Azad Muhamed
23 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 24 نیسان 2016
دوای ئەوەی ئەمڕۆ ٢٢ نیسانی ٢٠١٦ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان فەرمانیدا ھەموو نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی ھەرێمی کوردستان لە حالەتی ئامادە باشیدابن بۆ وەرگرتنی بریندارانی کوردی قامشلۆ، ئەمڕۆ یەکەم برینداری ڕووبەڕوو بوونەوەکانی نێوان یەپەگە و ڕژێمی ئەسەد گەیەنرایە باشووری کوردستان و ئێستا لە نەخۆشخانەی گشتی زاخۆ چارەسەری پزیشکی بۆ دەکرێت.
لەوبارەیەوە جێگری نەخۆشخانەی گشتی قەزای زاخۆ خەڵات مستەفا بە ئاژانسی ئانادۆڵو گوتى: " ئەمڕۆ ژنە بریندارێک گەیەنرایە نەخۆشخانەی گشتی زاخۆ، بریندارەکە گولـلەیەکی بەرکەوتووە و چەرەسەری سەرەتاییمان بۆی ئەنجامداوە دوای دەرچوونی ئەنجامی پشکنینی خوێن، نەشتەرگەی بۆ ئەنجامدەدەین تاوەکو ئەو گولـلەیەی لە نێو سکیەتی دەربھێنین".
جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی زاخۆ ئاشکراشی کرد : " باری تەندروستی بریندارەکە جێگیرە پزیشکانمان لە ئێشکگریدان تاکو ئەو ئافرەتە بریندارە بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە و بە تەندروستییەکی باشەوە لە نەخۆشخانە دەربچێت ".
خەڵات مستەفا گوتیشی : " نەخۆشخانەکانمان لە ئامادەباشی تەواو دان بۆ چارەسەرکردنی برینداری زیاتر، ھەرچەند تا ئێستا تەنھا یەک بریندار گەیشتووەتە نەخۆشخانەکانمان، بەڵام لە حالەتی نەخوازراو ھەموو ئامادەکارییەکمان کردووە بۆ خزمەتی بریندارانی شەڕەکە".
لە درێژەی لێدوانەکانی زیاتر گوتیشی : " ئەو بریندارە لە گومرکی سێماڵکا لە ڕێگەی ئۆتۆمبێڵی فریاگوزاری نەخۆشخانەی زاخۆ گەیەنرایە نەخۆشخانە و ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتنمان لە پێشوازی و ئامادە باشیدان بۆ وەرگرتنی برینداری زیاتر ئەگەر بۆ ئەو قەزایە ڕەوانە بکرێت.
ماوەی سێ ڕۆژە شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپای ڕژێمی بەشار ئەسەد و یەپەگە بەردەوامی ھەیە بەم ھۆیەش لە نێوان ھەردوولا کوژراو و بریندار و دیل ھەیە، یەکێک لە بریندارەکانیش ئێستا لە نەخۆشخانەی زاخۆیە بە ناوی " ڕەبیعە ڕەمەزان محەمەد " و لە دایک بووی ساڵی ١٩٦٧ە ، لەلایەن سوپای ڕژێمی ئەسەدەوە بریندار بووە.