی، یاد نەقشبەندی رایگەیاند: "ئێستا بووە بە مەرج هاووڵاتییان کە گەشت دەکەن دەبێت پشکنین بکەن بۆیە لەسەر ئەرکی چەند خێرخوازێک بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئەم بەشە نوێیەمان کردەوە".
یاد نەقشبەندی گوتیشی: "ئەم بەشە نوێیە بۆ ئەو کەسانە دەبێت و لەبەرامبەر پشکنینەکەیان ٦٠ هەزار دیناریان لێ وەردەگیرێت و ئەنجامەکەیان دەدرێتەوە بەپێی ئەو بەروارەی گەشتەکە دەکەن. بۆ ئەو کەسانەش کە شۆفێری بارهەڵگرن یان کرێکارن هەر لێرە پشکنینیان بۆ دەکرێت بەڵام ئهوان ٣٠ هەزار دیناریان لێ وەردەگیرێت".
نەقشبەندی راشیگەیاند: "پلانی ئایندەمان ئەوەیە ئەم شوێنە فراوانتر بکەین تاوەکو هەموو کەس لێرە بتوانێت پشکنین بکات و ئەو قەرەباڵغییەی لەسەر کلینیکی عەلی ناجی هەیە کەمی بکەینەوە و قەرەباڵغییەکە دابەشی سهر دوو شوێن بکەین".
لەلای خۆیەوە سهرۆكی بۆردی رووبهڕووبوونهوهی كۆرۆنا له سلێمانی، هێرش حهیدهر رایگەیاند: "لێرە پشکنینی PCR دەکرێت و لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا پشکنینی ئیلایزە واتە پێوانەی بەرگریی کەسەکە دەکرێت جگە لە چەند پشکنینێکی هەنووکەیی دیکە کە پزیشک دیاری دەکات لێرە دەکرێت".
هێرش حهیدهر راشیگەیاند: "وامان داناوە ئاستی رێژەی پشکنینەکان بەرزبکەینەوە بۆ لەمەودوا تاوەکو دوو تا سێ هێندەی جاران پشکنین لێرەوە بکەین".